رۆژنامەی ھەولێر

ڕەشید ڕواندزی: پارتی بە دەنگی شۆڕش و گەل هاتووە و هەڵقوڵاوی ناخی میللەتە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لەگەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر لە سەرانسەری عێراق، شاعیر و ئەدیب و هونەرمەندان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەنگ بەو هێزە دەدەن، شۆڕش و بەرخۆدان و ڕووبارێک خوێن بووەتە ناونیشانی.

“ڕەشید ڕواندزی: وەک شاعیری پێشمەرگە بۆ “هەولێر” دەڵێت: پێشوازی لە هەر پرۆسەیەکی دیموکراسی دەکەین، کە خزمەت بەو نیشتمانە بکات، هەڵبژاردنیش باشترین میکانیزمە بۆ ئەوەی گەل بە ئەوپەڕی ئازادیی خۆی دەنگ بدات و لایەنێک هەڵبژێرێت، کە مێژوویەکی شکۆداری هەیه لە گشت قۆناغەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستان و بۆ خزمەتی میللەتەکەی لە تێکۆشان ناوەستێت.
گوتیشی: لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا وەک شاعیرێکی پێشمەرکە خوێندنەوەیەکم بۆ واقعی ئێستا و داهاتووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لەسەر ڕێچکەی شاعیرە مەزن و گەورەکان پێشووی خۆمدا هەنگاو دەنێم، به نموونەش “هێدی” و “هەژار”ـی شاعیر، بۆیە بەوپەڕی قەناعەتەوە دەنگ دەدەم بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی ٢٧٥ی ئەو هێزە نیشتمانپەروەرەی بووەتە زامنی مافەکانمان لە بەغدا ، چونکە پارتی حیزبێکی ڕەسەنە و خودان مێژووێکی پڕشنگدارە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و تاکە هێزیشە هەرگیز لە بەرپرسیاریەتی ڕاناکات و میللەتەکەی بە تەنیا لە میحنەت جێناهێڵێت، چونکە خۆی بە خاوەن دۆزی میللەت و خاک و نیشتمان دەزانێت و سروشتێکی جوانتریش هەیە لە پارتی و لە کەس و لایەنی دیکە نیە، کە هەرگیز لەبەردەم هەڕەشە و پەلاماردانی دوژمندا ناچەمێت و کەسیش ناتوانێت دەست لە پشتی ئەو هێزە و تەنیا خۆی بڕیاردەرە و یار و نەیاریش بە چاوی هاوڵاتی سەیر دەکات و هەمیشەش میهرەبانە لە بەرامبەر ئەوانەی ناو و ناتۆرە لەو هێزە دەنێنن و بە دروشمی بریقەدار دەیانەوێت مێژووی ئەو حیزبە بشێوێنن و ئەولەویەتی کارکردنی بۆ خزمەتی میللەت و پرسە نیشتمانیەکان و هیچ کات و ساتێکیش سازش لەسەر بستێکی خاک ناکات و بەڵێنی گەورە و قسەی بێکردار ناکات، بەڵکو کار و پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی خۆی دەکات.
دەشڵێت: پارتی هێزێکە خاوەن ئیراده و بەهێزه لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە ئەزموونێکی پڕ لە دەستکەوتی لە مێژوویی ئاوەدانیی و سەقامگیری و حوکمڕانییەکی تەندروست هەیە و خزمەتی ئەو هێزە شۆڕبووەتەوە نێو کایەکانی هونەر و ئاوەدانی و بیناکاریی و وڵاتێکی سیستماتیکی.
سەبارەت بە سەرکەوتنی پارتیش لەم پڕۆسەیەدا دەڵێم: پارتی بە دەنگی شۆڕش و گەل هاتووە و هەڵقوڵاوی ناخی میللەتێکی ستەمدیدە و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز و ڕێبازێکی پیرۆزە و کەسیش ناتوانێت بڵێت پارتی پیر بووە و ترسی لە هەڵبژاردنە، بۆیە بە شانازییەوە بە ڕیتم و شیعرێکی نوێوە و بەو دروشمەوە دەنگ بە لیستی ٢٧٥ـی پارتیمان دەدەم: (پێشڕەوی کورد پارتییه، سەرۆکمان بارزانییە).