رۆژنامەی ھەولێر

بلیمەتــــی كورتـــەچیرۆك

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(فنجانێك چا)، کۆمەڵە كورتەچیرۆکێکە لە نووسینی (کاترین مانسفێڵد ـ Katherine Mansfield)ی بەریتانی کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ ئەم ژانرە ئەدەبییە تەرخان کرد؛ ژیانێکی ئازاراوی و قوورس کە بە نووسین واتای پێ بەخشی. نووسینێك كە تایبەت و بێ‌هاوتا جێگەیەکی جیاوازتری لە نووسەرانی سەردەمی خۆی پێدەبەخشی. کورتەچیرۆکەكانی مانسفێڵد لە دیمەنی كورت كورتی ژیانێکی ئاسایی دەچن كە هەرڕۆژەیی و ئیحساساتێكن چركەیەك هێرش دەکەنە سەر دڵ و بۆ چركەی دواتر لەبیر دەكرێن. ئیحساساتێك کە بەردەوام یەغسیری دەسەڵات و ژیریی ژیانە. ئەو ئیحساساتانە هەن، بەڵام دەرناکەون. مانسفێڵد، ئەم هەست و ئیحساسە كپە دەمدەمیانەی دڵی ژیان دەردێنێت و وەک دڵۆپە ڕەنگێك دەیپژێنێتە سەر کاغەز. هەر چیرۆکەی ڕەنگی جیاوازە؛ ڕەنگێکی زیندوو، تایبەت و سەرنجڕاکێش.

چیرۆك وەك بەرهەمێكی هونەری:
سەدەی بیستەم، سەدەی ڕۆمان بوو. ڕۆمانێك كە لەگەڵ ڕەوتی كۆمەڵگە، ڕووكارێكی مۆدێڕنی بە خۆیەوە وەردەگرت و لە سەردەمی كلاسیكی ڤیكتۆریایی و ئیدواردی تێدەپەڕی. چیتر “گێڕانەوە”، بەیانێكی ڕاستەوخۆ و ڕوونی نەبوو و بەنێو پێچەڵپێچییەكانی زەینی كەسایەتییەكانی چیرۆكەكە تێدەپەڕی و لە ڕێگەی هەست و ئیحساسات و بیرۆكە و پەیوەندییەكانی ئەو كەسایەتییانەوە دەردەكەوت. هەرچەندە ڕۆمان بە دیدگا و ستایلێكی نوێ دەركەوتبوو، بەڵام هێشتا پشتئەستوور بوو بە بنەمای كۆنتێنت و نێوەڕۆكێكی ڕوون؛ ژێرخانێك كە بنەمای چیرۆكەكەی فۆرموولە دەكرد و جیانەكراوە بوو.
كاترین مانسفێڵد بە گۆڕینی ئەم شێواز و ستایلە لە كارەكانیدا، گۆڕانكارییەكی فراوانی لە ئەدەبیات دروست كرد. ئەو نەك هەر لە جیاتی ڕۆمان كورتەچیرۆكی هەڵبژارد، بەڵكو كۆنتێنتی لە نێو چیرۆكەكانیشی لابرد. “ئەو، شێوازی نوێی لە چیرۆكەكانی بەكاردەهێنا: دەستپێكی بێ پێشەكی و لەناكاوی چیرۆكەكە و كۆتاییەكەی كراوە بێ ئەوەی دەرەنجامێك لە چیرۆكەكە خرابێتە ڕوو؛ كەمكردنەوەی بەهای گەڵاڵەی چیرۆك (plot) و سەرنجخستنە سەر وردەكارییەكان؛ جەختكردنەوە لەسەر دنیای ناوەوەی كەسایەتییەكان لە جیاتی ڕووداوە دەرەكییەكان و تێكەڵكردنی كەش و هەوای چیرۆكەكە بە هەست و ئیحساساتەكان، بەجۆرێك كە دوای خوێندنەوەی چیرۆكەكە دۆخە ئیحساسییەكەی زیاتر لە هەر شتێكی دیكە مێشكی خوێنەری بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكرد و لای دەمایەوە.”
