ڕائیب جادر – هەولێر
بەدەستهێنانی یەک ملیۆن و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار دەنگ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەنگی دایەوە، بەڵام پارتی جەخت دەکاتەوە ئەو دەنگە زۆرە بۆ پۆست و دەستکەوت نییە، بەپێچەوانەوە پەیامی جێبەجێکردنی دەستوورە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە نزیکەی ٥٥ ماددەی لێ جێبەجێ نەکراوە، ماددەکانیش زۆرترینیان پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدراڵییەوە، پارتی لە کابینەی داھاتووی حکوومەت بە شەرعیەتی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، ھەروەھا سوورە لەسەر پێخستنەوەی ھەر سێ کۆڵەکەی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەتی ٩ـی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی ١١ـی تشرینی دووەمی ڕاگەیاند، پارتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی ھەموو حزبەکاندایە و لە ھەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان دەنگی زیاترە.
ئێستا لە عێراق، پارتی وەکو حزب یەکەمی سەر ئاستی کوردستان و عێراقە، بەڵام وەکو لیستی ھەڵبژاردن لە پلەی دووەمدایە، ئەوەش بەھۆی دروستکردنی ھاوپەیمانیی لایەنە عێراقییەکانە، کە لە چەندان حزب پێکھاتوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش حزبی ڕەچەشکێن بووە، بەتایبەتی لە ھێنانی زۆرترین دەنگ و نیشاندانی ھێزی خۆی وەکو خاوەنی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکان، بەڵام ئەمجارەیان بە چاڵنجێک ملیۆنێک و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار دەنگی مسۆگەر کرد، ئەمەش نەک لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکەش وەکو دیاردەیەکی دەگمەن لێکدرایەوە، متمانەی خەڵک بە پارتی گڕوتینێکی جیاواز دەدات بەو حزبە بەوەی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات پێداگری لە جێبەجێکردنی دەستوور بکات، ئەو دەستوورەی لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی لەسەر درا، بەڵام زیاتر لە ٥٥ ماددە کە زۆرینەیان پەیوەستن بە مافی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵییەوە بە پاساوی جیاواز حکوومەتەکانی عێراق ٢٠ ساڵە خۆیان لە جێبەجێکردنیان دزیوەتەوە، ھەر چەندە زۆرینەی ماددەکان وەکو ماددەی ١٤٠ ماوەیەک ھەبوو بۆ جێبەجێکردنی دانرا بوو، کە دەبوو ماددەکە بە ھەرسێ قۆناغەکەیەوە تا ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ کرابایە، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، ھەردەم ئەو پەیامەیان دەدا بە گوێی لایەنە عێراقییەکان بەدەستھێنانی یەک ملیۆن دەنگ ئامانج لێی چنینیەوەی پۆست نییە لە بەغدا، بەڵکو جێبەجێکردنی دەستوورە، ھەروەھا گەڕانەوەیە بۆ سێکۆڵەکەی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان، کە لە مێژ ساڵە ئەو ناھاوسەنگییە بە ھاوکێشەوە دیارە و تاکڕەوی و خۆسەپاندن بە ئاشکرا بە سیاسەتی عێراقەوە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوچە سوننەنشینەکانیشەوە دەبینرێت، ئێستا کاتی ئەوەیە پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ و بەو شەرعیەتەی پێکھاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان پێیان داوە لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور بکاتەوە کە بێگومان لە کاتی جێبەجێ کردنیان نەک ھەرێمی کوردستان، بەڵکو تەواوی ناوچەکانی عێراق سوودمەند دەبن.
شارەزایانی بواری دەستوور، دەڵێن، کێشەی کورد لەگەڵ عێراق ژمارەیی نییە، تاکو عەقلیەتی حکومرانی لەسەر بنەمای ھاوسەنگی نەبێت، کورسییەکانی کورد ھەر چەند بێت کێشەکان چارەسەر نابن، ئاماژەیان بەوەشدا ئەگەر عەقلیەتی حوکمڕانی لە عێراق ئامانج لێی ڕێگری کردن بێت لە کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن گۆڕانکاری بەرچاو دروست ناکات.
موحسین عەلی، شارەزای بواری دەستوور، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، ئەگەر ئێمە ھەموو تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێت تەواوی کێشەکانمان لەگەڵ عێراق لەڕووی ژمارەوە لە نوێنەرایەتیکردنمان لە دەستەڵاتی یاسادانان لە عێراقدا لەڕێگەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە، مەبەستەکە بۆ ئەوە بێت لە ھەر ھەموارکردنێکدا گۆڕانکاری لە بازنەی سیستەمی ھەڵبژاردن ئەوە بێت کە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانمان زیاد بکات ھیچ کاتێک ئەوە نابێتە چارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ عێراق، چونکە ئێمە کێشەی ژمارەمان نییە لەگەڵ عێراق، شەست کورسی بھێنین یان حەفتا کورسی ئەگەر عەقلیەتی حوکمڕانی، یان بنەمانی حوکمڕانی لە عێراق لەسەر بنەمای جۆرێک لە ھاوسەنگی نەبێت لە نێوان یەکتری پاراستنی مافە دەستوورییەکان وەکو پاراستنی دەسەڵات و تایبەتکارە دەستوورییەکان چۆن دابەشکراوە وە چۆن کاری پێ دەکەن، مافە داراییەکانمان چۆن جێبەجێ نەکرێت ئەگەر نیەتەکە وا بێت ئاراستەی حوکمڕانی وا بێت کە نەیەوێت تۆ بگەی بە مافە دەستووریەکانت کە لە ھەر کاتێکدا توانای ھەبێت ڕێگری بکات لە مافی ئیداری، مافە دەستوورییەکان و ھاووڵاتی بوونت، تەنانەت زمانی تۆ کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا کێشەی زمانمان لە عێراق ھەیە.
نەجیب مستەفا، پسپۆری دەستوور بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: کێشە لە دەستووری عێراق و یاساکاندا نییە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێکردنە، سێ ماددە لە دەستوور ھەن، ئەوانیش ماددەی ١٤٠، پێویست بوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرێت، ماددەی ١١١ و ١١٢ کە تایبەتن بە دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی و یاسای دادگەی فیدراڵی تا ئێستا دەرنەچوونە، یاسای ھەڵبژاردن سەرچاوەی لە دایکبوونی دەستەڵاتەکانی پەرلەمان و حکوومەتە، لەبەر ئەوە ئەو یاسایە سەرەتای ھەموو شتێکە، ئەو ماددانەی جێگیر دەکرێن ئەگەر ڕێکوپێک بن ئەنجامەکانی باش دەبن، ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان دەخوێنمەوە ئەوەیە عێراق یەک بازنە بێت و شێوازی دابەشکردنەوەی دەنگەکانیش بگۆڕدرێت لە کاتێکدا سیستەمی ڕابردوو باشتر بوو، ھەروەھا یاسای ھەڵبژاردن ڕێگری لە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات دەکات دەنگ بدەن، دەبێت بگەڕێنەوە ئەو کات دەنگ بدەن، ئەمەش شتێکی قورسە، ئەو تێبینیانەی لە ھەرێمی کوردستان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن تۆمار کراون وەک یەک بازنەیی، شێوازی دابەشکردنی دەنگەکان دروست دەکات.

