رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی پشووی قوتابخانەكان بۆ هەڵبژاردنەكان روونكردنەوە دەدات

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پشووی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان لەماوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، تا ئێستا بڕیاری كۆتایی بۆ پشووەكە نەدراوە.

سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە (كوردستان تیڤی) رایگەیاند: بۆ دیاریكردنی ماوەی پشوو لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەژێر لێكۆڵینەوەداین.

راشیگەیاند: تا ئێستا بە دروستی ماوەی پشووی قوتابخانەكان بۆ هەڵبژاردن دیاری نەكراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە رۆژانی داهاتوو ماوەی پشووەكە دیاری دەكەین.

بۆ پشووی قوتابخانەكان لە ماوەی هەڵبژاردندا، حكوومەتی عێراق ماوەی 9 رۆژ پشووی راگەیاندووە، لەمبارەیەوە سامان سیوەیلی گوتی: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە پشووی قوتابخانەكان بڕیاری تایبەت بە خۆمان دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختیشی كردەوە كە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزاری وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی ماوەی پشووی قوتابخانەكان دەدەن.

پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەفەرمی بڕیاری دابوو لە رۆژی 5ی مانگی داهاتوو تاكو 13ی مانگ لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە پارێزگاكانی عێراق پشووی فەرمی بێت بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.