رۆژنامەی ھەولێر

چارەسەری ژانوبا (ڕۆماتیزم)

ماكوان عێزەت – هەولێر

نەخۆشینی ژانوبا یاخود ڕۆماتیزم، بە هەوکردنی بەشە بەستەر و پەیوەندیدارەکانی لەش بە تایبەت جومگەکان، لە نەخۆشینی دی جیا دەکرێتەوە.

پزیشکان زاراوەی ڕۆماتیزمیان بەکار هێناوە بۆ پێناسەكردنی ئازار و ڕەقداگەڕانی جومگەکان. هەروەها خەڵک ئەم زاراوەیە بۆ پێناسەكردنی ڕەقداگەڕانی جومگەکان یان حاڵەتە هاوشێوەکانی پەیوەست بە پیربوون بەکار دەهێنن.
ژانوبا (ڕۆماتیزم) کۆمەڵێک حاڵەتی هەوکردنە کە کاریگەرییان لەسەر جومگە و ماسوولکە و ئێسک و ئەندامەکان دەبێت، زۆرجار هۆکارەکەی ئەوەیە کە سیستەمی بەرگریی لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر شانە تەندروستەکان. نموونەی باو بریتین لە هەوکردنی ئێسک و جومگە، هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزم، لەگەڵ نیشانەکانی وەک ماندووێتی، ئازاری جومگەکان، ڕەقداگەڕان و ئاوسان. دەستنیشانکردن لەوانەیە ئاڵۆز بێت، پێویستی بە كۆمەڵێك پشکنینی جەستەیی، کاری تاقیگە و تیشك هەیە، هەتا پلانێکی چارەسەری درێژخایەنی تایبەتمەندی بۆ دابنرێت.
د. بەهرە عەلی پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم جەخت دەكاتەوە كە دوای دەستنیشانکردنێکی ورد و قۆناغی ڕۆماتیزم، چارەسەر دەستپێدەکات و، ڕۆماتیزم هەتا زوو دەستنیشان بکرێت، ئاسانتر چارەسەر دەکرێت.
زۆربەی جار چارەسەری ڕۆماتیزم بریتی دەبێت لە چەند چارەسەرێک کە پێکەوە کاریگەریی زۆر باشیان دەبێت لەسەر باشترکردنی نەخۆشییەکە؛ بە گشتی ئەم چارەسەرانەیە:
یەکەم/ دەرمان: دەرمانەکان چەند جۆرێکن، هەیانە ئازارشکێنە، هەیانە هەوکردن و ئاوسان و ڕەقداگەڕان کەم دەکاتەوە، هەیانە بایۆلۆجییە و میکانیزمی دروستبونی ڕۆماتیزمەکە لاواز دەکات، ئەم دەرمانانە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ دیاریان بکات و چارەخوازانی بەڕێزیش پابەند بن پێوەی بۆئەوەی سودی تەواویان هەبێت.
دووەم/ چارەسەرە پاڵپشتیەکان: چارەسەری سروشتی (علاج تەبیعی) وەکو وەرزش و جووڵەی تایبەت و بەهێزکردنی ماسوولکەکان بە گشتی سودیان دەبێت، هەروەها بەکارهێنانی ئامێر و پێداوسیتی کە کاروبار و چالاکی ڕۆژانە ئاسان دەکەن بۆ چارەخوازانی بەرێز وەکو هەندێک جار گۆچان، هەڵپێچان و پەڕۆپێچکردن (باندج) و هتد؛ هەندێک جار چارەسەری گەرمی و ساردی سودیان دەبێت و دەکەونە ناو چارەسەرە سروشتییەکانەوە.
سێهەم/ گۆڕینی ستایلی ژیان: زۆرگرنگە ئەو بەرێزانەی ڕۆماتیزمیان هەیە لەگەڵ چارەسەرەکانی سەرەوە، ستایلی ژیانیان بگۆڕن بە ڕاهێنان و وەرزش، حەسانەوە، خۆراکی تەندروست، کەمکردنەوەی فشاری دەروونی، زیادکردنی ئاسوودەبون، زۆرگرنگە کۆبونەوەی خێزانی.
چوارەم: چارەسەرە تەواوکارییەکان: مەساج و هەندێک سەپڵیمێنت و لەوانەیە بەکارهێنانی دەرزیئاژنین لە هەندیك نەخۆشدا سوودیان هەبێت.
نیشانەکانی نەخۆشی ڕۆماتیزم
نیشانەی نەخۆشی ڕۆماتیزم بریتییە لە هەوکردن، بۆ حاڵەتی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی چەند نیشانەیەک لە جومگەکاندا دەردەکەون، لەوانە:
١- ئازار .
٢- ڕەقداگەڕانی جومگەکان بەتایبەت لە بەیانیاندا.
٣- ئاوسانی جومگە.
٤- گەرمهەڵگەڕان و سووربونەوە.
٥- ناڕەحەت بەکارهێنان و جووڵانی جومگەکان.
٦- شەکەتی و ماندوویەتی و بێهێزی.
٧- هەوکردنی چاو.
٨- ئازاری مل و پشت و بڕبڕە.
٩- قورسی لە هەناسەهەڵکێشانی قووڵدا.
١٠- ئازاری ماسوولکە.
هۆکارەکانی نەخۆشی ڕۆماتیزمە و مەترسی توشبوون
پسپۆران باوەڕیان وایە کە هۆکاری نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزمە کۆدەبێتەوە لە هۆکاری جینی و هۆکاری ژینگەیی .
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی خڕۆکەی سپییان، ئەنتیجینی ((HLA) genes)ـی پێوەیە کە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری دەدات، ئەوا مەترسییان زیاتر دەبێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی رۆماتیزمی.
لەم کەسانەدا لەوانەیە نەخۆشییەکە بورووژێنرێت بە هۆکاری دیکەی وەک بەکتریا و ڤایرۆس یان قەڵەوی.