مانسفێڵد وەها بێ‌سنوور خەریكی وردەكارییەكان دەبوو كە وەك ئەوەی چیرۆكێك لە فۆڕمی زمانییەوە دەردەكێشێت و دەیكاتە بەرهەمێكی هونەریی وێنایی. بەرهەمێكی وەك تابلۆكانی ڤان‌گۆگ كە هەمیشە ئیلهامبەخشی بوون لە نووسیندا. تابلۆكان، هەستیی ئازادییان تێدا دروست دەكرد و ئەویش دەیویست هەر ئەم هەستە بە نووسین دووبارە بخوڵقێنێتەوە و ئاوا بوو كە خۆی لە هەموو كۆت و بەند و بەستێنەكانی نووسین ڕزگار كرد. ئەو هەرچی زیاتر لە ستایل و شێوازی كلاسیك دوور دەكەوتەوە، هێندە زیاتر پێی دەخستە نێو ڕێگەیەكی نوێی نووسین.
بۆ نووسین، ئیلهامی لە جۆرەها ژانری ئەدەبی و هونەری وەردەگرت: شیعر، مۆسیقا، نیگاركێشان و تەنانەت وردەكارییەكانی باڵەخانەیەكی كۆن و مێژوویی. هەمووی پێكەوە تێكەڵ دەكرد و دەیكردنە كورتەچیرۆك. وشەكانی وەك نۆتەكانی مۆسیقا لە تەنیشتی یەكتریەوە ڕیز دەكرد و بە لێزانییەوە ئاوازی هەر ڕستەی لەگەڵ ڕستەی پێشوو هەڵدەبژارد. هەر پەڕەگرافەی، بەرزبوونەوە و خاوبوونەوەی خۆی و ئاوازی تایبەت بە خۆی هەبوو. هەر وشەیەكی، شوێنگەیەكی دیاریكراو و جێگیری هەبوو. مانسفێڵد، هەر یەكەی وەها بە وریایی و هەستیارییەوە هەڵدەبژارد كە بە لابردنی یەكێكیان، تەواوی پێكهاتە و باڵەخانەی چیرۆكەكە دادەڕما.
مانسفێڵد پێی وابوو شڕۆڤەی ئاڵۆز، دیالۆگی درێژ، پێشەكی و ئەنجامگیرییە ناپێویستەكان، شوێنیان لە نێو كورتەچیرۆكدا نابێتەوە. ڕاستەوخۆ و یەكسەر دڵی چیرۆكەكەی دەكردە ئامانج و ئەو هەستە كپكراو و نائومێدییە شاراوە و سەرما دەروونییەی كە لە گۆشەگیری و تەنیاییەوە دروست دەبوو، ئاشكرا دەكرد. ئیحساساتێك كە خۆی لە تەواوی ژیانیدا، وەك بارێك بە كۆڵیەوە هەڵیگرتبوو و هەوڵیدەدا بە نووسین كەمێك لە كێش و قورساییەكەی كەم بكاتەوە.

سەرەتای ژیان و نووسین:
ستایلی تایبەتی مانسفێڵد لە چیرۆكنووسیدا، ڕەگی لە ژیانە تایبەتەكەی داكوتابوو. وەك ئەوەی كەسایەتییەكەی خۆی خزاندووەتە نێو چیرۆكەكانی و لە هەریەكەیاندا ڕووكارێكی جیاوازی لێ دەدرەوشێتەوە، درەوشانەوەیەك كە جاری وا زۆر ڕوون و جاری واش بێ ڕەنگ و كاڵ.
