رۆژنامەی ھەولێر

لوقمان سەلیم، بە سیمای سپییەوە بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ لوقمان سەلیم بەرهەمێکی نوێی ئامادەیە و بڕیاری داوە بە سیمای سپییەوە بڵاوی بکاتەوە.

ماوەیەکە هونەرمەند لوقمان سەلیم رووخساری سپی بووە و بڕیاڕیشی داوە هەر بەو شێوەیە بیهێڵێتەوە، لەو بارەیەوە لوقمان سەلیم بە (هەولێر)ـی راگەیاند “پێموایە مرۆڤ لەگەڵ تەمەنی خۆی دەربکەوێت باشترە، منیش گەیشتمە ئەو قەناعەتە کە بەم تەمەن و ژمارەیەوە با چیدیکە دەستکاری خۆم نەکەم”.
دەربارەی بەرهەمی نوێشی، لوقمان سەلیم وتی “بەرهەمێکی نوێم هەیە و بەم سیمایەوە کلیپی بۆ دەکەم، ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی مازیار فایەق، تێکستەکە خۆی خۆشی دەوێت و لای منیش جوانە”.
لەبارەی بەشداریکردنی لە شەوە ئاهەنگەکان، کە بە (لایڤ میوزیک) لەناو خەڵک ناسراوە، لوقمان سەلیم ـی هونەرمەند دەڵێت : لایڤ میوزیک بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ دوو سوودی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە لەبەر ئەوەی لەسەر شانۆ ڕاستەوخۆ گۆرانیەکان پێشکەش دەکەی، ئەوەیان وەک مەشقێکی بەردەوام وایە بۆ هونەرمەند و دانابڕێت لە چۆنیه تی شیوازه کانی ئەداکردن و سەرجەم شێوازەکانیش دەتوانێ تاقی بکاتەوە، سوودی دووەمیش ئەوەیە داهاتێکی دەست دەکەوێت و،پێویستی بەکەس نابێت، دەتوانێ بۆ بەرهەمهێنانی کارە هونەریەکانیشی سوودی لێوەربگرێت.