رۆژنامەی ھەولێر

شەقامە ١٠٠مەترییەکەی سلێمانی؛ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

کۆتایی ئەم مانگە بەشە سەرەکیەکەی شەقامی ١٠٠مەترییەکەی سلێمانی بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەڵێت بە ڕێژەی سەدا ٨٥ـی پڕۆژەکە تەواو بووە.

شەقامە ١٠٠مەترییەکەی سلێمانی کە بە (ئۆتۆبانی بابان)یش ناسراوە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بەردی بناغەکەی دانراوە، بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کراوە و گوژمەی تەرخانکراوی پڕۆژەکە ٤٠٠ملیار دینارە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی سەرجەم شار و شارۆچکەکانە و هەمیشە هەوڵی داوە بەبێ جیاوازی ئاوەدانی بخاتە نێو سەرانسەری هەرێم. هەربۆیەش لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەکەدا دەستی ئاوەدانکردنەوەی گەیاندووەتە هەموو شوێنێک و بێ جیاوازی خزمەتی کردووە.
دلێر کەمال بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە ڕایگەیاند؛ درێژی ئەو بەشەی کە دەکرێتەوە ٣٤ کیلۆمەترە و ٢٦ کیلۆمەتری لێ قیرتاو کراوە، تەنها هێلکاری و ستونەکانی کارەبای ماوە کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەواو دەکرێت بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. وتیشی ئەو بەشەی کە دەکرێتەوە، لە تاسلوجەوە دەست پێ دەکات تاوەکو ناوگردان لە سنووری قەرەداغ، لەو بەشەشدا، ئۆڤەر پاسێک، پێنج ئەندەرپاس، یەک بەرزە پرد، حەوت یەکانگیر (یەکتربڕ) و ٦٨ ئاوبەرەی تێدایە.
کردنەوەی ئەو بەشەش ئاسانکارییەکی باش بۆ شۆفێران دەکات بەتایبەتی شۆفێری بارهەڵگرەکان.
ئاماژەشی بەوە کرد بەگوێرەی ئەوکاتەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ وادەی تەواوبوونی پرۆژەکەیە و تا ئەو کاتەش پرۆژەکە تەواو دەبێت.
ئەڵبەت شەقامە ستراتیجییەکەی ١٠٠مەترییەکەی سلێمانی درێژاییەکەی ١٤٦ کیلۆمەترە و چوار سایدە، پانیییەکەشی ٦٢ مەترە و دوو سایدی سەرەکی ٢١ مەتر و، دوو سایدی خزمەتگوزاری ١٠ مەترە.
پێکهاتەی پرۆژەکە ٧ یەکانگیر (یەکتربڕ)ی گەورە و ٥ بنگوزەر (ئەندەرپاس) و سەرگوزەر (ئۆڤەرپاسێک) و پردێک بە درێژای ٥٠٠ مەتر لەسەر چەمی تانجەڕۆ لەخۆ دەگرێت.
کۆمپانیا و دەستی کاری ناوخۆیی، بە کوالێتییەکی هەر باش پرۆژەکە جێبەجێ دەکات و جگە لەوەی ئەو شەقامە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لە سلێمانی، کاریگەرییەکی باشیشی لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێشچونی ئابووری ناوچەکە دەبێت. هاوکات سیمایەکی نوێ بە شارەکە دەدات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆکەران دەکات.