“كاتێك چیرۆكەكانی كاترین مانسفێڵد وەك خۆیان دەخوێنینەوە، تێدەگەین ئەو ژنە چەندە سوودێكی بێگەرد و درەوشاوەوەی لە خۆی كردووە. بێ‌ ڕەگ و ڕیشە، تەنیا، زاهید، تاڵ، شەیدا و دوڵبەرێكی بێ‌سنوور؟ مانسفێڵد چیرۆكگەلێكی نووسیوە كە وەك شووشە ڕوونن. خۆی لە گۆشەگیریدا دەژیا، بۆیەشە بە دوای وەسفی بیركردنەوە و ئیحساساتی مرۆڤە تەنیاكانەوە بوو.”
كاترین مانسفێڵد، لە پاییزی ساڵی 1888دا لە وڵاتی نیوزیلەندا لەدایك بووە. باوباپیرانی، زۆربەی خەڵكی بەریتانیا و هەندێكیشیان بە ڕەچەڵەك فەڕەنسی بوون، بەڵام دایك و باوكی لە ئوسترالیا لەدایك ببوون و لە منداڵیدا هاتبوونە نیوزیلەندا. مانسفێڵد، منداڵی ناونجی خێزانەكەی بوو. لەگەڵ بوونی چوار خوشك و براش، كەچی زۆربەی كاتی منداڵی لە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی بەسەر برد. حەز و خولیای بۆ نووسین، هەر لەو سەردەمی تەنیایی و گۆشەگیریەدا تێدا دروست بوو و گەشەی كرد و بووە هۆی ئەوەی لە تەمەنی نۆ ساڵی، یەكەم خەڵاتی لە قوتابخانە پێ بەخشرا، ئەویش لەبەر هۆنراوەیەك بوو بە ناوی (سەفەر لە دەریادا).
نووسەربوون، بووە تۆخترین بەشی ژیانی كاترین. بەردەوام لە نێو دەفتەری یادەوەرییەكانیدا، باسی ڕۆژ و هەست و ئیحساساتەكانی دەكرد، ڕووداوگەلێك كە دواتر بوونە ئیلهامبەخشی كورتەچیرۆكەكانی و نها بە گرنگترین سەرچاوەی ناسینی ئەو ژنە نووسەرە دادەنرێن. كاترین بە خێرایی لەم ڕێگایەدا هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە و پێش دەكەوت. چیرۆكەكانی لە گۆڤاری قوتابخانەی ئامادەیی كچانی ولینگتۆنی پایتەختی نیوزیلەندا چاپ دەكران و لە تەمەنی دوانزە ساڵی توانی یەكەم چیرۆكی فەرمیی خۆی بە ناوونیشانی (هاوڕێ بچكۆڵانەكەی ئەو) لە گۆڤاری نیوزیلەند ـ گرافیك و ژورناڵی ژنان، چاپ و بڵاو بكاتەوە.
مانسفێڵد پازنزە ساڵان بوو كە بۆ یەكەم جار و لەگەڵ دوو خوشكە گەورەكەی، بۆ خوێندن لە كۆلێژی كوینز چوو بۆ بەریتانیا؛ گەشتێك كە بۆ هەمیشە ژیانی سەرەوبن كرد. ژیان لە ژینگەیەكی قەرەباڵغ و هەیجاناویی لەندەن، ئەزموونێكی جیاواز و تا ئەو دەمە بۆ ئەو نامۆ بوو. بۆیە زیاتر لە ڕابردوو، خۆی بە نووسینەوە سەرقاڵ كرد و ئەم جارە بۆ ڕۆژنامەی كۆلێژی دەنووسی. ڕۆژنامەیەك كە دواتر خۆی بووە سەرنووسەری. لەو ماوەیەدا، ئاشنای بەرهەمی سیمبولیستە فەڕەنسییەكان بوو و حەزێكی زۆری بۆ نووسەری بەنێوبانگی ئیرلەندی واتە (ئۆسكار وایڵد) پەیدا كرد. سەردەمی خوێندن بۆ كاترین تەنیا لە بەریتانیا كورت نابێتەوە، بەڵكو ئەو گەشتی بۆ وڵاتانی دیكەی ئەورووپا كرد و تەنانەت ماوەیەكیش لە ئەڵمانیا و بەلجیكا نیشتەجێ بوو.
دواجار و ماوەیەك دوای تەواوبوونی خوێندنەكەی لە كۆلێژ، گەڕایەوە بۆ نیوزیلەندا و وەك نووسەر دەستی بە كار كرد. بە ستایلی جیاوازەوە دەینووسی و لە دنیای سەرسوڕهێنەری ئەدەبیاتدا خەریكی كونجكۆڵی بوو. كاری بۆ گۆڤارێكی بەنێوبانگ لە مێلبۆڕنی ئوسترالیا دەكرد و بۆ یەكەم جار، نووسینەكانی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بڵاو كردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژیان لە هەمیشە بۆی قورستر دەبوو. دوای چەند ساڵێك ژیان لە لەندەنی قەرەباڵغ و هەراوهۆریا، نیوزیلەندی لەڕادەبەدەر كپ و ماندووكەر و وەستاو پێدەچوو، بۆیە جارێكی تر بڕیاری سەفەری دا. لە تەمەنی نۆزدە ساڵی، بۆ هەمیشە زێدەكەی خۆی جێهێشت و چووە لەندەن؛ شارێك كە تا كاتی مردنی، میوانداری بوو.

چركەساتی حەقیقەت:
لە ماوەی ئەو پانزە ساڵەی كە مانسفێڵد لە لەندەن ژیا، بەر لە هێرشی بێ‌بەزەییانەی مەرگ، ژیان ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی بۆ ئاشكرا كرد؛ ڕووخسارێك كە هاوكات ناشیرین و جوان، بەڵام سەرسوڕهێنەر بوو. گەرما دڵنشینەكەی خۆشەویستی، هەیجانی نووسین، ساردیی ڕۆژانی شەڕی جیهانی یەكەم، تامی تاڵیی لەدەستدان و ئازار و ڕەنجی نەخۆشی، هەریەكیان ئاسەوارێكی قووڵیان لەسەر دڵ و گیانی بەجێهێشت؛ ئاسەوارێك كە لە دەستەكانی ئەودا دەبوونە وشە.
دووەمین چیرۆكی كتێبی كۆمەڵەچیرۆكی (فنجانێك چا) بە ناوی (منداڵێك كە ماندوو بوو)، لەو چیرۆكانەیە كە لە دڵ و چەقی ئازارەكانی كاترینەوە هەڵقووڵاوە؛ چیرۆكێكی تاڵ و تاریك كە دوای كۆتاییە پڕ لە ئازارەكەی سەردەمی دووگیانییەكەی نووسی. لە هەمان ساڵانی سەرەتای سەفەرەكەی، عاشق بوو و لەگەڵ مامۆستایەكی دەنگ و ئاواز زەماوەندی كرد. هاوسەرگیرییەكی لەناكاو كە خێزانەكەی سەرسام و تووڕە كرد و بووە هۆی ئەوەی دایكی، ناوی لە وەسیەتنامەكەی بسڕێتەوە و ئەمەش بووە سەرەتای ڕووداوە ناخۆشەكانی ژیانی.
بەڵام ژیان هەر بە هەمان خێرایی پێشوو بەردەوام بوو و نووسینیش بە هەمان شێوە. یەكەم كۆمەڵە لە چیرۆكەكانی مانسفێڵد، كەمێك دواتر و لە ساڵی 1911دا چاپ كران. كتێبێك كە پێكهاتوو لە دوانزە چیرۆك و پێشتر لە یەكێك لە جەنجاڵیترین بڵاوكراوەكانی لەندەن بە ناوی (سەردەمی نوێ) بڵاوی كردبوونەوە. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە، ناوی (میوانخانەی ئەڵمانی) بوو و لە لایەن ڕەخنەگرانەوە ستایشێكی زۆر كرا و كورتە چیرۆكی (فرا برێشماخەر دەچێت بۆ زەماوەند)، وەك باشترین چیرۆكی نێو ئەو كتێبە ناسرا؛ چیرۆكێك كە ناوەكەی لە سەرەوەی لیستی كۆمەڵە چیرۆكی (فنجانێك چا) دەبینرێت.
