رۆژنامەی ھەولێر

“مەتەڵ”، کتێبێک بۆ زاخاودانی مێشکی منداڵان

ئەرسەلان حەسەن

مەتەڵ لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەپێی دەڤەر و ناوچە جوگرافی و زار و بنزارەکان فرەناوە و لە هەر شوێنێک، ناوێکی تایبەتی خۆی هەیە. لە کۆن و کۆمەڵگای کوردەواریدا، کە زانست و تەکنەلۆجیا وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبووە یان نەگەیشتۆتە شوێنە دوورەدەستەکان، کاریگەری و ڕۆڵی لە کۆمەڵدا هەبووە و کایەیەکی بەجۆش‌وخرۆش بووە کە گوڕی بە کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانەی ماڵ و دیوەخان و بۆنە جیاجیاکان داوە و، شێوازێکی کاتبەسەربردن بووە و لە جیاتی ئامێرە تەکنەلۆژیاکانی ئێستا، شەویان بەخۆشی و شادییەوە پێ بردووەتە سەر.
مەتەڵ ئەو کایە باوەی ناو کۆمەڵ بووە کە لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسێکدا و زیاتر شێوەی پرسینەکەی مەتەڵاوی بووە، مرۆڤی بەرەو ڕامان و بیرکردنەوە بردووە و دەتوانین بڵێین مێشکی بارگاوی کردووەتەوە و هاوکات هەڵسەنگاندنێکیش بووە بۆ دەرخستنی زیرەکی و ئاگایی مرۆڤ و لەگەڵ بەهێزکردنی بیر و زەینی مرۆڤەکان، وشە و چەمکە کوردییەکانی پاراستووە بەدەرخستنی ئاگایی کولتووری نەتەوەیی.
مەتەڵ چییە؟ مەتەڵ وەک قۆزاخەی پەمۆ باسی ئەو شتەمان بۆ دەکات لە ناخیدا قۆنداقی کردووە. هانت دەدات بیری لێ بکەیتەوە و لە زەینتدا بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێی کە زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەتدا بەریەک کەوتوون، کەچی لەو کاتەدا خەیاڵت بەلایدا ناچێت و دووریش نییە واقت لێ وڕبمێنێت. هەندێک لە مەتەڵەکان هاوشێوەی شیعر، کێش‌وسەروادارن.

کتێبی “مەتەڵ”، کە دوا بەرهەمی چاپکراوی نووسەر (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی)یە، هونەری چـاپکـردن و دیـزاینی شیعرەکـان، کوالێتی و ستانداردی پەرتووکی نمـوونەیی منـداڵانە، بەڵام کەم وێنەیە. یەکـێکە لەو جوانـتریین پەرتـووکانەی لە ساڵی (٢٠٢٥) بۆ منـداڵان چاپ کراوە. کتێبێکی “٥٨” لاپەڕەیی دووتوێی بەرگێکی ڕەنگاوڕەنگی پەلکەزێڕینەئاسا و کاغەز ئارتی دیزاین جوان و لەژێر ناوی “مەتەڵ”ی سەر بەرگەکەی نووسراوە: (پێویستە هەموو منداڵێک پێش چوونە قوتابخانە بە کوردی و ئینگلیزی بیزانێت) و بۆ زاخاوی مێشکە، لە بڵاوکراوەکانی “خانەی ڕێنمایی خێزان”ـە و بەتیراژی “٢٥٠٠” نووسخە چاپ کراوە.
ئەم کتێبە بە زمانی سادە و پاراوی دنیای منداڵان نووسراوە و دابەشکراوە بۆ: (خێزان، جەستە، هاتوچۆ، گیانداران، وەرزەکان، پاکوخاوێنی، من و هاوڕێکانم، نیشتمان، ئاو و خۆراک، میوەکان، باخچەکەم، سروشت، پیشەکان، ڕەنگەکان) و هەر بەشەیشی لێ کراوەتەوە چەند بەشێکەوە کە بە شێوەی مەتەڵ بە فۆرمێکی نوێ و سەردەمیانەیە و دەتوانین بڵێین لە هەموو ئەو شتانە پێک هاتووە منداڵ پێش چوونە قوتابخانەی، واتا تەواوکردنی باخچەی منداڵان و چوونی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، پێویستە بیزانێت. چەند بەشێک بەنموونە دەهێنینەوە:
-خێزان
نووسەر ئەندامانی خێزانمان پێ دەناسێت و پێکهاتەکەیمان مەتەڵئاسا بۆ دەخاتەڕوو. مەتەڵە باوەکە بۆ “باوک”: (زاوای خاڵت بێتە ماڵت چی دەدەیەی؟!) نووسەر دەڵێت:

مرۆڤێکی خۆشەویست
ماندووی کارە وەک پێویست
لەگەڵ دایە هاوکارن
ئامادەن هەر چیمان ویست

-جەستە
نووسەر باسی ئەندام و پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ دەکات. مەتەڵە باوەکە بۆ “دەست”: (سەربانێکە و بنبانێکە، چوار مەڕ و شوانێکە)، ئەو دەڵێت:
ئەوە چییە دەیزانن
ئێوەش خاوەنی دووانن
کاتێک خواردنێک بخۆی
یەکسەری ئەو دەبەی بۆی
پێنج پەنجەشی پێوەیە
هاوکارێکی ئێوەیە

-وەرزەکان
جگە لە باسکردنی وەرزەکان باسی (باران، بەفر، تەرزە، با) دەکات. مەتەڵە باوەکە بۆ “با”: (نە دەمی هەیە نە ددان، فیکە دەکات وەکو شوان). شاعیر دەڵێت:
نایبینین و دەنگی دێت
هەستی پێ دەکەین کە دێت
گڤەگڤ دەکات زوو زوو
دەیناسینەوە هەموو
شتمان دەبات لەگەڵ خۆی
ناچارین ڕابکەین بۆی

-نیشتمان
شاعیر باسی نیشتمان، کوردستان و ئاڵای کوردستان و پێنج پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەکات. بۆ “کوردستان” دەڵێت:
ئەو خاکەی لامان بەنرخە و ڕەنگین
کەوا ئێمەی کورد لەسەری دەژیین
بەناوهێنانی هەموو سەربەرزین
هەرکەسێک زانی دەڵێین ئافەرین

-میوەکان
باسی میوە دەکات. “شوتی” لە مەتەڵە باوەکە: (خانوێکی سور، دانیشتوانی ڕەش ملئەستوور، دیواری سەوزە وەک گەڵای دار، ئاسن نییە، کلیل شار)، ئەو دەڵێت:
من خڕ یان درێژکۆلەم
گەورە یاخود بچکۆلەم
کە پێدەگەم شیرینم
میوەی وەرزی هاوینم
دەمپارێزێ توێکڵەکەم
تا بە جوانی پێ بگەم
توێکڵم سەوز و ناوم سوور
دەمناسیتەوە لە دوور
پاکم دەکەن بە چەقۆ
قاشم دەکەن لەسەرخۆ
لە ناو قاپ لەسەر سینی
زۆر جوانم کە دەمبینی
ئەوسا دەورم لێ دەدەن
دەمخۆن و تامم دەکەن
ئێستا دەزانن من چیم
ها ها ها ها من….

-باخچەکەم
باسی “باخچە، مامۆستا، بەڕێوەبەر، کارگوزار” لە باخچەی منداڵان دەکات. بۆ “مامۆستا”:
ڕوخۆش و میهرەبانن
جێگەی شانازیمانن
کاتێک دەدوێن لەگەڵمان
وەکو دایە و بابە وان
خۆشەویستن لای هەموو
کێیە پێمان بڵێن زوو

دواجار:
لەگەڵ دەستخۆشیم لە شاعیر بۆ ئاوڕدانەوەی بە شێوازێکی نوێ لە کایە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری. کتێبەکە بێ هەڵە و کەموکووڕی نییە. بۆیە پێویستە لە چاپی داهاتوویدا ئاوڕێکی ورد و جدیتری لێ بدرێتەوە و هەڵە و کەموکووڕییەکانی چاک بکرێتەوە.
سەرچاوەکان:
– کتێبی: مەتەڵ، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، بۆ زاخاوی مێشک، لە بڵاوکراوەکانی خانەی ڕێنمایی خێزان، چاپخانەی کەمال، سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٥.