رۆژنامەی ھەولێر

عێراق لە دە مانگدا سەرووی یەک ملیار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کۆمپانیای سۆمۆی تایبەت بە بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق کۆی قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق لە ماوەی دە مانگی ڕاگەیاند هاوکات ئاماژە بە کۆی قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی یەک مانگدا کردووە و لە ئامارەکە دەردەکەوێت عێراق لەو حەوت ملیار و سی ملیۆن دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەم دەستی کەوتووە لانی کەم چوارسەد ملیۆن دۆلاری پێوەندی بە فرۆشتنی نەوتی کوردستان هەبووە.

کۆمپانیاکە ڕوونی کردووەتەوە کۆی ئەو نەوتەی عێراق لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی کردووە بریتی بووە لە یەک ملیار و بیست و نۆ ملیۆن و دووسەد و سێزدە هەزار و چوارسەد و پەنجا و چوار بەرمیل. بەو پێیە مانگانە عێراق سەد و دوو ملیۆن و نۆسەد و بیست و یەک هەزار و سێسەد و چل و پێنج بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی دەگاتە سێ ملیۆن و چوارسەد و سی هەزار بەرمیل.
بەپێی ئامارەکە کۆی ئەو نەوتەی عێراق لە کێڵگەکانی نەوتی بەسڕا و ناوەندەوە هەناردەی کردووە بریتی بووە لە یەک ملیار و پێنج ملیۆن و سێسەد و هەشتا هەزار بەرمیل. هاوکات لە کەرکووکەوە سێ ملیۆن و سەد و سی و هەشت هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی ئوردن کردووە. کۆمپانیای سۆمۆ کۆی ئەو داهاتەیشی ئاشکرا کردووە کە لە فرۆشتنی نەوت دەستی کەوتووە و بە پێی ڕاپۆرتەکەی سۆمۆ پەنجا و پێنج ملیار و هەشتسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە.
ئەوەی ئەم ڕاپۆرتەی سۆمۆ لە ئەوانی پێشتری جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئەم جارە ئاماژە بە هەناردەی نەوتی کوردستانیش کراوە و بەهۆی ئەوەی کە داهات و هەناردەکە هی دە مانگە، قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی کوردستان لە ماوەی ٢٧ی ئەیلوولەوە تا کۆتایی تشرینی یەکەم باس کراوە کە دەکاتە مانگێک و سێ ڕۆژ.
وەک ئاشکرایە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە دوای دوو ساڵ و نیو لە وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەست بە هەناردەکردنەکەی بۆ بەندەری جەیهان کرایەوە کە وەک دەستپێک ڕۆژانە سەد و نەوەد هەزار بەرمیل بووە و وا باس دەکرێ کە ئێستا بۆ سەرووی دووسەد هەزار بەرمیل بەرز کراوەتەوە. قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا پێنج ملیۆن و هەشتسەد و سی و چوار هەزار بەرمیل بووە.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمپانیاکە کۆی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ڕاگەیاندبوو کە هی هەرێمیشی تێدابوو و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە سەد و دە ملیۆن و نۆسەد و بیست و سێ هەزار بەرمیل هەناردە کرابوو کە پێنج ملیۆن و هەشتسەد و سی و چوار هەزاری هی کوردستان بوو و لە ڕاپۆرتە نوێیەکەشدا هەر ئاماژە بەو ژمارەیە کراوە کە لە ڕاستیدا هی سی و سێ ڕۆژە. داهاتی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە حەوت ملیار و سی ملیۆن و شەشسەد و هەشتا و نۆ هەزار دۆلار ڕاگەیەنرابوو.
بەپێی ئەو داتایانەی خراونەتە ڕوو عێراق تەنیا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی چوارسەد ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە و ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە دەست بە هەناردە کردنی بکرابایەوە ئەوا هەموو مانگێک لانی کەم چوار سەد ملیۆن دۆلاری دەخستە سەر داهاتی عێراق کە بۆ دە مانگ دەیکردە چوار ملیار دۆلار.