رۆژنامەی ھەولێر

ساسان عەونی: ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە دیدگا و پلانی سەرۆک وەزیران بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی کردەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە گوتی: خزمەتکردنی هاووڵاتیان ئەرکی حکوومەتە، جا ئەو هاووڵاتییە لە سەنتەری شار دابیت یان لە گوندێکی دوورە دەست.

گوتیشی: ئەو پرۆژەیە بەشێکە لەو پلانەی سەرۆک وەزیران، کە بەمەبەستی چارەکردنی گرفتی کەمئاوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر و دەورووبەری دایناوە، تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و گوندەکانی دەورووبەریەتی، کە لە ماوەیەکی کەمی پێوانەییدا بە گوژمەی 222 ملیار دینار تەواو کرا.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، هاوتەریبە لەگەڵ پرۆژە گەورەکانی دیکەی حکوومەتدا لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، گوتیشی: ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژییەتی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم و دیدگای سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانییە بۆ جارەسەری کێشە لەمێژیینەکان و گرفتەکانە لە کات و ساتی خۆیدا.