رۆژنامەی ھەولێر

دۆنکیشۆتی ڕۆمانی کوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

چیرۆکێکی تەنزئامێزی مەلای مەشهور هەیە، کە باسی لەوە دەکات جارێک حاجی لەق لەقێک دەگرێت و پێی سەیر دەبێت، کە ئەم باڵندەیە دەنووک و قاچ و باڵە درێژانەی هەیە و لای نامۆ دەبێت، چونکە ئەو پێشتر باڵداری لەو شێوەیەی نەبینیوە، بۆیە پێیوایە هەموو باڵندەیەک دەبێت وەکو کۆتر بێت. ئیتر بۆ ئەوەی لەق لەقەکە لەو باڵندەیەی خەیاڵی خۆی بچێت، دەنووک و قاچی لەقلەقەکە دەبڕێتەوە و ئەوسا دەڵێت ئێستا لەتەیر دەچێت، نەک ئەوەی پێشووتر.

لێرەوە دەمەوێت چەند سەرنجێک زۆر بەسادەیی سەبارەت بە دیاردەیەکی نوێی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی بخەمەڕوو ئەویش دیاردەی ئیدیتکردنی ڕۆمانی کوردییە، کە زیاتر لەوەی ئیدیتکردن بێت، قارسکردنی ڕۆمانی کوردییە. خۆ بە ڕەخنەگرزانێک کە زیاتر بە دۆنکیشۆتێکی نێو ئەدەبی کوردی دەچێت، ماوەیەکە بەناوی “ئیدیتکردن”ـەوە کەوتووەتە قارسکردنی ڕۆمانی نووسەرانی کورد و پێیوایە هەموویان بەبێ هەڵاواردن درێژنووسن. ئیدی ئەم دۆنکیشۆتە بێئاگایە لەوەی درێژی و کورتی دەقی گێڕانەوەیی پەیوەندی بەو جیهانەوە هەیە، کە نووسەر دەیخولقێنێت و ئەوە شێوازێکی گێڕانەوە و کارکردنە، نەک شتێکی دیکە.
دۆنکیشۆت فیگۆرێکی سەرسوڕهێنەرە داهێنراوەکەی سێربانتس-ی ئیسپانییە، کە خۆی لێ دەبێتە پاڵەوان و پێیوایە ئەویش وەکو شۆڕەسوارانی سەدەکانی ناوەڕاست دەتوانێت سوارچاکێکی گەڕیدە بێت. ئەم ڕەخنەگرەش، چەشنی دۆنکیشۆتە و خۆی لێبووە بە سوارچاکی ڕۆمانی کوردی و بڕوا بە شێوازی “ڕۆمانی هۆلیۆدی” هەیە. چۆن هۆلیۆد کۆمەڵێک مەرج و ڕێکاری تایبەتی هەیە بۆ قەبووڵکردن و سپۆنسەرکردنی سیناریۆیەک، ئەویش پێیوایە ڕۆمان لای رۆماننووسانی کوردیش دەبێت بەو چەشنە بێت و ئیدیت (قارس) بکرێت. بەڵام ئەوەی لە ئەلفوبێی نووسین و جیهانی گێڕانەوە ئاگادار بێت ئەم شێوازە هۆلیۆدییە ڕەت دەکاتەوە، نەک پەسنی بدات.
نووسین هونەری ئازادییە. نووسەر ئازادی خۆی لەنێو جیهانی وشەدا ئەزموون دەکات. نووسەرە داهێنەرەکان وشە دەبێتە باڵ بۆیان و تا دواسنووری خەیاڵ پێی دەفڕن و خەیاڵ و بیرکردنەوەیان لە قاڵب نادەن، بەڵکو بەپێی هونەرەکانی گێڕانەوە دەیسازێنن و حیکایەتی لێ دروست دەکەن. بەڵام دۆنکیشۆتەکەی دونیای ڕەخنە و ڕۆمانی کوردی بەبێ هیچ پاشخانێکی مەعریفی و بەهانەیەکی لۆژیکی چەشنی مەلای مەشهور کەوتووەتە قارسکردنی دەنووک و قاچی تێکستەکان و پێیوایە نابێت ئەو ڕۆمانانە باڵایان لەخۆی جیاوازتر و بەرزتر بێت، دەنا ئەگەر وابێت ڕۆمان نین. ئەوەی ئەم دۆنکیشۆتەی کردووەتە سوارچاک ئەو لێشاوە نەخوێندەوارەی نێو سۆشیال میدیایە، کە ئاگاداری ئەلفوبێی ئەم هونەرە نین و هەرچییەکیان دەرخوارد بدرێت هەزمی دەکەن.
کارکردن لە دونیای ڕەخنەدا پێویستی بە باکگراوندنی مەعریفی و ئاگاداربوونە لە میتۆدە ڕەخنەییەکان و سەرجەم قوتابخانە ئەدەبییەکان. ئەمە بێجگە ئاگادارییەکی زۆری دەوێت لە ڕۆمان لە هەر چوارلای جیهانەوە. نەک تەنها “خوێنەری ڕۆمانی هۆلیۆدی”. ڕەخنەکاریی لەڕیزی سەختترین ئەو کارانەیە، کە بە مەعریفەیەکی سنووردار ناکرێت، هەر ئەوەندەی بتوانیت چەشنی دۆنکیشۆت شمشێر و ڕم و ئەسپت هەبێت لەم مەیدانەدا نابیتە شۆڕەسوار. ڕەخنەکاریی هونەرێکە پشت بە مەعریفەی قووڵ و میتۆدسازی و میتۆدناسی دەبەستێت. بەبێ ئەم بنەمایانە هیچ ڕەخنەیەک لەئارادا نییە و ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵێک بۆچوونی سەرپێیە، کە ناو نانرێت تێکستی ڕەخنەیی.