ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
وەرزشوانانی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ داوا دەكەن بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن و پێیانوایە بەهێزبوونی ئەو حیزبە تاكە ئومێد و هیوای گەلی كوردە بۆ بەدیهێنانی گشت خەونەكان.
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش پەیامی هەیە
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند تاكە بژاردە بۆ بەرەو پێشچوونی كەرتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان پشتگیریكردنی لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەشڵێت: داوا لە سەرجەم وەرزشوانانی كوردستان دەكەم لەپێناو ئایندەی گەشتی خۆیان و خانەوادە و میللەتەكەیان لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە لیستی ژمارە 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.
سەردار ئیسماعیل، پاڵەوانی لەشجوانی كورد لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند وەرزشوانانی كورد لەژێر سەرپەرشتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی یاسا و رێكخستن و ژێرخانەی وەرزشییەوە زۆر هەنگاوی گەورە چووە پێشەوە، بۆیە لە داهاتوودا ئەگەر پارتی وەكو زۆرینەی كوردستان و عێراق بمێنێتەوە بەدڵنیاییەوە ئاستی كەرتی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتوو.
مامۆستایەكی زانكۆ داواكاری هەیە
دكتۆر ئالان قادر، مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند پێویستە وەرزشكاران دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، چونكە لە رابردوو بینیمان پارتی تاكە حیزب بوو كە پێداگیری لە مافەڕەوایەكانی سەرجەم تاكی كورد دەكرد.
دكتۆر ئالان قادر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات پێویستە سەرجەم وەرزشوانان دەنگ بە لیستی ژمارە 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن چونكە ئەو حیزبە دەتوانێت ببێتە داكۆكیكاری مافەكانی وەرزشوانان و پاڵپشتیكردنیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
ئالان قادر ئەمینداری لێژنەی ئۆڵمپی كوردستانیشە، هێما بۆ ئەوەش دەكات تاوەكو پارتی بەهێزتر بێت ژێرخانی وەرزشی كوردستان بەهێزتر دەبێت، چونكە تاكە حیزبە شەڕی پێشخستن و مافە ڕەواییەكانی میللەتی كورد دەكات.
ئالان قادر بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند هەر كاتێك پارتی لە بەغدا بەهێزتر بێت دەستكەوتەكانی وەرزشوانانی كورد زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت وەرزشوانان هەوڵ بدەن پاڵپشتی لیستی 275 بكەن بۆ ئەوەی نوێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەست بەسەر بەشێك لە جومگە سەرەكییەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بگرن، بەوهۆیەوە دەتوانرێت وەرزشوانان بەشدارێكی كارایان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەدا هەبێت.
ئالان قادر دەشڵێت: ئەو نەوە نوێیەی ئێستا مافی دەنگدانی بۆ رەخساوە رەنگە وەكو پێویستە شارەزایی لەبارەی هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت كە چۆن لە بەغدا هەوڵی داوە پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەو حیزبە نەبووایە رەنگە شتێك بەنێو كیان و قەوارە و هەرێمێك بەنێوی كوردستان نەبووایە.
هانی: پارتی دەتوانێت وەرزشوانی كورد بگەیەنێتە لوتكە
هانی كانی، سەرۆكی فیدراسیۆنی لەشجوانی عێراق ـ لقی هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر جەخت لەوە دەكاتەوە لەوكاتەدا دەنگدان بە لیستی 275 زۆر پێویستە، چونكە ئەو حیزبە دەتوانێت پاڵپشتی وەرزشوانانی كورد بكات و بیانگەیەنێتە لوتكە.
هانی كانی هێما بۆ ئەوەش دەكات ئێستا وەرزشوانانی لەشجوانی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق لە لوتكەن، دەشڵێت: ئەگەر نوێنەرانی پارتی دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنن دەتوانن لە پێشبڕكێیەكان پاڵپشتی پاڵەوانە كوردەكان بكەن، چونكە تەنیا پارتی دەتوانێت كاریگەری گەورە لەسەر ئاستی شەقامی سیاسی و وەرزشی عێراق دروست بكات.
هانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تیپی لەشجوانی هەولێر خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو هەولێر بەناوی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوە بكات. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر پارتی ئەمجارەش زۆرینەی دەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بەدەسبهێنێت دەبێتە پاڵپشت و داكۆكیكارێكی گەورە بۆ ئەوەی زیاتر وەرزشوانانی كورد سنووری كوردستان ببڕن و ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر سەكۆی وڵاتانی دەرەوە بشەكێتەوە.
“چەندان پرۆژەی وەرزشی گەورە بەڕێوەیە”
تاهیر سابیر، یەكێكە لە دیارترین وەرزشوانە دێرینەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر داوا لە سەرجەم وەرزشوانان دەكات لەپێناو زامنكردنی مافەكانیان، گەیشتن بە كەنارێكی ئارام بۆ خۆی و خانەوادەكانیان بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.
تاهیر سابیر، ساڵانێكی زۆر بەڕێوەبەری وەرزش و لاوان بووە لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەشڵێت: لەوەتەی من بەبیر دێت لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی هەمیشە هەرچی كاری باش هەبووە لەپێناو خزمەتی وەرزشوانان كردوویەتی، ئەگەرچی گرفتی دارایی وایكرد كارەكانی ئاوەدانی و دروستكردنی ژێرخانی وەرزشی كەمێك سارد كردەوە، بەڵام بە گشتی وەرزشی كوردستان بە پێشەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێر و دهۆك بەتایبەتی گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و سەرنجی تەواوی وڵاتانی دەورووبەریشی راكێشاوە.
تاهیر سابیر، پێشتر سەرۆكی یانەی هەولێریش بووە جەختی لەوە كردەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پلانی زیاتری هەیە بۆ بوژانەوەی كەرتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان و دڵنیام لە داهاتوو چەندان پرۆژەی دیكە بۆ خزمەتی وەرزشوانان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
تاهیر سابیر، یەكێك بووە لە پاڵەوانەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات داوا لە سەرجەم وەرزشوانە دێرینەكان و تەواوی تیپە میللییەكان دەكات بە ویژدانەوە لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزش دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

