مهاباد ئازاد
ئیمشەو
لە دوورەوە
دەنگێكی ئاشنا بانگ دەكات
ئامینە خانم
واهاتم.
بەرەو پیرم وەرە
بەلەرینی گوارەكانت
ئەم بێدەنگییە بهەژێنە
وەرە ئیدی بە دڵی خۆمان
بە كەوشی ئەفسوناوی
پای شەكەتمان
بەرەو نیشتمانێك بڕۆین
غوربەت بیناقاقای نەگرێت
وەرە ڕوو لەبەهارێك كەین
گوڵاڵە سوورەی خوێنین
لەسینەیدا نەڕوێت
ئامینەی گیانم
زەمەنێكی درێژە
بەخاتری تۆ
شارێكم لە خۆم رەنجاند
دڵی خوشكەكانم یەك یەك
بە بەردی نائومێدی شكاند
ئامینێێ من
دووری،
یادەكانم دادەگیرسێنێت
پاكیزەیی نیشتیمانم
وەك جاران پیشان دەدات
كێ ناڵێت
دووركەوتنەوە
نزیكترین خۆشەویستیی نییە؟
ئامینێم
هەر لەبەر تۆ
دڵی نیشتمانێكم تۆراند
ئەو نیشتمانەی لێم دەپاڕایەوە
شەوان
گۆرانییە خەمگینەكەی دڵی خۆی بۆ بڵێم
بەیانییان
لەگەڵ هەڵاتنی یەكەم تیشك
دەست بەسەری دابهێنم
ئامینێ گیان
تۆ بڵێی هاوڕێكانم بمناسنەوە
ئێمە ئەو نەوەیە غەمگین و
بریندارە بووین
ویستمان كەمێك لە كۆشی نیشتمان
بحەسێینەوە،
مەخابن
نەیانهێشت ئامینێ
بەر نەفرەتی خواوەندەكانی زەمەن
كەوتین
بۆ شینبوونی چقڵەشینكە
ڕەگی ئەو درەختانەیان
لە خاك هەڵكیشا
كە بەڕەنجی خۆیان گەورە دەبوون
چاوی ئەو كانییانەیان
كوێر كردەوە
كە بە خۆیان هەڵدەكوڵین و
چاوییان
لە دەستی ئاوە لیخنەكان نەبوو
ئای ئامینێم
هەرزوو
بە لایلایە غەمگینەكانت
دەبوایە بمزانییایە
نەوەیەكی چەند غەمگین و
دڵشكاو دەبین!
ئەمجارە متمانەم پێبكە
باسكی نەرمینت ڕابخە
وا لە ڕێگام،
هاكا گەیشتم
ئامینەی من
بەر لە گەیشتنم
تویكڵی دوو هەناری مێخۆش
لە هاونی دڵت بكووتە
تۆ دەازانی چ برینێكم لە دڵدایە و
چ خوێنێكم لێ دەچۆڕێت!
مشتێك مێخەكی بەرسینەت بهاڕە
بە كەلانگوچكی
كراسە پیرۆزەییەكەت
برینەكانم بپێچە
ئیدی چیتر
ئاوا ئاسان لێت وننابم
ماندووم ئامینە
ماندووم
نەبادا برینەكانم ببینرێت
عەیامێكی درێژە
كوچەكانی ژیانم جێهێشتووە،
دەمێكە هاتووم
لە دەرگای تۆ دانیشتووم
كەچی بۆ جارێك
ئاورێكت لێنەدامەوە
هەموو شەوێ دەموت
قوربانت بم
هەیدای شەوێ
خەوبێ لە چاوم ناكەوێ
دڵ مەجنوونە و ئەتۆی دەوێ
ئای ئامینە گیان
خودا لەگەڵت چەند میهرەبانە
سەیركە
لێنەگەڕا بەر لە تۆ من بڕۆم
بەم سەفەرەت
گەر ئاسمانێك لەو بارانەم
بەسەر ببارێنیت
هێشتا تەمی غەریبیت
پەنجەرەی عومرم بەرنادات
رووبارێك لە ئاوی
ئەو خاكەم بە گەروودا بكەیت
كە پێیەكانی ئیسماعیل كردی
بە چاڵی فرمێسكان
هێشتا
تینوێتیم ناشكێنێت
ئامینەكەم
من دەمێكە
بانگت دەكەم
وەرە بمبە لەگەڵ خۆت
چ شتێك لەمەرگ جوانترە؟
وەرە هەزارساڵ
لایلایەم بۆ بكە
با رۆحی شەكەتم هێور بێتەوە
وەرە بمكە بە مەلۆتكە و
توند لە باوەشتا بمپێچە
ئیدی ترسم لە بوومەلەرزە نییە!
ئامینە گیان
چاوەكانت هەڵێنە
وەرە بمبینە
ئیمشەو هاتووم
تا بۆ دواجار پێت بڵێم:
ئامینێ سووك بڕۆ و
كەوشەكانت
تووند لە زەمینی دڵم گیركە
سووك بڕۆ و
قورسایی خۆت
بخە سەرشانی شەكەتم
با لەسەر قەولی جاران هەربمێنین
وریابە
لەم خلیسكەڕێیەدا
نەخلیسكێین..!
ماندووم ئامینە ماندووم
لەسەر تۆ
دلی شارێكم شكاندووە!
وەتەنێك بە دوامدا دەگەرێ
بە دزییەوە
هاتووم بۆ لات
باوكم خەبەرمەكەرەوە!
مەملەكەتێك بەیەكەوە
بانگ دەكات
ئامینە دەستمان داوێنت
“شەیدا” لەگەڵ خۆتدا مەبە
دەستمان داوێنت
ئامینەی دایك
دەزانین لە دووری ئەو
عەیامێكی درێژە
بسكەكانت شانە نەكردووە
چاوەكانت وەكوو جاران
كل ڕێژ ناكەیت
ئامینێ خان،
بە خاتری تۆ
زاڵمانە تەركی هەموومانی كرد
كەسمان نەمانتوانی
باوەڕی پێ بهێنین
لە دوای تۆ
ژیان بەردەوامە
لە دوای تۆ
گەردوون هێشتا هەناسەدەدات
زەمین هێشتا دڵی لێدەدات!
مەگەر تۆ بتوانی ئیمشەو
ئەو پەیمانەی پێ بشكێنی
كە بە مەرگی دابوو
تا نەیبات
بۆ لای ئامینە گیان
ئاوڕ لە كەس نەداتەوە
تا دەستەكانی نەداتە دەستی ئەو
جگە لە مەرگ
تەوقە لەگەڵ ژیان نەكات
ئایی ..
ئامینەی هەمووان
هەزارجار چاوەكانت ڕوون
ئیمشەو بۆ دیداری ئەو
خۆت بڕازێنەوە
شارێك،
خۆزگە بە تۆ دەخوازێت!
كێو بە كێو ناكەوێت
چاو بە چاو دەكەوێت
داخی گرانم
ئەم پەندەت پووچەڵ كردەوە
سەیرە ژیان نەتوانێت
شەیدایەك
بە ئێمە و
بە باغی گوڵان شاد كاتەوە
بەڵام مەرگ بتوانێت
بە ئامێزی ئامینێت
بگەیەنتەوە..!
ئیدی بۆ دەبێت
مەرگ كارێكی خراپی كردبێت
ئیدی بۆ دەبێت
شەیدای ئامینەی
لە ژیان كردبێت؟
……………………………………………
17-11-2025
باوکی کاکە شەیدا، لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ شەهید بوو، دایکیشی (ئامینە خانم) لە ڕووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێندا.

