ئاری ئاغۆک
لەنێوان ژیان و مردندا، ئاوێنەیەک هەیە بۆ خۆناسین و خۆبینین، لە مەودای مردن و ژیاندا، کۆمەڵە ڕستەیەک هەیە بۆ جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کاتێ لە ژیاندا بوون ئەوا بە کۆمەڵە خەون و بەرنامەیەکەوە چیرۆکەکانی ژیانیان دەنووسیەوە، چەند جوانە ئەو کەسانەی بە پاکی و ڕەونەقەوە، شانۆی ژیان جێ دێڵن، بە کۆچکردنیان هەمووان بۆی تاسەبار دەبن، ئەو جۆرە مرۆڤانە لە پێناو ئەرشیف و ڕۆناکبیری و مرۆدۆستی و ئیمانناسی مێژوویان بۆ خۆ تۆمار کردووە، ئەوا هەمیشە جێگەی شانازین، بۆیە کاتێ کەسێکی لەو جۆرانە ژیانئاوایی دەکەن، وێڕای مانەوەی (پەنجەمۆری شانازی)، ئەوا لە چەند دیدگایەکەوە دەفتەری یادەوەریەکانیان دەخوێنرێتەوە.
(هاشم حاجی عەلی شەناغەیی) یەک لەو مرۆڤانەیە لەو پێناسەیەی سەرەوەدا خۆی دەدۆزێتەوە؛ بەداخەوە چل ڕۆژ لەمەوبەر ژیانئاوایی کرد، کە لە چەندین پەنجەرەی ژیانەوە خەمخۆری و دڵسۆزیی لێ بەدی دەکرێت.
لێرەدا وەک ئەمەکداری و وەفا و ڕێزێک، بە هەناسەیەکی ساردەوە چەند پەیڤێک بۆ گەرمی و جوانیی ژیانی ئەو پیاوە پاکە دەردەبڕین، وەک ئاماژەمان پێ کرد لە چەندین پەنجەرەوە خزمەتی کردووە و شوێنپەنجەی دیارە؛ بەرچاوترینیان بریتین لە: کولتوور و کتێب و ڕەسەنایەتی.
لە (کولتوور)دا هەوڵی دا لە چوارچێوەی پەیامێکی ڕۆشنبیریدا، گرنگی بەو لایەنە بدات؛ ئەویش بە ئامادەبوونی لە سەرجەم چالاکیە کولتووریەکانی شاردا، هەروەها بە نووسین و دواندن و بەسەرکردنەوەی حەیرانبێژ و لاوکبێژە دێرینەکان و خستنەڕووی ژیان و بەرهەمی هونەرییان لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، کە یەکێک بوو لە کارە کولتووریە جوانەکانی (هاشم شەناغەیی)، ئەمەش نیشانەی وەفاداری و دڵسۆزی و خەمخۆریی بوو بەرانبەر بە کولتوور و ڕەسەنایەتی، کە خۆبەخشانە ئەم هەوڵە مێژووییەی دەدا، بۆیە ئەمە یەکێکە لەو تابڵۆ لەیادنەکراوانەی کۆچکردوو بە سەیرکردنی هەست بە شانازی دەکرێ.
لە بواری (کتێب)یشدا هەمدیس خەمخۆری و دڵسۆزیی لێ بەدی دەکرا، بۆ مێژوو دەیڵێم هەر کاتێ کتێبێکی تازەم بەچاپ گەیێندرابا، کۆچکردوو (هاشم شەناغەیی) یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان و بە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی یا دیداری ڕووبەڕوو دەستخۆشی و پیرۆزباییی ئاراستە دەکردم، ئەمەش هەم هاندان بوو بۆ من، هەم هێزی وزەبەخشی نووسین بوو بۆم، جگە لەمەش لە ڕێوڕەسمی ناساندنی هەر کتێب و چاپکراوێکمدا لە وادەی خۆی زووتر ئامادە دەبوو، نەک بۆ بەرهەمی من، بۆ زۆربەی زۆری ڕێوڕەسمەکانی ناساندنی کتێبدا، لە هەر لایەن و دەزگا و شوێنێک بوایە، ئەو ئامادە دەبوو.
