رۆژنامەی ھەولێر

کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین: لەژێر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بەڕێوەدەبەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری لقی ڕاپەڕین زۆر باش بەڕێوەدەچێت و بەپێی ڕێنمایی سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام پڕۆسەکە بەردەوامە. دەشڵێ، ئەمجارە ڕێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن زیاتر دەبێت و خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایە پێویستە پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بھێنێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەزموونی خزمەتکردن بگوازرێتەوە بۆ ئەو سنوورە.

بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، گوتی: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ھەڵبژاردنێکی گرنگ دەزانین، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکاریەکمان کردووە، لە ھەموو ڕوویێکەوە ھەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی ھێمنانە و بە پێناسەکردنی دەستکەوتەکانی پارتی کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان ئاوەدانیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە دروستکردنی ڕێگەوبان، کارەبای ٢٤ کاتژمێری، دابینکردنی ئاو و بەنداو و شوێنە گەشتیارییەکان، لە داھاتووشدا زۆر پڕۆژەی دیکەی گرنگ و ستراتیژی لە بەرنامەدانە، بۆ ئەوەی بە خەڵکی خۆمان بڵێین لە ھەر کوێیەک پارتی لێ بێت ئاوەدانی لەوێیە، دەڤەری بیتوین و پشدەر پێویستی بە ڕۆڵی پارتییە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر تێدا بکرێت، بۆیە ئامادەکاریەکانی ئێمە لەو ڕوانگەوەیە، لەگەڵ تەرجومەیەکی جوان بۆ ئیش و کارەکانی حکوومەت و پڕۆژە و پلانەکانی خۆمان بکەین، ھەروەھا دەمانەوێت گرنگی پارتی بۆ خەڵک وا پیشان بدەین، بوونی پارتی لە بەغدا بۆ ئەوەیە وەرزی دوژمنایەتی کردنی دەستەڵاتی بەغدا لەسەر خەڵکی کوردستان ھەڵبگرین و کۆتایی بەو ماوەیە بھێنین کە ١٢ ساڵە ھەموو ھەڵسوکەوتێکیان دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆیە دەمانەوێت بەھێزەوە لە بەغدا بین بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو کەشە ناخۆشە بھێنین و قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکەین لە میانەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە عێراق ھەن، شتی باش ھەیە و دەتوانین ئەنجامی باش بەدەست بھێنین، خەڵک ئێستا لە کار و چالاکییەکانی پارتی زیاتر لە جاران تێگەیشتووە، جاران ئیرھابی فکری پارتییان وەکو دێوەزمێک پیشانی خەڵک دەدا، ئێستا کاریگەریەکانی کەمبوونەتەوە خەڵک لە ئیش و کارەکانی پارتی ڕازییە کە لەناو حکوومەت دەکرێن، خەڵکیش ئەو باوەڕەی بۆ دروست بووە کاری گەورە تەنیا بە پارتی دەکرێت، ئەوە گفتوگۆی خەڵکە لەگەڵ ئێمە کە سەردانی دەکەین، کە پێشتر ئامادە نەبوون قسەی لەسەر بکەن، بۆیە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایە دەرفەتی باش ھەیە، بۆ ئەوەی پارتی ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لەناو چین و توێژەکانی خەڵکی ڕاپەڕین ببینێت و لیستی ٢٧٥ ھەڵبژێرن و سەرکەوێت.
کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، دەشڵێ: بڕیارمان داوە بە ھێمنی بانگەشەی خۆمان بکەین، ھەروەھا پلانی تایبەت بە خۆمان ھەیە، نابێت ھیچ کەسێک لە ناوچەکە بمێنێت داوای لێ نەکەین بۆ ئەوەی ڕۆژی دەنگدان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکات و دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن، ھەر چەندە ھەندێک خروقات بەرامبەر بە پارتی و کاندیدەکانی کراوە، وێنە و پۆستەرەکانی پارتی و کاندیدەکان شێوێندراون، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی تا ئێستا بارودۆخەکە ئارامە و ھیچ شتێکی وا گەورە نەبووە کە لێی ناڕازی بین.
بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، زیاتر دەڵێ: زمانی زبر ئەدەب و کەلتوور و فەرھەنگی پارتی نییە، شەڕ و ئاژاوە لە بەرژەوەندی خۆمان نازانین، لە ھەمان کاتدا ھەموو خەڵکی کوردستان، بە خەڵکی خۆمان دەزانین، بۆیە دەمانەوێت ھەرچی بەرھەمی پارتییە، ھەروەھا خۆشی ھەیە لەژێر سایە و سێبەری پارتی ھەموو خەڵکی کوردستان بگرێتەوە، ئەوە پلان و ئایندەی پارتییە، بۆیە نامانەوێت ھیچ گرژیی و ئاژاوەیەک ڕووبدات، تەحەمولی زۆر شتیش دەکەین لە پێناو ئەوەی ئیستقراری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوچەکە جێگیر بێت.
کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، ئاشکراشی کرد: ئێستا زیاتر لە جاران خەڵک گوێ لە پارتی ڕادەگرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ھاووڵاتییانی سنوورەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ئەگەر پارتی لێرە بێت باشتر خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و ناوچەکە ئاوەدان دەکاتەوە، ھەروەھا پارتی لە بەغدا بێت زیاتر مافەکانی ئەوان بەدەست دێنێت، لەگەڵ ئەوەی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ھەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە بەغدا بە دەست ھاتوون، پارتی ھۆکار بووە، ئەگەر پارتی نەبێت نەک دەستکەوتیان نابێت، بەڵکو ئەو دەستکەوتانەی کە بە دەستھاتوون ئەوانیش لە دەست دەدەن، ئەوەش سەرەتای گۆڕانکاریەکی گەورەیە لە دەڤەرەکە لە بەرژەوەندی پارتی.
کرمانج عززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، گوتی: ڕێژەی دەنگدەری پارتی زۆر لە جاران باشتر دەبێت و سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک لەمەودوا بەشێوەیەکی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ پارتی بکەن، ئێمەش بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان داوە، ئەگەر گرێبەستی دەنگدان لەگەڵ پارتی بکەن پڕۆژەی ئاوەدانی بۆ دەڤەری ڕاپەڕین یەکجار زۆر گەورە بەڕێوەیە و وەکو ئیدارەی زاخۆ و سۆران بکەینە ناوچەیەکی جوان، چونکە ناوچەی ڕاپەڕین بە بەراورد لەگەڵ ئیدارەی سۆران بە ئەندازەیەکی یەکجار زۆر لە دواوەیە، ئەمە لە کاتێکدایە ناوچەکە زۆر شوێنی جوان و خۆشی ھەیە کە تا ئێستا خزمەت نەکراوە دەمانەوێت ئومێد بۆ گەنجەکانمان بگەڕێنینەوە و ژێرخانی ناوچەکە زیندوو بکەینەوە لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری، سەرمایەی مرۆیی زیاتر بخەینە کار و ھەلی کار زیاتر بڕەخسێنین، ئەگەر خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن ئەوە پلان و بەرنامەی ئێمەیە کە لە داھاتوودا بگەینینە ئیدارەی ڕاپەڕین، چونکە خەڵکی ڕاپەڕین شایستەی زۆر لەوە زیاترن کە لە ناوچەکە کراوە.