سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگای نوێی گۆمەسپان–سماقوولی کردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و تێچووەکەی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەم پڕۆژەیە دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکوومەتە بە پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێم سەرەڕای فشارە ئابوورییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” بڵاوی کردەوە: دوای ساڵێک لە بەڵێن و کارکردنی بەردەوام، ڕێگای ستراتیجی دووسایدی (گۆمەسپان – سماقووڵی) بە گوژمەی 210 ملیار دینار کرایەوە. ئەم پڕۆژە پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئابووری و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، توانیوومانە زیاتر لە 5,000 کیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی دەرەوەی شارەکان دروست بکەین.
ڕێگای ستراتیژیی گۆمەسپان-سماقوولی لەلایەن گرووپی “هێمن گرووپ” جێبەجێ کراوە و کارێکی زۆری ویستووە، چونکە بە ناوچەیەکی شاخاویی سەختدا تێپەڕ دەبێت. بۆ دروستکردنی ئەم ڕێگایە، کارێکی ئەندازەیی گەورە ئەنجامدراوە کە بریتی بووە لە بڕین و لابردنی زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا لە بەرد.
ئەم ڕێگا گرنگە، کە بەشێکە لە ڕێگای هەولێر – سلێمانی لە دوو ساید پێکهاتووە، هەر سایدێکی 10 مەتر پانە و 6 پردی ژێرەوە و 3 پردی سەروو و 70 بۆری ئاوەڕۆی تێدایە. لە پڕۆژەکەدا زیاتر لە 300 هەزار تۆن قیر و بە کوالێتی بەرز بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە پتەوی و توانای بەرگەگرتنی کێشە جیاوازەکان و بەرگەگرتی کەشوهەوا.
ئەم ڕێگایە هەولێری پایتەخت بە چەندین شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش دەبەستێتەوە و بە تەنیشت بەنداوی گۆمەسپاندا تێپەڕ دەبێت. جگە لەوەش، هاتوچۆی نێوان سلێمانی و هەولێر ئاسانتر دەکات، بەمەش دەبێتە یەکێک لە دیارترین پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی

