شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە وەرزێکی نوێی کار و چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، کە هەفتانە بە هاوکاری پارێزگای هەولێر، فیلمە کوردییەکان لە ئێمپایەر سینەما نیشان دەدرێت، بڕیارە ئەوڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ـی تیشرینی یەکەم، فیلمی سینەمایی “هیچ”، کە لە نووسین و دەرهێنانی “دیاکۆ بایز” و نواندنی “محەمەد شێروانی”ـیە لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بە ئامادەبوونی ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمەکە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی بواری فیلمسازیی نمایش بکرێت.
ئەو فیلمه بەرهەمی سیناکورد و به بیرۆکەی “دیاکۆ بایز”ـە و ناوەڕۆکەکەی باس لە گرفتێکی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی کوردی دەکات و عەشق و ئەوین و ئازاریش بوونەتە هەوێنی فیلمە سینەماییەکە و دەرهێنەر هەوڵیداوە، گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و دۆزینەوەی خاڵی چارەسەر لەو بەرهەمەدا نیشانی بینەر بدات.
جێگەی باسە، ئەو فیلمە ئێستا ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و بە بەرزترین کوالێتی دیمەنەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وێنەگیراوە.

