رۆژنامەی ھەولێر

کورد و دەریا!

خوسره‌و جاف
سەرەتا کورد زادەی ناو زنجیرە شاخی زاگرۆس بووە تا بە ئەمڕۆش، کە سەدەی بیست و یەکەمە ھەر وا بووە و ھەروا ژیاوە، ژینگەیەکی شاخاوی پڕ لە ئاو و دار و درەخت و لەوەڕگای بەربڵاوی جۆراوجۆر بووە.

لە مێژوودا چەندین جار پێش ھاتووە لەلایەن ھێرشبەرانی لە ئێمە بەھێزتر وڵاتمان داگیرکراوە، ئێستاش ئەوە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم گوزەراوە، هیشتاش وڵاتی ئێمەی کورد کراوەتە چوار بەشەوە، ھەریەکە لەو بەشانە خۆیان بە خاوەنی سەر و ماڵمان دەزانن.
کوردستانی ئەوسا و ئێستای ئێمەی کورد لە دەریاوە دوور بووینە دەتوانم بڵێم زۆربەی کورد لە نزیکەوە دەریای نەدیوە، وەک چیرۆکی خۆماڵی کەم جار باس لە دەریای تیادایە، چوونکە ئێمەی کورد لە مێژە میللەتێکی شاخاوی بووینە و لە شاخدا ژیاوین بە تایبەت لە زنجیرە شاخەکانی زاگرۆسدا ژیانمان بردووەتە سەر، من وەک کوردێک لە ساڵی ١٩٦٦دا بۆ یەکەمین جار دەریام دی. بەڕاستی کە لە نزیکەوە دانیشتم بە گیانلەبەرێکی زەبەلاحم ھاتە به ر چاو، ئەو شەوە تا بەیانی بەندە لە لێواری دەریا دوور نەکەوتمەوە و بیرم لە لرفە و ھاژەی شەپۆلەکانی، ھەروەھا گیانلەبەرانی ناو قووڵاییەکه ی ده کرده وه.
باشە ئایا کابرایەکی کەوا لە دوورگەیەکدا یان لێواری دەریادا له دایک بوه داخۆ ئەوە چۆن بیر لە ژیانی ئەو کەسانەی لەناو شاخە ئاڵۆزەکاندا، یان سارای کاکی بە کاکیدا ھاتوونەتە دونیاوە. دەکات. دەبێ لەو ڕووەوە چۆن بیربکاتەوە، دەی ئەوە حاشاھەڵنەگرە دەریا بۆ ئەو میللەتانەی شاخاوین بە گیانلەبەرێکی ڕازدار دەزانن، یا ھەرنەبێ پڕ لە رازی ھەڵنەھێنراوه، بەندە بازنەی ئەم باسە بچووکتر دەکەمەوە و دێمە سەر باسی عەشیرەتی پان و پۆڕی جاف و دەریا و ئاو. وەک زانراوە تا سەد ساڵ لەمەوبەر زۆربەی زۆری ئەم عەشیرەتە کۆچەربوونە و زستانان لە گەرمیان و شێروانە و بناری قەڵا مەزنەکەی حەمەپاشای جاف بوون، ئەوەش ئاشکرایە ئەم عەشیرەتە گەورەیە دژی نیشتەجێبوون و کشتووکاڵ بوونە و تەواوی ژیانیان پەز و ڕانداری و بەرزەوڵاخ بەخێوکردن بوونە، واتە (ئەسپ و ماین) بۆ نموونە تەنھا مەحموود پاشای جاف وەک مولکی شەخسی ھەزار ئەسپ و ماینی ھەبووە، ئەوڕۆکە ئەسپی جافی یەکێکە لە رەگەزە ناسراوەکانی دونیای ئەسپ، کە لە باری خوو خوولیاوە بە ئەسپێکی بەھێز و توانا و ماندوونەناس و خۆش قەبارە و ھەیکەل ناسراوە. لەبیرمە ھەتاوەکوو: موحەمەد رەزا شای ئێران لە پێش ھەرووژانیشدا بە چەند ساڵ لە (سەردار جاف)ی (مورافیقی تایبەت) دەربارەی ئەسپی سپی جاف پرسوجۆی کردبوو، ئەو پاشایە زۆر لە رەگەزی ئەسپە جۆراوجۆرەکانی لە گەوەڕە تایبەتمەندیەکەیدا