بۆیە دەتوانین بڵێین (هاشم حاجی عەلی شەناغەیی) یەکێک بوو لە ڕەمزە جوانەکانی جیهانی کتێب، کە خوێنەرێکی جدی و کتێبناسێکی باش بوو، ئەمەش مێژوویەکە لەو ئاوێنە لەیادنەکراوانەی کە نابێ لەبیر بکرێ.
لە دنیای (ڕەسەنایەتی)ـشدا نابێ ڕەسەنایەتی و پاکی و خەمخۆریی ئەو پیاوە دڵسۆزە فەرامۆش بکرێ، چونکە ئەو هەمیشە بە ڕەسەنایەتی و هزری نەتەوەیی باخچەی ژیانی ئاو دەدا و دوور لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیاری ناڕەسەن، هەرگیز ڕق لە دڵ و بیرکردنەوەیدا نەبوو، بۆیە هەمیشە ڕۆح و بیرکردنەوەی ئەو مرۆڤە، چەمکی ڕەسەنایەتیی لێ بەدی دەکرا.
لێرەدا دیسان وەک وەفا و ڕێزێک، هەروەها وەک ئەمانەتێکی ڕۆژنامەوانی و مێژوویی گەشتێکی خێرا بە وێستگەی ژیان و کارەکانیدا دەکەین.
– هاشم حاجی عەلی شەناغەیی.
* ڕێکەوتی ١/٧/١٩٦٦ لە گوندی شەناغەدا لەدایک بووە؛
* خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە گوندی شەناغەدا داوەتە سەر؛
* ساڵی ١٩٨٤ ژیانی هاوسەرایەتیی پێک هێناوە، خاوەن چوار کوڕ و سێ کچە: هیمداد، ژیان، عیماد، شۆخان، ڕۆژان، هیوا، محەمەد؛
* فەرمانبەرێکی دڵسۆز بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار؛
* بەرلەوەی دابمەزرێ پیاوێکی کاسب بووە و بە دوای ڕزقی حەڵالدا گەڕاوە؛ چەندین پیشەی کردووە: لەوانە: بۆیاغچیەتی و جامچیەتی؛
* تا کۆچی دوایی هەمیشە لە خوێندنەوە و بەشداری لە بزاڤە چالاکیەکان دانەبرا و هەمیشە گرنگیەکی تەواوی دەدا بە بواری کولتوور و ڕەسەنایەتی؛
* کەسێکی خزمدۆست و ڕووخۆش و چاوتێر بوو، زۆر حەزی لە مێوان و ناندان بوو، خولیای گەشت و سەیرانی زۆر بوو؛
* نووسەر و کۆکەرەوەی بەرهەمی ڕەسەن بوو؛ بە تایبەتی (حەیران، لاوک، بەستە) هەروەها خولیای کۆکردنەوەی کەلوپەلی کەلەپووری و دێرین بوو؛
* ئەرشیفێکی جوان و دەوڵەمەندی هەیە، لە بواری بەرهەمی کۆن، کاری دەستی، کەرستە کەلەپوورە دەگمەنەکان، پتر لە ٢٥٠ کاسێتی حەیرانبێژان و گۆرانیبێژ و لاوکبێژان و بەندبێژەکانی پاراستووە؛
* خاوەن کتێبخانەیەکی فراوان بوو لە کتێب و دەستنووسی پارێزراو؛
* خوێنەرێکی باش بوو، سەدان دیوانی شاعیران و گۆڤار و ڕۆژنامەی پاراستووە؛
* سکەی پارەی کۆنی ئەرشیف کردووە و پاراستوویەتی؛
* هەر کۆڕێکی ناساندن یان سیمینار، یان بۆنە و یادێک هەبووبێ بە پەرۆشەوە ئامادەیی هەبووە؛
* لە بۆنە ئایینی و نیشتمانیەکان و پرسە و بۆنەی خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام ئامادەیی هەبووە؛
* بە داخەوە لەناو خەتمی ژمارە (٦٨)ـدا، لەسەر بەرماڵ لە نوێژی سونەت دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لەلێدان کەوت، ژیانئاوایی کرد؛
* کار و چاکە و چاکەخوازی و میهرەبانیەکەی شایەتی ئەو ڕاستیەن کە ئەو پیاوە ڕۆشنبیر و دڵسۆزە، بە پاکی ژیا و بە پاکییش سەفەری دنیا ئەبەدی کرد؛ ڕۆحی شاد.