“[چیرۆك] وێنایەكی واقیعبینانە بەڵام تۆقێنەر لە ژیانی هاوبەش دەخاتە ڕوو. ئاوازی چیرۆكەكانی ئەم كۆمەڵەیە، گاڵتەجاڕانە و تەنزئامێزن و تێیاندا ئەڵمانییەكان وەك خەڵكێكی گوندی، تووڕەهات، بێ فەرهەنگ و لووتبەرز و ڕەگەزپەرست نیشان دراون. بەهۆی كەشی دژەئەڵمانی ئەودەم، خوێنەران پێشوازییەكی باشیان لەم كۆمەڵەیە كرد، بەڵام نۆ ساڵ دواتر كاترین مانسفێڵد ڕازی نەبوو كتێبەكە دووبارە چاپ بكرێتەوە.”
مانسفێڵد دوای ئاشنابوونی لەگەڵ گرووپێك لە ڕۆشنبیرانی پۆڵەندی، ئاشنای گەورەترین نموونە و ئولگووی ژیانی، واتە چێخۆف بوو. چێخۆف و دوای ئەویش ڕووسیە، كاریگەرییەكی سەرسوڕهێنەریان لەسەر دیدگا و ستایلی نووسینی كاترین مانسفێڵد دانا. بە شێوەیەك كە دواتر ڕەخنەگران دەربارەی كارەكانی مانسفێڵد ئاوا نووسییان:
“هێشتا یەك لاپەڕە لە كتێبی كاترین مانسفێڵدت بە تەواوی نەخوێندووەتەوە كە بە خۆت دەڵێی: چێخۆف. هێشتا دوو لاپەڕەت تەواو نەكردووە كە چێخۆفت لە بیر دەچێتەوە.”
لە نێو چیرۆكەكانی مانسفێڵد، (مێش) یەكێكە لەو كورتەچیرۆكانەی ئەم كۆمەڵەیە كە وەك هاوئاستترین كاری ئەو لەگەڵ كارەكانی چێخۆف دەناسرێت. چیرۆكێك كە تایبەتە بە ڕۆژە تاڵەكانی سەردەمی شەڕ و برینێكی قووڵ لەسەر گیان دەهێڵێتەوە، برینێك كە مانسفێڵدیش لێی بێبەش نەبوو. سەردەمی ساڵانی شەڕی جیهانی یەكەمی لە بەریتانیا بەسەربرد و شایەتی ئەو كارەساتە قەرەبوونەكراوانە بوو كە شەڕ بەسەر كۆمەڵگایدا هێنان. بە تەواوی وجوودییەوە، تامی تاڵی ئازار و سەختی و بێبەشبوونی چێشت و لە كۆتاییدا بە لەدەستدانی برا بچووكەكەی لە بەرەی فەڕەنسا، ئەوپەڕی خەمی ئەزموون كرد، تاقیكردنەوەیەكی خەمناك كە بۆ هەمیشە تێڕوانینی ئەوی بۆ ژیان و نووسین سەروبن كرد.
“لەمەودوا دەمەوێت لەبارەی یادەوەرییەكانی سەردەمی منداڵیم لە زێدی دایكم بنووسم و بەم شێوەیە دەینی خۆم بۆ ئەم نیشتمانە جوانە و برا لەدەستچووەكەم ئەدا بكەم.” ئەمانە، ئەو ڕستانەن كە كاترین لەو سەردەمە و لە دەفتەری یادەوەرییەكانی خۆی تۆماری كرددوون. سەردەمێكی تاریك كە بووە هۆی خەمۆكییەكی گەورە بۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بە بوونی پێشنیاری پزیشكەكان بۆ ماوەیەك مانەوە لە نەخۆشخانەی دەروونی، كەچی ئەو پێی باشتر بوو بەم شێوەیە درێژە بە ژیانی پێشووی بدات و بنووسێت.
