رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر: ” یەك دینار لە ئیدارەی گشتیی یەكێتی بۆ شەقامی فیدراڵی كۆیە تەرخان نەكراوە”

ئێواەری دوێنێ، پێنجشەممە، 2025.10.23، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە كردنەوەی شەقامی فیدراڵی لە سەنتەری قەزایی كۆیە ئاشكرا كرد و گوتی، ئەو شەقامە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر تەواو كراوە و پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی حكومەتە و حزبی نییە.

پارێزگاری هەولێر گوتی، چەند ڕاستیەک و زانیارییەک هەیە لە سەر پڕۆژەی شەقامی فیدرال لە شاری کۆیە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتیی و خەڵكی خۆشەویستی كۆیە ڕایبگەێنین، كە ئەمڕۆ بەدەستی جێگری سەروکی حکومەتی هەرێم کراوەتەوە و بەحزبی كراوە. ئێمە چەند ڕؤژێكە زانیاریمان هەبوو و هەوڵماندا لەكاتی جیبەجێبوونی پڕۆژەكە بەسەركردنەوەیەكمان هەبێت وەكو هەموو پڕۆژەكانی دیكە ، بەڵام بە ڕیزگرتن لەوەی كە ئاگاداربووین بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵمان بەشدار دەبێت لە كردنەوەی پڕۆژەكە ئێمە ڕێزمان گرت و سەردانی پڕۆژەكەمان نەكرد، كە بڕیار وابوو بەیەكەوە ئەو پڕۆژەیە بكەینەوە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان بەداخەوە بە شێوەیەكی حزبی كرا و وەكو حكومەت هەڵسوكەوتی لەگەڵ نەكرا، ڕاستە جێگری سەرۆكی حكومەت هەقی خۆیەتی بەشداربێت لەكردنەوەی پڕۆژەكان، بەڵام بەو جۆرە نا كە بە حزبی بكرێت و ئێمە وەكو حكومەت بەشدار نەبین و لێی ئاگادار نەبین، تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەت ڕاستیەكانی لەلا بوو بۆیە هیچ لێدوانێكی نەدا و هیچ وتارێكیشی نەبوو لە كردنەوەی پڕۆژەكەدا.

ڕاشیگەیاند، دوای ئەوە بەداخەوە بینیمان لە میدیاكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاو كرایەوە كە ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی یەكێتیە، كە ئەوە سەرلەبەری ناڕاستە و یەك دینار لە ئیدارەی گشتیی یەكێتی وەرنەگیراوە و ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێكراوە.

سەبارەت بە پڕۆژەكە و ڕوونكردنەوەی جێبەجێكردنی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، چیرۆكی ئەو شەقامە درێژە، لە ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانرابوو ڕەزامەندی ئەنجامدانی هەبووە، خەڵی كۆیە شایەدن پێشماڵەكانیان تێكدرابوو چەندین جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بۆ تەواوكردنی شەقامەكە، ئەوە بوو ئێمە لە 2022.4.19 سەردانی شاری كۆیەمان كردوو و چەند پڕۆژەكەمان بەسەركردەوە، خەڵی ئەو ناوچەیە هاتنە بەردەم ئێمە و داوای تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیەیان لێمان كرد، من هەر ئەو شەوە پەیوەندیم بە جەنابی سەرۆك وەزیرانەوە كرد و تەواوی بابەتەكم ڕوونكردەوە، لە ڕۆژی 2022.4.22، واتا دوو ڕۆژ دواتر ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا بە تەرخانكردنی سەرووی ( شەش ملیار دینار ) بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە.

گوتیشی، لەوكاتدا ئامانجی ئێمە وەها بوو دوای ڕەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و ڕاستەوخۆ لەڕێگەی تەندەر بدرێت بە كۆمپانیایەك تەواوی بكات، ئەوەبوو خستمانە پڕۆسەی تەندەرینگ، كەچی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت لەلای جەنابی سەرۆكی حكومەت شكایەتی لەئێمە كردبوو و داوای دواخستنی جێبەجێكردنی پڕۆەكەی دەكرد، ئێمەش ڕوونكردنەوەی پێویستمان لەوبارەیەوەدا بە جەنابی سەرۆكی حكومەت كە بودجەكەی ( 6 ملیار دینار) ە و لەدەسەڵاتی ئێمە دانییە بیدەین بە هیچ كۆمپانیایەك، ئەوەشمان نەشاردەوە كە نیەتی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەوەیە پڕۆژەكە بدرێت بە كۆمپانیایەكی حزبی، بۆیە جەنابی سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكانی شاری كۆیە زۆر سوود مەند نەبوونە و دەرفەتی كار بۆ خەڵی شارەكە كەمە، مەرجی ئەوەی دانا دەبێت ئەو پڕۆژەیە بدرێت بە كۆمپانیایەكی خودی شاری كۆیە”.

دوای ئەنجامدانی هەموو ڕێكارە یاساییەكان چەند كۆمپانیایەكی شارەكە هاتنە ناو پڕۆسەكە، كە دیسان دڵنیابووین كە هەر هەموو ئەو كۆمپانیایەش سەر بە كۆمپانیایەكی حزبین، بەڵام لە پێناو كۆیە و خزمەتكردنی شارەكە قەبوڵمان كرد پڕۆسەكە بەڕێوە بچێت، ئەوە بوو لە 20ی ئەیلوولی ساڵی 2022 لەمەراسیمێكدا سپاردنمان بۆ ئەو پڕۆژەیە كرد لەگەڵ كۆمپانیای ساكار بەبڕی ( 6 ملیار و 661 ملیۆن و 696 هەزار و 375 دینار )ە. و كۆمپانیای ناوبراو بەنزیكەی ملیارێك زیاتر كاری كرد لە پڕۆژەكە، دواتر هەستمان بەوەكرد دیسان نایانەوێت ئەو پڕۆژەیە ئەنجامبدرێت، دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوە كۆمپانیای ناوبراو كە پڕۆژەكەی ڕاگرتبوو، پڕۆژەكە لە كۆمپانیای ساكار ستێندرایەوە،دواجار بەپێی نووسراوی قائیمقامیەتی كۆیە و سەرۆكایەتی شارەوانی كۆیە، ئامادەیی كۆمپانیای ” دەلۆ “یان خستەڕوو بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە ، ئەوەبوو لە 2024.12.3، فەرمانێكمان دەركرد و لیژنەیەكمان پێكهێنا، لەكوێ و ئەو شوێنەی كە كۆمپانیای پێشووتر كارەكانی ڕاگرتبوو دەستی پێبكرێتەوە، ئەوە بوو لە 2025.3.18 پڕۆژەكەمان لە كۆمپانیای ساكار وەرگرتەوە و لە 2025.9.16، بە گوژمەی ( 5 ملیار و 798 میلون دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای “دڵو” کرا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە و تەواوكردنی. ئەم کۆمپانیایەش بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێنامەی داوە کە بەبێ وەرگرتنی پارەی پێشەکی، تا دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، کارەکان بەجێ بەهێنێت، و حکومەت دوای تەواوبوونەوەی پڕۆژەکە پارەکەی دەدات.

لە كۆتایدا بەڕای گشتی و هەموو لایەك بەتایبەتی خەڵكی شاری كۆیەی خۆشەویست ڕادەگەێنین، كە ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی حكومەتە و حزبی نییە و بۆ خزمەتی شاری كۆیەی خۆشەویست كە یەكێكە لە قەزا گرنگ و پڕبایەخەكانی سنووری پارێزگاكەمان جێبەجێكراوە.