جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، ترسی خستووەتە سەر وڵاتانی ئەورووپا، بەوەی دوای ئۆکراینا نۆرەی ئەوانیش دێت و ڕووسیا پەلاماریان دەدات، بۆیە بەخۆیان كەوتوون و دەیانەوێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە خۆیان دەوڵەمەند بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پلانێكی تۆكمەیان داناوە و توركیاشیان خستووەتە ناو ئەو پلانەوە، بەڵام یۆنان دژی وەستاوەتەوە.
كارزان گلی – ههولێر
دوای ئەو جەنگە دەركەوت، وڵاتانی ئەورووپا بەو حاڵەی ئێستایانەوە لە ڕووی سەربازییەوە ناتوانن ڕووبەڕووی ڕووسیا ببنەوە، بەتایبەت سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ترسی خستە دڵیانەوە كاتێك گوتی ”ئامادە نین بێبەرامبەر پارێزگاری لە ئەورووپا بكەین“ ئەمە وای كرد وڵاتانی ئەورووپا بیریان لە پلانێك كردوە تا خۆیان لە غەزەبی ڕووسیا بپارێزن.
مێتە فدێریكسەن، سەرۆكوەزیرانی دانیمارك، دەڵێت لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بۆمان دەركەوت، ئەگەر بەناچاری ڕووسیا ڕانەگیرێت، ئەو وڵاتە بۆ خۆی بیر لە ڕاگرتنی خۆی ناكاتەوە و پەل دەهاوێت بۆ وڵاتانی تریش.
باسی لەوەش كرد، دەبێت وڵاتانی ئەورووپا بیر لە پلانێكی یەكگرتوو بكەنەوە بۆ ئەگەری پەلاماری ڕووسیا و ناچاریشین ئەو پلانە دابڕێژین.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە توركیا چۆن دەبێتە بەشێك لەو پلانە سەربازییەی وڵاتانی ئەورووپا؟ ئایە سەرەڕای ڤیتۆی یۆنان، وڵاتانی ئەورووپا توركیاش دەخەنە ناو ئەو پلانەوە؟
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لە ناتۆدا دوای ئەمریكا، توركیا دووەم هێزی هەرە گەورەیە و هەروەها خاوەنی پیشەسازییەكی گەورەی سەبازییە و ساڵ بە ساڵیش گەورەتر دەبێت، بۆیە پێگەی توركیا لە ڕووی سەربازییەوە گرنگە.
توركیا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە دروستكردنی درۆنی سەربازی و ناوی درۆنی توركیا ناوبانگی گەورەی پەیدا كردووە، تەنانەت شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربێجان، درۆنی توركیا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بینی، بەوەی بەشێكی زۆری ئەو درۆنانەی فرۆشتە ئازەربێجان و بەمەش شەڕ لە بەرژەوەندیی ئازەربێجان كۆتایی هات. هەروەها توركیا درۆنی سەربازی بە چەندین وڵات فرۆشتووە، یەكێك لەو وڵاتانە قەتەرە.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی (DW)ـی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسانی توركیا بەوڵاتانی ئەورووپایان گوتووە، ئامادەن هاوكارییان بكەن لە ڕووی سەربازییەوە، بەتایبەت پێفرۆشتنی درۆنی (بایراكتار). هەروەها توركیا دەڵێت ئەو درۆنە ئەوەندە كاریگەرە، چەند وڵاتێكی ئەورووپی داوایان كردووە و ئەوانیش پێیان فرۆشتوون.
ئاژانسی ناوبراو لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی باڵای توركیا بڵاوی كردووەتەوە، توركیا ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە پاراستنی وڵاتانی ئەورووپا لە ڕووی سەربازییەوە و توركیا بەر لەوان هەنگاوی ناوە، بەڵام پلانە سەربازییەكەی ئەورووپا زۆر لە درۆنی توركیا گەورەترە و ئەوان دەیانەوێت پلانێكی سەربازی گەورە دابنێن و بتوانن ڕووبەڕووی ڕووسیا ببنەوە.
یەكێتی ئەورووپا بڵاوی كردەوە، پاڵپشتی سەربازی بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەرز كراوەتەوە بۆ ١٥٠ملیار یۆرۆ، ئامانجیشیانە ئەو ڕێژەیە زیاتر بكەن.
ئەوەی بووەتە كێشە بۆ توركیا لە بەشداریپێكردنی لەو پلانە سەربازییەی یەكێتی ئەورووپا، یۆنانە و ئەوان بەڕوونی بە وڵاتانی ئەورووپایان گوتوە، نابێت توركیا لەو پلانە بەشدار بێت و لە ڕووی سەربازییەوە پاڵپشتی بكرێت و بەهێز بێت، چونكە دەبێتە مەترسی بۆ سەر یۆنان، بەڵام هیچ وڵاتێكی ئەورووپی بەئەرێنی وەڵامی یۆنانی نەداوەتەوە.
رەنگە یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئەورووپا دەستبەرداری توركیا نەبێت، ئەو پێگە جوگرافییە گرنگە بێت كە هەیەتی و ئەگەر پشتی تێ بكرێت، ڕەنگە بچێتە ناو هاوپەیمانی نێوان ڕووسیا و چینەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر وڵاتانی ئەورووپا دەبێت.

