رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و بەشداری لــــــــە هەڵبژاردندا

نەبات ئەحمەد
لەو سەردەمەی کە مێژووی سیستەمی حوکمڕانیی پێشوو لەبەردەستماندایە، دەبینین حوکمڕانەکانی سەدان ساڵ لەمەوبەر چەندە مافخۆری ئافرەت بوون، بۆیە پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین.
پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین و سوود لە سیستەمی نوێی حوکمڕانی وەک دیموکراسی ببینین و بەشدار بین لە پڕۆسەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانمان. گرنگە ئافرەت وەک تاکێک لە کۆمەڵگادا سەیری بەرنامەی گشتیی کاندید بکات بۆ ئەوەی بڕیار بدات کێ هەڵدەبژێرێت؛ هەڵبژاردنێک لەسەر بنەمای ئەوەی کام بەرنامە زیاتر خزمەت بە داخوازییەکانی دەکات.
کاری ئافرەتانی هۆشیار و ڕێکخراوەکانی ئەم بوارەیە کە تاکی ئافرەت جۆش بدەن لەوەی ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی.
مەرج نییە ئافرەت تەنها ئافرەت هەڵبژێرێت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە ئافرەت ئەوە هەڵبژێرێت کە خزمەت بەوە دەکات کە تاکێکی دەنگدەری ئافرەت بڕوای پێی هەیە.
لێرەدا پەرەپێدانی ئەو ئاڕاستە بیرکردنەوەیە ئەرکی هەر یەکێکمانە کە لە ڕێکخراوەکان و چالاکییەکانی بواری ئافرەتان کار دەکەین.
بۆیە، چەند گرنگە ئەو هەلە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی بیرکردنەوە و هەڵبژاردنمان بقۆزینەوە، ئەوەندەش گرنگە ئافرەتانی دیکە لەم شێوازە ئازادەی بیرکردنەوەیەدا هۆشیار بکەینەوە.