رۆژنامەی ھەولێر

بەگوژمەی ( 1 ملیار و 724 ملیۆن و 560 هەزار دینار ) بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ( قوتابخانەیەک و بنکەیەکی تەندروستی ) لە ( گوندی هەنارە و جمكە ) دانرا..

ئەمڕۆ شەممە 2025.10.18، لە ژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی24ی سەفین و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و حامد ئیسماعیل، قائیمقامی قەزایی پیرمام و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و ژمارەیەکی تر لەبەرپرسانی ئیداری و حزبی ناوچەكە، بە گوژەمەی ( 1 ملیار و 724 ملیۆن و 560 هەزار دینار ) لە سەر بودجەی سندووقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدرال، لە( گوندی هەنارە و جمكە ) بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ( بنکەیەکی تەندروستی و قوتابخانەیەک ) دانرا.

لە ڕێو رەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ” لە ماوەی رابردوودا، بە گوژمەی 12 ملیۆن دۆلار لە سندوقی پەرەپیدانی کۆمەڵایەتی ــ کە لەسەر بودجدی بانکی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت، ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون. كە بەشێكی تەواو بوونە و بەشێكیشیان لەژێر جێبەجێكردندان، هەروەها بە گوژمەی ( 50 ملیار و 750 ملیۆن دینار) پرۆژەی دروستکردنی 11 قوتابخانە و 7 بنکەی تەندروستی دەست بەدروستكردنیان كراوە كە یەكێك لەوانە قوتابخانەی گڕاوە كە دوای ئەو مەراسیمە دەكرێتەوە.

گوتیشی، ئەمڕۆش بەردی بناغەیەی ئەم پڕۆژەیە كە داندرا بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و بنکەیەکی تەندروستی كە پێویستی خەڵكە. هیودارین کۆمپانیای جێبەجێکار لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا بە کوالێتییەکی بەرز ئەو پرۆژانە تەواو بکات، كە لەلایەن تیمەكانی ئەندازیاری پارێزگای هەولێر و بەریوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت.

لە کۆتاییدا، وێڕای پیروزایی لە خەڵکی ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە، هیوای خواست دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستان بەهێزەوە بەرگری لەماف و شایستە داراییەكانی بكات و چی دیكە حكومەتی عێراقی زوڵ و ستەم لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكات، هەرچەندە سەرەرای ئەو دۆخە سەختە داراییەی لە ماوەی ڕابردوو كە هەبووە بەڵام بە ئیرادە و خۆراگری خەڵكی كوردستان و بەپلان و ستراتیژیەتی جەنابی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، نەك پڕۆژەكان نەوەستان بەڵكو پڕۆژەكان بوونە جێگەی دڵخۆشی هاوڵاتییان و لە سنووری پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ئەنجامدران. كە لەئێستادا لەشارەكانی دیكەی عێراقی بە نموونە باس لە پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش بۆتە فشار لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمان و ئەو بودجە زۆرەی كە لەبەردەستیانە، بەڵام نەیانتوانیوە ئاوڕ لەخواستی هاوڵاتییان بدەنەوە.