(لە كەنداو) كە یەكێكە لە درێژترین چیرۆكەكانی مانسفێڵد، بەرهەمی ئەم سەردەمە تاریك و تاڵەیە. چیرۆكێك كە وەك یەكێك لە شاكارەكانی هاوچەرخ دەناسرێت. چیرۆكی مرۆڤەكان، ئەو مرۆڤانەی كە لە دەوری یەكتری كۆبوونەتەوە و كۆمەڵگەیەكیان دروست كردووە و لەسەر بنەمای شوێنگەیان لەم كۆمەڵگەیە، واتا و مانا وەردەگرن. مانسفێڵد دەستی خوێنەر دەخاتە نێو دەستی خۆیەوە و پەلكێشی دەكات بۆ قووڵایی ژیان، شوێنێك كە دەتوانین دەروون و دەرەوەی هەر یەكە لە مرۆڤەكان ببینین، بە جۆرێك كە تەنانەت خۆشیان توانای بینینی وەها دیمەنێكیان نییە.
كاترین لە زۆربەی چیرۆكەكانی خۆیدا، پەیڕەوی ئەم شێواز و ستایلە لە نووسین بوو. چیرۆكەكانی (ماڵەباجێنە)، (فنجانێك چا)، (وانەی ئاواز) و زۆرێكی دیكە لە چیرۆكەكانی ئەم كۆمەڵەیە و هەروەها كۆمەڵەی (گاردن پارتی)، جەخت لەسەر ئاشكراكردنی حەقیقەت دەكەنەوە. حەقیقەتی دەروونی مرۆڤەكان كە خۆی لە تێڕوانین و وشە و جووڵەیان مەڵاس داوە. كاترین حەقیقەت ئاشكرا دەكات، بەڵام بە پێچەوانەی نووسەرەكانی دیكە دەست ناكات بە شرۆڤە و باسكردنیان، بەڵكو وەك باڵندەیەك بەرەڵای دەكات تا ئازادانە لە نێو خەیاڵی خوێنەردا لە شەقەی باڵ بدات.
نیۆیۆرك تایمز، لە ساڵی 1923، پاش جوانەمەرگبوونی كاترین مانسفێڵد بە نەخۆشی، نووسیی:
“كاترین مانسفێڵد، گەورەترین نوێنەری كورتەچیرۆكە كە تا ئێستا بەریتانیا پێشكەش بە دنیای كردووە. ئەگەر كاترین تەنیا 10 ساڵی دیكە زیاتر ژیابایە، لە تەنیشت جۆرج ئەلیۆت و شارلۆت برۆنەتە، ناوی لە نێو ئەدەبیاتدا تۆمار دەكرا.”
مانسفێڵد، لەو تەمەنە كورتە 34 ساڵییەی خۆیدا، گیانێكی دیكەی بە كورتەچیرۆك بەخشییەوە و ژیاندییەوە. چیرۆكەكانی كاترین هەرچەندە لە یەكەم سەرەنجدا ئاڵۆز و ناباڵغ دەردەكەون، بەڵام بە تێڕوانینێكی قووڵتر دەكرێت كامڵبوون و بەهرەی ئەم خاتوونە لە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر حەقیقەتە شاراوەكانی ژیان ببینین. (ژیان)، ڕێك بە هەمان شێوەی كە هەیە، توخمی بنەمایی هەموو چیرۆكەكانی كاترین مانسفێڵدە، دەمەسات ئاسا، خافڵكەرانە، جوان و ئازاراوی.

سەرچاوە: ئاڤانگارد