رۆژنامەی ھەولێر

کرمانج مستەفا:” پارتی سیمبوولی بەرخۆدان و قوربانیدانە”

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دەرهێنەرێک، کە لەوەتەی هەیە وێڵە بەدوای کۆکردنەوەی دیکۆمێنت لەسەر شۆڕش و داستانە کوردییەکان و ئامادەکردنی چەندین شانۆنامەی جیاواز و خۆی خزاندووەتە نێو مێژوو، بۆ هەڵدانەوەی پەڕاوی پڕ لە تراژیدیا و کارەساتە مێژووییەکانی گەلی کورد و ئازار و ئەشکەنجەی تاکی کوردی کردووە بە خامێک بۆ بەرهەمە شانۆییەکانی، لەبەردەم پرسیاری “هەولێر و هەڵبژاردن”ـیشدا نایشارێتەوە، کە تەنیا هێزێک بتوانێت داکۆکیی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی بکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە.

“کرمانج مستەفا” لەم ئاخاوتنەی “هەولێر”ـدا دەڵێت: هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسیە و تاکی کورد دەتوانێت خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام دەبێت ویژدانی زیندووبێت، کە کێ ئەو ئازادییە ڕەهایەی دەستەبەرکردووە و کێ خۆی بە خاوەنی دۆزی میللەتەکەی دەزانێت ئەو هەڵبژێرێت.
گوتیشی: وەک دەرهێنەر و شانۆکارێک ڕابردووی ئەو هێزەم بیرناچێتەوە، کە چ قوربانیەکی لە پێناو ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد داوە، بۆیە پێموایە پارتی دیموکراتی کوردستان سیمبوولی بەرخۆدانە و لەو پارتە بەولاوە ناتوانم متمانە بە هیچ هێز و لایەنێک بکەم و دەنگی خۆمی پێبدەم، بۆیە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی دا بە شانازییەوە دەنگ بە لیستی ٢٧٥ـی پارتیمان دەدەم، تا ماویشم لەسەر ئەو ڕێبازە خزمەت بە هونەر و نیشتمان دەکەم.