رۆژنامەی ھەولێر

له‌ په‌رله‌مانی عێراق ناساندن بۆ ڕۆمانێك له‌باره‌ی خه‌باتی بارزانی نه‌مر كرا

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ “ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی نووسه‌ران و ڕۆشنبیران ڕۆمانی “آخر معارك الجنرال” له‌ نووسینی نووسه‌ر و ڕۆماننووسی كورد جان دۆست ناسێندرا.”

د.نه‌هله‌ ئه‌فه‌ندی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند “ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق و له‌ژێر چاودێری د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌ران، چالاكوانان و ڕۆشنبیران ڕۆمانی “آخر معارك الجنرال” له‌ نووسینی نووسه‌ری دیاری كورد جان دۆست ناسێندرا.

جان دۆست لەو ڕۆمانە باس له‌ خه‌باتی بارزانی نه‌مر ده‌كات له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ پانێڵێك له‌باره‌ی ژیان و خه‌باتی بارزانی نه‌مر به‌ڕێوه‌چوو.”

چالاکیەکە بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و دەزگای خێرخوازی بارزانی و دامەزراوەی کوردستان کرونیل بەڕێوەچوو.

د.نه‌هله‌ ئه‌فه‌ندی گوتیشی “ڕۆمانه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌ و تێیدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆڵ و خه‌باتی بارزانی نه‌مر، چونکە جگه‌ له‌ كورد بارزانی نه‌مر خه‌باتی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق كردووه‌، جان دۆستیش له‌ دووتوێی ڕۆمانه‌كه‌ی ڕۆڵ و كاریگه‌ری خه‌باتی بارزانی نه‌مری به‌رچاو گرتووه‌.”