ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
محەمەد عەبدولعەزیز برادۆستی، كاندیدی ژمارە (٢٧)ی لەسەر لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر، لە دیمانەكیدا لەگەڵ (هەولێر) رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە یەكبازنەیی هەڵبژاردن دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر دەكات، چونكە لە فرەبازنەییدا دەنگێكی زۆری پارتی بەهۆی سیستەمی سانتلیگۆ هەژمار نەكرا، بەڵام ئەم سیستەمەی هەمواركراوە لە بەرژەوەندیی ئەو پارتانەیە كە متمانەی گەورەی خەڵكیان لەگەڵدایە، (پارتی دیموكراتی كوردستان)یش كە چاوەڕوانكراوە لەسەر بنەمای دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە كرا و دەنگێكی زۆری هێنا، چاوەڕوانكراوە لەم هەڵبژاردنەشدا ژمارەی دەنگەكانی زۆر زیاتر بێت.
ئەو كاندیدەی پارتی گوتیشی: “پارتی خاوەنی پێگەیەكی گەورەی جەماوەرییە بەهۆی ئەو مێژووە پڕ شانازییەی هەیەتی و بەربژێرەكانیشی وا پەروەردە كردووە كە خۆیان بە خزمەتكاری خەڵكی كوردستان بزانن، لێرەوە من بەڵێنی گەورە نادەم، بەڵام دەڵێم هەوڵ دەدەم لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەی خەڵكدا بم، كار بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەم لە بەغدا.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو كاندیدەی پارتی گوتی: سەركردایەتیی سەرۆك مەسعوود بارزانی، نموونەیەكی ڕوونە لە پابەندی بە مافەكانی گەلی كوردستان. لە بەغدا و لە هەموو مەیدانێكی سیاسیدا، سەرۆك بارزانی هەرگیز سازشی لەسەر مافی گەلی كوردستان نەكردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێ پەیوەندییەكی هاوبەش و هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی فیدراڵی عێراقدا هەبێ. ئەم پەیوەندییەشی لەسەر بنەمای ڕێز و یاسا و پارێزگاری لە دەستووری عێراق بووە، بە جۆرێك كە مافەكانی هەموو لایەك بپارێزرێ. واتەكەی ئەوەیە كە كوردستان وەك هاوبەشێكی سیاسی و ئابووری بەهێز مامەڵە لەگەڵ بكرێت.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا ئەو گوتی: كاریگەرییە ئابوورییەكان و دابینكردنی پشكی بودجە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی نوێنەرانی كورد لە بەغدا، بەتایبەتی فراكسیۆنی پارتی، بریتییە لە كاركردن بۆ دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق. ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم هەیە، ساڵانێكە پارتی پارێزەری ئەو مافەیە و دواجار پارتی لە رێگەی دیپلۆماسیانەوە بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان ئەو كێشەیەی بە شێوەیەكی كاتی بنبڕ كردووە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یاسای نەوت و غاز بە تەواوی كۆتایی بەو پرسە بهێنێت.
لە كوتایشدا محەمەد عەبدولعەزیز برادۆستی گوتیشی چاومان لەوەیە ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو جاران بە قۆرساییەكی گەورە و بە ژمارەیەكی زۆرتری پەرلەمانتار بچێتەوە بەغدا، تا سەنگەری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و نەبەردی بەهێزتر بكرێت.

