سلێمان تاشان – ههولێر
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە هاوپەیمانێتییەکی گەورەی ناو ماڵی شیعەیە و لە ساڵی ٢٠٢١ەوە جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقی بەدەستەوە بووە لەبەردەم هەڵوەشانەوە و لێکترازانێکی گەورەدایە و ئەگەری زۆرە لە دوای هەڵبژاردنی یازدەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو هێزانە لە دەسەڵات دوور بکەونەوە کە دوو دەیە بوو فەرمانڕەواییان دەکرد و شیعەکان کە پێشتر بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوون ئەم جارە بەسەر گرووپ و هاوپەیانیی جیاوازتر دابەش ببن.
وەک ئاشکرایە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە عێراق لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندابوون و پارتی دەعوە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێبەریکردنی ناوماڵی شیعە لەدوای ڕزگارکردنی عێراق لە دەستی ڕژێمی بەعسدا هەبووە. تا هەڵبژاردنی خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بە بێ ویست و پلانی ئەو پارتە هیچ حکوومەتێک دانەمەزراوە هەر چەندە لە خولی ڕابردووش کاتێک توانی حکوومەت پێکبهێنێت کە هێزە دابڕاو و شکستخواردووەکانی خۆی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆ کردەوە و بەرانبەر ڕەوتێک وەستا کە بە ڕەوتی سەدر ناسرابوو و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کردبوو.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا موقتەدا سەدر توانی حەفتا و سێ کورسیی پەرلەمانی عێراق بباتەوە و ئەو مافە بۆ خۆی بە ڕەوا بزانێت کە بۆ دامەزراندنی یەکەم حکوومەت و کابینە لەدەرەوەی دەعوە هەنگاو بنێت بەڵام هەنگاوەکانی هەر لە دەستپێکەوە شکستیان هێنا.
ئەو لایەنەی حکوومەت و کابینە پێکدەهێنێت دەبێت لانی کەم دوو لەسەر سێی پەرلەمان ڕازی بکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەشداری بکەن و ڕەوتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و پاشان سەرۆک کۆمار بە بێ کێشە تێپەڕێنەت و پاشان خۆی بۆ دامەزراندنی کابینەی نوێ ڕاسپێردرێت.
رەوتی سەدر سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینە بوو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەڵام لەو هەنگاوانەیدا سەرکەوتوو نەبوو و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆربەی لایەنەکانی دیکەی شیعە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکی هاوبەش و پاراستنی هەژموونی ڕابردوویان، تێیدا کۆ ببوونەوە ڕێگەیان نەدا سەدر لەو هەنگاوانەیدا سەرکەوتوو بێت و زۆربەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان پەکخست و دواجار سەدر ناچار کرا لە پەرلەمان بکێشتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و کاتێک شوێنی ئەو پەرلەمانتارانە پڕ کرایەوە کە وازیان لە پەرلەمان هێناو بوونە زۆرینە و بە ئاسانی توانیان حکوومەت بۆ خولێکی تر بەدەستەوە بگرن.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕاستە لەبەرانبەر سەدر یەکیان گرت بەڵام خۆشیان ناکۆکیی قووڵیان هەبوو و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران ماوەیەکی زۆری خایاند و دوای دامەزراندنی کابینەش نەیانتوانی بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بن.
ناکۆکییەکانی ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر لە پێشکەشکردنی لیست و کاندید و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەدیار کەوت و ئەوان بە کۆمەڵێک لایەن و هاوپەیمانێتی جیاواز بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە و بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەکابەرییە گەورەکە لە نێو ماڵی شیعەدایە و سەدریش تا ئەم ساتە زیاتر چاودێر بووە بەسەر دۆخەکەدا و بە تەواوی دیار نییە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات یان داوا لە لایەنگرانی دەکات لە قازانجی لایەنێکدا بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
ئەو پێشبینییە لە ئارادایە کە سهرۆكایهتیى حكوومهتى نوێ له دهست سەرکردە و هێزە کۆن و کلاسیکەکانی شیعه دهربهێنرێت و پێکهاتەی شیعە لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر تووشی پەرتەوازەیی ببێتەوە .
محەمەد شیاع سوودانی وەک کەسایەتییەکی ناو گۆڕەپانی سیاسیی شیعە دوای خولێک لە سەرۆکایەتیی کابینە خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک لە ژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە هاتووەتە مەیدان و ڕەکابەریی هێزەکانی دیکەی ناو ماڵی شیعە بە بەشێک لە پێکهێنەرەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات هەرچەندە ژمارەیەک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی دوای خۆی خستووە و ڕەکابەرییە سەرەکییەکە لە نێوان نوری مالیکی ومحەمەد شیاع سوودانیدایە.
سەرکردە کۆن و بەهەژموونەکانی ڕابردووی ناو ماڵی شیعە ئەو ترسەیان لە محەمەد شیاع سوودانی هەیە دەنگەکان لە قازانجی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەوان بهێنرێت و سوودانی کە لە خولی ڕابردوودا هیچ فراکسیۆن و حزبێکی تایبەتی نەبوو، ئەم جارە بە پشتبەستن بە فراکسیۆنی پەرلەمانی و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی تر هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بنێت.
هەر دوێنێ ڕۆژنامەی ئەخباری لبنانی پەردەی لەسەر ململانێ و ڕەکابەریی توندی سوودانی و مالیکی هەڵماڵی و لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە قەیرانێکی نوێی سیاسی ناو ماڵی شیعە کرد.
دۆخی عێراق و ناوچەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گۆرانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و نەک خەڵکی عێراق بەڵکوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاویان لەوەیە لە عێراق حکوومەتێک دابمەزرێت کە هیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت نەک گرووپێکی تایبەتی ناو پێکهاتەیەکی دیاریکراو و بۆیەش چاوەڕوانی شتی نوێ دەکرێت.

