گوڵستان بەهجەت
پێگەی ئافرەت لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان بە جیاوازیی ئایینی و کەلتوورییەوە، ئەوەندە گرنگە و جێگەی بایەخە کە کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری لە پڕۆسەی سیاسییەوە هەیە، بەتایبەت لە بەشداریکردنیان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی وڵات.
ئافرەت لە زۆربەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئەگەر زۆرینە پێک نەهێنێت، ئەوە ڕێژەیان کەمتر نییە لە پیاوان. بۆیە لە توانایاندایە بە دەنگەکانیان گۆڕانکاریی مەزن لە وڵات دروست بکەن، بەتایبەتی لە بابەتی یاساکانی پەیوەندیدار بە ئازادی و دادپەروەری و پێدانی ڕۆڵ لە گشت جومگەکانی وڵات، بە تایبەتی لە بواری سەرکردایەتیکردن و گەیشتن بە لووتکەی بڕیاردان.
کاتی ئەوە هاتووە ئافرەتان لە چوارچێوەی هوتافات و قسەی ڕووکەش بێنە دەر و دووربینانە و بە وردی و واقیع بینانە لە کاریگەریی ڕەگەزی خۆی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بڕوانێت. هۆشیاریی خۆی بگەینێتە ئەو ئاستەی لایەنە و ئاڕاستەی هزری و ستراتیژیی دوورمەودای ئەو لایەنە دیاری بکات کە لە ستراتیژیی قوڵمەودای سیاسەتی دادپەروەرانەی کردووەتە پلانی کارکردنی.
چەند ڕۆژی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت. ئافرەتان هەم بەربژێر کراون هەمیش مافی دەنگدانیان هەیە، واتە زەمینەیەکی لەبار بۆ خزمەتی ئافرەتان لە ئارادایە. تەنها بابەتێک کە گرنگە بیری لێ بکرێتەوە، هەڵبژاردنی ئەو لیست و بەربژێرانەیە کە لە ڕابردوودا توانیویانە پێگە و شکۆی ئافرەتان بپارێزن و زەمینەی پێشکەوتنی سیاسی و بەڕێوەبردنیان بۆ لەبار بکەن.
ڕابردوو بۆمانی سەلماندووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، چ لە نێو ئۆرگانەکانی حیزبی و ڕێکخراوەیی، چ لە نێو کایەکانی بەڕێوەبردن، خزمەتی بەرچاوی ئافرەتانی کردووە و وەک کاراکتەرێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ ئافرەتان کردووە.
بۆیە زۆر گرنگە لە پێناو زیاتر ڕەخساندنی زەمینەی هاتنە پێشی ئافرەتان لە هەموو کایەکانەوە، پشتگیری لە سیاسەتەکانی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت، تا هەم لە کوردستان هەمیش لە عێراق ڕووبەڕووی هەموو ئەو یاسا و کۆسپانە ببێتەوە کە ڕەگەزی مێینەیان تەنها وەک کەرەستەیەکی سادەی کۆمەڵایەتی بەکار هێناوە، کە باشترین نموونە ئەو یاسایە بوو کە ساڵی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراقی دەرچوو، کە مافی بە باوک و برای کچان دەدات لە تەمەنی (٩) ساڵیدا هاوسەری پێ بکڕێت، ئەگەر بە خۆی ڕازی نەبێت.
چوونی نوێنەرانی لیستی ٢٧٥ی پارتی نەک تەنها خزمەت بە ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەیانپارێزێت لەو لایەنانەی ژن وەک ئامراز و بە بیری کۆنەپەرستی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بەڵکوو دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی هەموو ئافرەتانی عێراق بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانەوە.

