رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری کاریگەر

بەکر کەریم حەسەن*
(رالف نادر) پارێزەر و چالاكوانی ئەمریكی بە بنەچە لوبنانی دەڵێ “كاری سەركردایەتی بریتییە لە شیاندنی زیاتر لە سەركردە، نەك زیاتر لە شوێنكەوتوو”.
بە گشتی گرینگیدان بە سەركردایەتیی پەروەردەیی لە سەدەی 21 یەكێكە لە پێویستییە هەرە گرینگەكان تایبەت لە وڵات و هەرێمەكانی كە دەیانەوێ زیاتر پێشبكەون و قۆناغی تر بچنە پێشەوە، و تاكو بتوانن وڵاتی خۆیان بنیات بنێن، گومانی تێدا نییە بە پێی هەموو بەدواداچوونێكی فەرمی و نافەرمی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بە گشتی و قوتابخانەكان پێویستیان بە سەركردەی كاریگەر و پەروەردەیی هەیە، تا بتوانێ‌ باشترین فێركردن و خوێندن و پەروەردەكردن فەراهەم بكات و ژینگەیەكی گونجاو بڕەخسێنێ لە قوتابخانەدا، گەر قوتابخانە ئارام و شیاو و گونجاو بوو، ژینگەیەكی ڕەخساو و لەبار بوو بۆ پەروەردەكردن و فێركردن بە گشتیی بۆ قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران پرۆسەكە بە گشتی پڕبەرهەم و سەركەوتوو بوو، ئەو كات دەتوانرێ بگوترێ توانراوە قوتابخانە ئامانجەكانی پەروەردە و فێركردن بهێنێتە دی لە پێناو گرینگیدانی زیاتر بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و چارەسەركردنی كێماسی و گیروگرفتی پەروەردەیی لێرەو لەوێ تایبەت لە قوتابخانەكان.
گرینگە ساڵانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێشنیاری بەسوود و قازانجبەخش بە پرۆسەكە بخەنە ڕوو بۆ وەزارەتی پەروەردە كە ساڵانە دەستپێشخەری چەند سەد مامۆستایەك بۆ ڕاهێنان و شیاندن ئامادە بكەن و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بكرێتە بەڕێوەبەری كاریگەر لە قوتابخانەكان بە پێی كۆمەڵێ مەرج و پێوەر و بنەما لە ڕووی بڕوانامە و تەمەن و خول و بڕوانامەی ڕاهێنان و ساڵانی خزمەت و دیدگا و پەیام و كەسایەتی پەروەردەیی پێوەری تر لەلایەن لیژنەیەكەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاكان و یەكە سەرپەرشتیاری پێشنیار بكرێت. دواتریش بە پێی نمرەی دابەش كراو بە سەر پێوەر و بنەماكان و نمرەكانی كۆبكرێتەوە هاوتەریب لەگەڵ شارەزایی زانستی و پەروەردەیی و كارامەییەكان بە گشتیی و بەها و توانا پەروەردەییەكانی نمرەكانی لە (60) سەرووتر بێت كاندید بكرێت بۆ ئەنجامدانی خول و ڕاهێنان و بەشداری لە تاقیكردنەوە و چاوپێكەوتن، دواتریش كە دەرچوو بەشداری لە خولێكی سەركردایەتی كارگێڕیی پەروەردەیی بكات لە سەر كارامەییەكان و پلانی پەروەردەیی و كارگێڕی و سەركردایەتیكردنی پەروەردەیی و كارگێڕی، كە تێدا سەرجەم كارامەییەكان و بڕگەكانی سەركردایەتی تێدا بخوێنێت و بەرپرسیاریەتی كۆمەڵگە و پەروەردە هەڵبگرێ و، ببێتە كەسێكی سەركەوتوو لە كارگێڕیی پەروەردەیی و سەركردایەتی بەردەوام و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوایەتی و ستراتیژی و كە ئەو بابەتانە و چەندان بابەتی تری تایبەت بە كارگێڕیی قوتابخانە دەخوێنین و لە كۆتایی خولەكاندا بڕوانامەی بەشداری و سەركەوتن وەردەگرن، لە ماوەی خولەكەش لە شەش هەفتە و هەفتانە سێ‌ ڕۆژ كەمتر نەبێ، دەرچووانی ئەم خولانە بە بەڕێوەبەری كاریگەر بناسرێن و بەردەوام كاریگەری ئەرێنی و پەروەردەیی دروست بكەن لە سەر مامۆستا و قوتابیەكانیان كە ئەوەش دەبێتە بەرهەمێكی درێژخایەنی پەروەردەیی و نیشتمانی.

*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی