دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕۆماننووس، سێ کتێبی تازەی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕۆماننووس و شاعیرە، لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و چیرۆک و ڕۆمان و فەلسەفە و دەنووسێت. تا ئێستا بیستوشەش کتێبی نووسیوە و، چواردەیانی لێ چاپ و بڵاو کردۆتەوە.
نووسەر سێ کتێبی بەمزوانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە و دەکەویتە بەردیدی خوینەران، کە پێک هاتوون لە کتێبی سەفەری نامەکان، کتێبێکی ئەرشیفی و 450 لاپەڕەییە، دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو پێشەکیی کتێبەکەی نووسیوە و پێداچوونەوەی بۆ کردووە. ئامانج بیلال کاوانی کاری هەڵەچنی تێدا کردووە. لە چاپخانەی ئیسرا لە وڵاتی ئێران چاپ دەكرێت.
کتێبی دووەمی بیرەوەرییە بەناوی پەڕینەوە بە قاچاغ، هەشتاوهەشت بەش و (330) لاپەڕەیە و لە چاپخانەی کارۆلی سلێمانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئەم کتێبەش باس لە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ڕێگەی سەختەکانی قاچاغ دەكات. سەرهاتەكانی دوو کۆچی جیاواز و دۆخی کۆچبەری لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2002 دەگێڕێتەوە. زرار سەرتاش و محەمەد مەلا ڕەحمان هەڵەچنیان کردووە.
کتێبی سێیەم قەسیدەیەکی شیعریی (50) لاپەڕەییە و لەبارەی پڕۆسەی ئەنفالەوە نووسراوە. لە پاڵ پێشەکیی کتێبەکەدا شاعیر تێکستەکەی پێشکەش بە داپیرە ئەنفالکراوەکەی ساڵی 1988 کردووە. لە چاپخانەی چوارچرا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
دڵشاد کاوانی ڕایگەیاند: لە کتێبی سەفەری نامەکانیدا نامە و ئەرشیفی سی ساڵی ڕابردووی ژیانی پاراستوون و سەرجەمی لە کتێبێکدا کۆ کردوونەتەوە و لەگەڵ پڕۆژە و پێشنیار و یادداشت و چالاکییەکانیدا لە کتێبیکدا خراونەتە ڕوو. نامەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگیلزی، و ئەڵمانین. خۆی 163 نامە و بەڵگەنامە دەبینێتەوە. 52 نامەی ئەدەبی و 23 نامەی کەسی و 2 نامەی سیاسی و یەک نامەی دڵداری و 16 یاداشتنامە و 14 پڕۆژە و پێشنیار و 55 نووسراوی فەرمی و لەگەڵ چەندین وێنە و بەڵگەنامە و دیکیۆمێنت، لە بواری ئەدەبی و هونەری و ڕۆژنامەنووسی و چالاکی ڕۆشنبیری و كاری ڕێکخراوەییە.
هەروەها کتێبی پەرینەوە بە قاچاغ. كتێبێكی بیرەوەرییە بە زمانێكی بەرزی ئەدەبی نووسراوە. لە پێشەكییەكی نووسەر و دوو بەشی سەرەكی و هەشتاوهەشت بەشی بچووك پێك هاتووە. باسی دۆخی كۆچبەری و باند و قاچاخچیەتیكردن بە مرۆڤ دەكات. یادداشت و بیرەوەی دوو گەشتی جیاوازی گەنجێكی تەمەن نۆزدە ساڵانی كوردە، لە ساڵانی كۆتایی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ـی سەدەی بیستەم. كاتێك لەبەر باردۆخە خراپەکەی ئەو كاتەی كوردستان، وەك هەر گەنجێكی دیكە، نووسەر بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێكی خۆش ