رۆژنامەی ھەولێر

‎هەڵمەتی ئێمە و ئەوان

‎هاودەنگ فارووق
‎ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە، باشترین سەنگی مەحەكە، تاقیكردنەوەیەكیشە بۆ ئەوەی هەموو چاودێران و هاووڵاتییانی كوردستان بەشێوەیەكی ڕوونتر لە جیاوازیی نێوان پارتی و حزبە بچووكەكان تێبگەن.‎پارتی لەم هەڵمەتانەی هەڵبژاردندا بەكردەوە بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند حزبی ئەركە قورسەكانی دۆزی ڕەوای كوردە، سەركردەكانی پارتی، بەتایبەتی ” نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی” لە هەموو دەركەوتنەكانیاندا، بەزمانێكی پڕ لە ئەدەب و دەبڕینی باڵاو سەنگین و كوردستانیانە، پەیامی نەتەوەی كورد ئاراستەی بەغدا دەكەن، داوای مافەكانی كورد دەكەن، قسە لە ئایندەی وڵات جێبەجێكردنی دەستوور و پێگەی كورد دەكەن.
‎لەم بانگەشەیەیدا، پارتی هەر ئەوەی كردووە” پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش، بەڕوونی پەیامەكانی پارتی وەردەگرن و، حسابی لەسەر دەكەن. ‎لەبەرانبەردا، وردە حزبی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی كە دەیانەوێت وەك هاوشانی پارتی بناسرێن، بێ نەزم و بێ شیرازەن، ئەوەندە بێ ئاست و بێ زمانی سیاسی و بێ ئەدەبیاتن، ڕێك ئەو دێڕە فۆلكلۆرییەیان بەسەردا دەچەسپێت كە دەڵێت:
‎دەستم لێمەدە گشت گیانم زامە
‎تازە زامێ تر، هاتووە لەو لامە
‎شەقوەشاندنی سەر ستەیج، كوالێتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی بەجۆرێك دابەزاندووە، مەسرور بارزانی لەدێڕێكی جواندا گوتی: پارتی لە كوردستان هیچ ڕكابەرێكی نەماوە!‎پارتی بەشێوەیەكی ڕێكخراوی ئامانجداری دیسپلینكراو، بە ئەدایەكی بەرز و ستانداری سیاسی لەگەڵ بەغدا دەدوێت، كەسانێكی ڕاكردو لە بەرپرسیارێتی، دێن و، دەیانەوێت پارتی سەرقاڵ بكات بەشەڕە گەڕەك و بابەتی لاوەكییەوە. ئەوەش كرۆكی جیاوازییەكانی نێوان پارتی و حزبە لۆكاڵیەكانی دیكەیە.!