ئارام كۆشكی – سلێمانی
لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند ڕۆمانێکی کوردیم خوێندەوە، بەشێک لەم ڕۆمانانە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەقی ئاڵۆزن، یان دەقی پۆستمۆدێرنن، بۆیە ئەمانە لە چیرۆکی بچڕ بچڕ و نووسینەوەی وڕێنە و پارچە وێنەن، کە خوێنەر دەتوانێت وێنەی تەواو و چیرۆکی تەواویان لێ دروست بکات و هاوکات خۆیشی سەربەستە لەوەی چ واتایەکی لێ هەڵدەگۆزێت. زۆرجار نووسەرانی کورد بۆ ئەوەی کەمتوانایی خۆیان بشارنەوە و لە لێزانیی سەبارەت بە “هونەری ڕۆمان” دێن و دەست بە نووسینی بێسەرەوبەر دەکەن و دواتر دەڵێن ئەمە تەکنیکە، یان شێوازێکی نوێیە و خوێنەری کورد هێشتا نە پێی گەیشتووە و نە تێی نەگەیشتووە. بەڵام لە ڕاستیدا شتەکە بەو شێوەیە نییە؟
ئەلفوبێی نووسینی ڕۆمان شارەزابوونە لە هونەریی گێڕانەوە و هاوکات بوونی پرسیار و کەڵکەڵەیەک، کە ڕۆماننووس بۆ خزمەتی ئەو پرسیار و کەڵکەڵانە دەکەوێتە هۆنینەوەی چیرۆک. لە وتارێکی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە هونەری ڕۆمان هونەری پیشاندانی ئاڵۆزیی بوونە، نەک هونەری ئاڵۆزکاندن. بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ڕۆمان دەنووس کردەی ئاڵۆزیی و ئاڵۆزکاندن تێکەڵ دەکەن و بەناوی ئاڵۆزییەوە تێکست دەئاڵۆزکێنن. هونەری ڕۆمان هونەری دوورکەوتنەوەیە لە ئاڵۆزکاندن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە هەزاران کێشەوە ئاڵۆزکاوە، پێویست ناکات دووبارە ڕۆماننووس ئەو ئاڵۆزکاوییە بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام گرنگە ئاڵۆزییەکەی پیشان بدات.
نموونەیەکی دیاری ئەدەبیاتی دونیا نووسەری ڕووسی “فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی”یە، کە ئاڵۆزییەکی زۆر لە جیهانی کاراکتەر و کارەکانیدا هەیە و دەخوازێت ئەو ئاڵۆزییەی کە ناوەوەی کاراکتەرەکاندا هەیە (ڕاسکۆنیکۆف لە تاوان و سزادا بە نموونە) وێنەی بکات و بیگۆڕێتە سەر وشە. بەڵام هەرگیز چیرۆکی کاراکتەرەکانی نەئاڵۆزکاندووە، بەڵکو ئاڵۆزی دۆخ و ژیانیانی پیشانداوە. جیهانی ڕۆمانی کوردی بەدەست بەشێک لە ڕۆماننووسانی نوێوە، بەتایبەت ئەوانەی سەرەتا شاعیربوون و دواتر بوونەتە ڕۆماننووس جیهانێکی ئاڵۆزکاوە. جیهانێکە لەبری ئەوەی خوێنەر خۆی تێدا بدۆزێتەوە، خۆی تێدا ون دەکات. ڕۆمان هونەری تەنها ونبوون نییە، بەڵکو ئەگەر هونەری ونبوونیش بێت، بەڵام بۆ دۆزینەوەی شتێکی نوێیە. واتە هونەری ونبوون و دۆزینەوەیە. ڕۆمانی کوردی ئەم نەوە نوێیەی شاعیرانی ڕۆمانووس بووەتە هونەری ونبوون، نەک دۆزینەوە.
خوێنەری کورد لەبەردەم دەقی ئاڵۆزکاوی ڕۆماننووسانی کورددا ناتوانێت سەرسام نەبێت. سەرسام بەو هەموو ئاڵۆزکاندنە نەک بەو داهێنان و نوێگەریی. خوێنەری کورد لە رۆمانەکانی “ئەلبێر کامۆ، سارتەر دۆستۆیڤسکی، کافکا” و زۆر نووسەری دیکەی ئاڵۆز و سەخت تێدەگات، بەڵام ناتوانێ لە چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەرە هاوزمانەکەی خۆی تێبگات کە باسی ژیانی ئەو دەکات؟ ئایا ئەمە کێشەکە خوێنەری کوردە؟ یان ڕۆمانووسان؟
بێگومان من پەسنی سادەیی و سادەکردنەوە نادەم، بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزی و ڕوونیم، هاوکات دژی ئاڵۆزکاندن و تەمومژی بێ بنەمام. ئاساییە تێکست ئاڵۆز بێت، بەڵام خاوەن گوتار بێت. ئاساییە تێکست ڕوون بێت، بەڵام هەڵگری گوتار و شێواز و تەکنیکی بەرز بێت. بەڵام ئایا ڕۆمانووسانی کورد ئاگاداریی ئەوەن کە ڕۆمان بەپێی پەیڕەوکردنی قوتابخانەیەکی دیاریکراو نانووسرێت؟ بۆ نموونە ناکرێت ڕۆماننووسێک بڵێت من ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرن دەنووسم، چونکە ئەوە چیرۆکەکەیە بڕیار دەدات چۆن بگێڕدرێتەوە و ئەو جیهانەیە کە حیکایەتەکان دەیخوازن چۆن بگەن بە خوێنەر نەک جیهانێک نووسەر بەسەر تێکستدا سەپاندبێتی. نووسین تەنها هونەری ئازادی نووسەر نییە، بەڵکو هونەری ئازادی کاراکتەر و حیکایەت و ڕووداوەکانیشە. نووسەر دەسەڵاتی کۆکردنەوە و نووسینەوەیان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە ڕەها نییە (وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن)، بەڵام ئەم دەسەڵاتەش سنووردارە.
کێشەیەکی گەورەی ڕۆمانووسانی کورد ئەوەیە کە هەموو دەیانەوێت وەکو جۆیس، یان فۆکنەر بنووسن، کە ئەوانە دوو لە تایبەتترین ڕۆمانووسانی جیهانن و ئەوان دۆخی ئاوارتەن، نموونەگەلێک نین کە چاویان لێ بکرێت، نەک لەبەرئەوەی ئەوەی نووسیویانە لاوازە، یان هەر هۆیەکی دیکە، بەڵکو لەبەرئەوەی جیهانی ڕۆماننووسی ئەوان ئاوارتەیە و ئیمکانی دووربارەکردنەوەی بەو ئاستە بەرز و ناوازەیە مەحاڵە. بۆیە هەموو کۆپیکردنێکی ئەو جیهانە دەبێتە جیهانێکی ئاڵۆزکاو، کە هیچی ئەوتۆ بە خوێنەر نادات.

