رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر …” بازاڕی سپی ” بە فەرمی بەڕووی هاوڵاتییان و کاسبکارانی کرایەوە

لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حزبی، لە ڕێورەسمێکدا ” بازاڕی سپی ” لە گەڕەکی شادی شاری هەولێر بە فەرمی بەڕووی کاسبکاران و هاوڵاتییان کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لەکۆنگریەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان وێڕای پیرۆزبایی لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕەکە رایگەیاند، پڕۆژەی دروستكردنی بازاڕی سپی بەشێوازێكی سەردەمیانە کە سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی تێدایە، لە جیاتی بازاڕی سیم دروستکراوە، کە لە دوای چەند جارێك دووبارەبوونەوەی رووداوی نەخوازراوی سوتان لە بازاری پێشووتری گەرەکی کوردستان، ڕێزدار مەسرور بارازانی، سەرۆکی حکومەت ڕایسپاردین کە جێگەیەکی شایستە بۆ کاسبکارانی بازاری سیم دیاری بکرێت.
گوتیشی، ئێستاش بازاری سپی، لە باشترین شوێنی هەولێر و لەسەر شەقامی 120 خێرای شاری هەولێر دروستکراوە و بە فەرمی دوکانەکانی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوە ئەوانەی لە سوتانی بازاری پێشوو زەرەرمەند بوون.
ڕاشیگەیاند، ئەم بازاڕە هاوچەرخە هەموو بابەتەکانی ئاو و ئاوەرۆ و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و مزگەوت و گەراج و شەقام و سەوزایی و بابەتی دیکەی خزمەتگوزاری گشتی تێدا فەراهەم کراوە.
داواشی لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕەکە کرد بۆ مانەوەی بازاڕەکە بەو شێوەی ئێستای ڕێگە بە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی نەدەن.
جێگەی باسە، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بۆ دروستكردنی بازاڕی سپی دابین كراوە و بە گوژمەی ( 14 ملیار و 412 ملیۆن دینار) لە رۆژی 19ی (نیسان/4)ی ساڵی 2022 لە سەر شەقامی سەرەکیی 120 مەتری لەگەڕەکی شادی، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی بازاڕی سپی لە هەولێر دانرا، کە ژمارەی دوکانەکانی 708 دوکانە و بازاڕێکی هاوچەرخە و لە بڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروستکراوە. پێشتر بازاڕی سیم لە جەمەلون و ماددەی دیکە دروستکرابوو و بەهۆی ناڕێکیی دروستکردنی بازاڕەکە چەندینجار ئاگریگرت و سوتاو و زیانی گەورەی بە کاسبکارانی گەیاند، بازاڕی سپی لە جیاتی ئەو بازاڕە دروستکراوە.