گلێرکردبوویەوە، بەڵام ئەسپی سپی جافی تیایدا نەبووە. سەردار جاف ئەسپێکی نایابی جافی پێشکەش کرد و خرایە لیستی رەگەزەکانی تری ئەسپەوە. جاف تێکڕا لە ئاژەڵداری بەولاوە کاروکاسبییەکی تری نەزانیوە، ناوە ناوە تاڵان بڕۆشیان کردووە. تا دابینکردنی سنووری نێوان ئێران دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقی 1920 جافی کۆچەرو دانیان بەو سنوورەیدا نەناوە و ساڵانە لەو ھاتوچۆیەیدا بە ملیۆنەھا مەڕوماڵاتەوە لە گەرمیان و کوێستاندا بوونە و ھەمیشەش بووبوونە مایەی گرفت و کێشە بۆ خەڵکە نیشتەجێیەکەی چەپ و ڕاستی. خەڵکە نیشتەجێیەکە ساڵانە ئەو کۆچوبارە لە قزرابادەوە (سعدیە) واتە بناری (حەمرین)ەوە کە بە موڵکی حەمەپاشای جاف دەژمێردرا، دەستی پێدەکرد، تا دەورووبەری (سنە و سابڵاخ).
دەمەوێ بڕێك ڕاز و نھێنیی عەشیرەتەکەم، کە جافن وەک باس بیخەمە بەرچاوتان بە تایبەت دەربارەی (ئاو، ڕووبار، باران) لەبەر ئەوەی ئەم عەشیرەتەی ئێمە ئاژەڵ و مەڕوماڵاتداربوونە و لە قوڵایی مێژووشەوە کۆچەربوونە. گرفتی ژیانی کۆچەری تایبەتمەندی خۆی ھەبووە، بە تایبەت ترس و تۆقینیان لە بارانی بە خوڕ بووە، کە زۆر پێش ھاتووە ژمارەیەکی زۆری مەڕوماڵاتیان لافاوی بارانی بە خوڕ بردوویەتی و تووشی زەرەرو زیانی گەورە بوونە.
بڕوانە ئەم وتە بەناوبانگەی ناو جافە کە دەربارەی ڕووباری (سیروان) وتویانە وەک زانراوە ڕووباری (سیروان) لە چەندین جۆگەڵە و کانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە سەرچاوەی سەرەکی پێکھاتووە ئەو ڕیڕەوە دوورو درێژەی ڕووباری سیروانە تا دامینەکانی زنجیرە شاخی حەمرین زۆرتر ھەر بە دەڤەرێکدا سەرەو خوار بووە ھاوین و زستان لەبەر ڕێگای جاف بووە.
یەکەم: لە ئاو ترساون.
دووەم: بە تایبەت لە ڕووباری سیروان. بۆیە لە مێژەوە دەربارەی سیروان وتویانە (سیروان لێشت نەدەم ھەر دەمبەی؟)
نموونەیەکی ترس و تۆقیانی جاف لە باران و لافاو واباوە خێڵێکی جاف دەیانەوێ ھەوارگە بگوێزنەوە ئاسمان ھەور دایدەگرێ و نمەنمە باران دەست پێدەکا، ئیتر ئەوە خێڵه‌ خەریکی کۆچ و بارن سەرخێل روو دەکاتە ئاسمان و بە دەنگی بەرز دەڵێت: وە قورعانی حەق ناڕۆین و ناگوێزینەوە لە پشتی خۆیشەوە بە دەست ئاماژە دەکا بۆ بەقیەی خێڵەکەی و دەڵێت: بە دوو لا بڕۆن با نەبینرێن.
ئەگەر بڕوانی وردبیتەوە لە کوردستانی گەورە تەنھا دوو ئاوی زۆر ھەن، یەکەمیان (گولی زرێوارە) کە لە نزیک شاری (مەریوانە) و لەڕێرەوی گەرمیان کوێستانی جافی کۆچەریدا. دووەمیان دەریاچەی (وان)ـە کە شاری (وان) لە کوردستانی باکووردایە و ترس و سەرسامی کورد دەربارەی دەریا زۆرتر لەوەدایە کەم کورد تا بە ئێستا دەریای دیوە.