رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، جەختی کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای دەستوور و بە بەشداریی هەموو لایەنەکان. هەردوولا بەردەوامیی ڕێککەوتنی ناردنەوەی نەوتیان بە گرنگ زانی.

ڕۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، کە ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا دەربڕی و جەختی کردەوە، “پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵیی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداریی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان”.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.