شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “حەسەن شەریف” هەمیشه وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەری پێشمەرگەدا گۆرانیی بۆ نیشتمان و ئازادی کورد دەڵێت، چوونکە ئەو بڕوای وایە، خەبات و تێکۆشان شانازییەکن بەر پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون، تەنانەت سەرۆک و ڕابەرمان بارزانی تا ئەمڕۆش هیچ ناونیشان لە ناوی پێشمەرگە گەورەتر نابینێت، کە گوزارشت لە خەباتی خۆی بکات، بۆیە وەک هاونیشتمانیەکی کورد، کە پەڕاوی مێژووی میللەتەکەم هەڵدەدەمەوە، ناتوانم بێ ویژدان بم لە ئاست گەورەیی ئەو ڕێبازە پیرۆزەی، کە نیشتمانپەروەری ئەولەویەتی ئەندامیەتی، چوونکە گەلێک خاک و ئاو و کێوەکانی لەلا هەرزان بێت، هەرزوو سست و لاواز دەبێت و بە شنە بایی پاییز هەڵدەوەرێت.
گوتیشی: وەک هونەرمەندێک لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیم لەو هێزە کردووە و گۆرانیی و سروودی نوێم بۆ ئامادە کردووە و ئێستاش خەریکی پڕۆژەیەکی هونەری نوێم و پشتیوانی خۆشم هەر لە ڕێی گۆرانیەکانمەوە بۆ لیستی ٢٧٥ دەردەبڕم و لە ڕۆژی هەڵبژاردنیشدا سەندووقەکانی دەنگدان زەردپۆش دەکەین، چوونکە ئەگەر بمانەوێت کار و پڕۆژە هونەرییەکانی هونەرمەندان بەردەوام بن دەبێت دەنگی پارتی زوڵاتر بکەین لە جاران تا بتوانێت داکۆکیی لە مافەکانمان بکات.

