رۆژنامەی ھەولێر

پارتی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی سەروەریی کوردستانە

ئەحمەد شاكر
کاتێک باسی هەڵبژاردن دەکرێت، ئێمەی هەولێرییەکان دەبێت بەر لە هەمووان ویژدان و بیرکردنەوەمان بکەوێتە کار و بەر لە هەمووان دەنگ هەڵبڕین و وەفادارانە و بە شانازییەوە باس لە دەستکەوتەکانی هەولێرمان بکەین لە سایەی هەژموونی حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دڵسۆزانی نیشتیمان.

خزمەتکردنی هەولێر و هەولێرییەکان، تەنیا خۆی لە ئاوەدانی و پێشکەوتن و دەرفەتی ژیانی باش و ڕەخساندنی هەلی کار و وەبەرهێنان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان نابینێتەوە، بەڵکو پاراستنی شکۆ و بەهای مرۆییمان بەبێ جیاوازی بۆچوونی سیساسی و ئایینی و نەتەوەیی و..هتد، دەستکەوتێکە بە هیچ پێوەرێک پێوانە ناکرێت.
چەسپاندنی یاسا، ئەو ستراتیژە بوو کە پارتی بۆ هەولێری هێنا و توانی هەولێر بکاتە ماڵی هەمووان و هەمووان سەروماڵیان پارێزراو بێت و یاسا چەتری هەمووان بێت و داکۆکی لە هەمووان بکات و سزای تاوانبارانیش بدات، هەولێری ئێستا، شانازییەکە بۆ هەموو کوردستانیان، دەستکەوتێکی هاوبەشی پارتی و هەولێرییەکانە و بەرامبەر هیچ شتێک هەولێرییەکان ڕسک بە هەڵبژاردەی خۆیانەوە ناکەن و بۆ دەستکەوتی زیاتر جارێکی دیکە پارتی دەکەنە پێشەنگی بێ ڕکابەر لە هەولێری پڕ شکۆ و شانازییەوە.
پارتی، سەروەریی کوردستانە، پارێزەری کوردانە لە هەرکوێ بن، هەر بستەخاکێکی کوردستان بکەوێتە ژێر هەڕەشە یەکەم سەنگەر سەنگەری پارتییە بۆ پاراستنی، ئەو سەروەرییەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەیەتی، بەهۆی سەنگ و هێزی پارتی و سیاسەتی دووربینانە و ژیرانە و پڕ حیکمەتی سەرۆک بارزانیەوەیە، ئەوەی وا دەکات کوردستانیان هەست بە شکۆ و شانازای خۆیان بکەن، بەرامبەر نەیاران و ناحەزانی ناوی کوردستان، بێگومان هەڵوێستی بەرزی پارتییە و ئەگەر ئێمە بە دەنگەکانمان پارتی بەهێزتر بکەین، نەیاران توشی نائومێدی دەکەین و بە هەڵبژاردنی پارتی پێیان دەڵێین؛ پیلانەکانتان تەنیا خۆ ماندوو کردنە و کوردەواری گۆتەنی ئاسنی سارد دەکوتن و هەرچی بکەن ناتوانن ئینتیمای نیشتیمانی و سەروەریی هەرێمی کوردستانمان لە دڵدا کاڵبکەنەوە.

بۆ ئەوەی هەمیشە یاسا بەرقەرا بێت و هەرێمی کوردستان سەروەرییەکەی پارێزراو بێت، ئەم هەڵبژاردنەش وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو چارەنووسسازە و دەبێت بەو پەڕی هۆشیارییەوە دەنگ بدەین و کوردستان لە سایەی پارتی ڕێگا سەخت و پڕ هەورازەکانی بڕیوە و لە سایەی پارتییش ڕۆژێک بە ئامانجی ڕەوای خۆی دەگات.