رۆژنامەی ھەولێر

پارتی حزبی هەموو سەردەمێک

فرسەت سەید شکور
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، بەردەوام خۆی نوێ کردووەتەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا گونجاوە. لە قۆناغەکانی خەباتی چەکدارییەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی و بنیاتنان، پارتی هەمیشە پێشەنگ بووە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی کوردستان. خاوەنی دیدگایەکی درێژخایەنە بۆ ئاشتی، پێکەوەژیان و دیموکراسی، نەک تەنها لە هەرێمدا بەڵکو لە سەرانسەری عێراقیشدا. ئەم توانایە بۆ مانەوە و کاریگەری لە هەموو سەردەمێکدا، پارتی دەکاتە حزبی هەموو سەردەمێک، کە دەتوانێت گەرەنتیی بۆ داهاتوویەکی گەشتر.
بە درێژایی مێژووی پڕشنگداری گەلەکەمان پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی ڕەسەن و کاریگەر، بەردەوام پێشەنگایەتیی خەبات و قوربانیدانی کردووە لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان. لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا پارتی بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نەکردووە، بەڵکو قوربانیی زۆری لەپێناو بەدەستهێنانیاندا داوە، ئەم مێژووە پڕشنگدارە بناغەی دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و تێکۆشانی بێوچانی پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی حەکیمانەی پارتییە قەوارەی هەرێمی کوردستان شانازییەکی گەورەی گەلەکەمانە و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر توانای کورد بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی خۆی کە خۆی لە خۆیدا ئەنجامی ئیرادەیەکی پۆڵایین و پابەندبوونێکی قووڵە بە خاک و گەل.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە باوەڕێکی قووڵی بە بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی قووڵ هەبووە ئەم باوەڕە تەنها لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا نییە بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیشدا هەمان دیدگای هەیە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە پارتی بەردەوام کاری کردووە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) وەک پایەکانی حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو لە عێراقێکی فیدراڵیدا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەڕێوەبردنی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار پارتی مروونەت و نەرمی زۆری نواندووە بەرامبەر بە هەموو لایەنەکان، هەموو کاتێک بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی عێراقی خستووەتە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکە.
ستراتیژییەتی پارتی، لە ئاستی کوردستاندا بەردەوامیدانە بۆ بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و پێشخستنی لە هەموو بوارەکاندا لەپێناو کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتووتردا .
لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا دەنگدان بە لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگدانە بە ئاشتی و سەقامگیری دەنگدانە بە گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی.
دەنگدانە بە پاراستنی ماف و ئازادییەکان و دەنگدانە بە داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان و عێراق.
کەواتە، پارتی ئەو حزبەیە، بە کردار خزمەتی خەڵک دەکات، هەردەم ئەوەی دەیڵێت کردوویەتی، لەلای خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پارتی ژمارەیەکی گەورەی کاریگەرە، و دەركەوتووە كە بەهێزیی پارتی، بەهێزیی هەرێمی کوردستانە.
کەواتە بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دیموکراسی و وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر، خەڵکی کوردستان گرنگە لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان بژارەیان بێت، چونکە پارتی داکۆکیکاری سەرەکیی سیستمی فیدراڵییە کە تاکە گەرەنتییە بۆ ماف و ئازادیی گەلانی عێراق و بۆ چەسپاندنی دەوڵەتێکی فیدراڵیی ڕاستەقینەدا وەک لە دەستووردا هاتووە.