ئارام كۆشكی – سلێمانی
ساڵانێکی زۆرە باسی لاوازی ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت. زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران پێیانوایە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لەچاو ئەدەبەکەدا لاوازە و ڕەخنە نەبووەتە هێزێک بۆ کەشفکردن و ڕاڤەکردنی تێکستە ئەدەبییەکان چ نوێیەکان، یان کلاسیکییەکان. لەگەڵ ئەوەی ئەم گازندانەی لە نەبوونی ڕەخنە دەکرێت، بەڵام کەس باسی ئەو خاڵە نەرێنیانە ناکات، کە هۆکارن بۆ لاوازبوونی ڕەخنەی ئەدەبی. لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت تێشکێکی خێرا و کورت بخەمە سەر چەند لایەنێکی نەرێنی کە هۆکارن بۆ پاشخستنی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی.
یەکێک لەو خاڵە نەرێنیانەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد دژایەتیکردنی ڕەخنە و قەبووڵنەکردنیەتی و ئەمەش دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی کۆنی لەنێو ئەدەب و کولتووری کوردیدا هەیە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی ڕەخنە و گەشەنەکردنیەتی. بێگومان ئەمەش ڕیشەی لەنێو کۆمەڵێک هۆکاری دیکەدایە، کە سەرەکیترینیان پاشکەوتووی کۆمەڵگەی کوردییە لە ڕووی مەعریفی و خوێندەوارییەوە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک درەنگ دەستی بە شارستانیەت بگات، مەعریفەش درەنگ تێیدا گەشە دەکات و ڕەخنەش کە بەرهەمی قوڵپدانی مەعریفەیە لەوێوە گەشە دەکات، هەر بۆیە لە کۆمەڵگەی چەشنی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەخنەش درەنگ لەگەڵیدا گەشە دەکات و هاوکات هەزمکردنیشی زۆر سەخت دەبێت. لێرەوە تێدەگەین کە نەبوونی پاشخانێکی کولتووری باڵا هۆکاری سەرەکی لاوازی ڕەخنەگرتن و قەبووڵکردنی ڕەخنەیە.
بەدەر لەو هۆکارەش ڕەخنە هونەرێکە پێویستە لەگەڵ گەشەی عەقڵی مرۆڤدا پێبەپێ گەشە بکات و ئەمەش لەنێو سیستمی پەروەردەدا دەبێت تۆوی ڕەخنە لە هزری فێرخوازاندا بچێنرێت و لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا ئەم هزر و بیرکردنەوە ڕەخنەییە بگاتە ترۆپکی گەشەکردن. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەنێو تەواوی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا تا دەگاتە زانکۆ و پەیمانگاکانیش هیچ زەمینەیەکی دروستکردنی بیری ڕەخنەیی و قەبووڵکردنی سەر پێ ناخرێت و زۆرجار ئەوانەشی لەو قۆناغانەدا خاوەنی بیری ڕەخنەیی و گومانگەرایین وەکو بوونەوەری نامۆ و دەرەسیستم دەیانبینن، نەک وەکو مرۆڤی بیرکەرەوە و خاوەن بۆچوون.
لێرەوە دەتوانین بڵێین یەکەم جێگەیەک، کە ڕەخنەی تێدا قەبوڵ ناکرێت سیستمی پەروەردەیە، کە بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆر سیستمێکی داپڵۆسێنەرە بۆ فێرخواز. لێرەوە قەبوڵ نەکردنی ڕەخنە بۆ تەواوی کۆمەڵگە پەرە دەستێنێت. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، بەردەوامی ڕەخنە هۆکارێکی گرنگە بۆ قەبوڵکردنی ڕەخنە، بۆیە گرنگە لەنێو سیستمی پەروەردەوە زەمینە بۆ ڕەخنەسازی و لەدایکبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دروست بکرێت، گرنگە هەموان خاوەنی دیدگای ڕەخنەیی بن، چونکە ئەمە دەروازەیەکە بۆ ئەوەی دواجار ئەوانەی ڕەخنەگرن خۆشیان ڕەخنە قەبوڵ بکەن.
کاتێک باس لە قەبووڵکردنی ڕەخنە دەکەم، مەبەستم لەوەیە دەشێ ڕەخنە ببێتە هۆی دروستکردنی دیالۆگێکی عەقڵانی و مەعریفی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، نەک ببێتە هۆی ڕقەبەرایەتی دروستکردنی گرێی دەروونی (کە زۆرجار ڕەخنەبووەتە هۆی دروستکردنی گرێی دەروونی لەلایەن کەسی ڕەخنە لێگیراوەوە). واتە کاتێک باس لە قەبوڵکردنی ڕەخنە دەکەین، مەبەستمان لە بێدەنگبوونی کەس نییە بەرامبەر ڕەخنە. بەڵکو مەبەستمان لەوەیە ئەو ڕەخنەیە نەبێتە هۆی دروستبوونی گرێی دەروونی بۆی و ساڵانێک وەکو بیمارێکی گەورەی نێو دونیای ئەدەب و ڕۆشنبیریی پێوەی نەتلێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی بووتە هۆکاری گەشەنەکردنی ڕەخنەی ئەدەبی بە موقەدەس سەیرکردنی تێکست و نووسەرە. لەکاتێکدا هیچ نووسەر و تێکستێک موقەدەس نین و لە دەرەوەی ڕەخنە نین. زۆرجار گوێم لەو قسەیە بووە کە نالی و مەحوی لە دەرەوەی ڕەخنەن و ئەوانە لوتکەی شیعری کوردین. لەڕاستیدا بۆ ئەوەی ڕەخنە لە دایک بێت گرنگە هیچ هێڵێکی سوور نەمێنێت و هیچ نووسەر و شاعیرێک موقەدەس نەبێت و بەو کەسانەشەوە کە لە لوتکەی ئەدەب و داهێناندان.
لێرەدا گرنگە شتێک ڕوون بکەمەوە. ڕەخنە هونەری ئەرگۆمێنتسازی و کارکردنە لەنێو میتۆد و قوتابخانە ئەدەبی و ڕەخنەییەکاندا بە پشت بەستن بە مەعریفەیەکی گشتی. ئەو تێکستگەلە ڕەخنەییەی لەدەرەوەی ئەم کارکردنانە بن ڕەخنە نین، بەڵکو ڕەتکردنەوەی کوێرانە و خاوەنەکانیان بۆ مەرامی دیکە ئەو ڕەخنەیان نووسیوە. هەنووکە زۆرێک لەو تێکستانەی بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێن تەنها دەمامکی ڕەخنەیان لەسەر کردووە، دەنا بۆ مەرامی دیکە نووسراون و ئامانجەکەیان خزمەتکردنی ئەدەب و کولتووری کوردی نییە، بەڵکو شکاندنی نووسەر و تێکستەکەیە.
خاڵێکی گرنگترە سەبارەت بە ڕەخنە ئەوەیە ڕەخنە ناتوانێت پێش بکەوێت تا زمانێکی نوێ بە موفرەدەی نوێ و دوور لە لۆکاڵیەت بەرهەم نەهێنێت. ڕەخنەی ئەدەبی بە زمانی لۆکاڵ و بنزار نانووسرێت، چونکە سەروکاری لەگەڵ چەمک و پانتاییە مەعریفییەکاندا هەیە.

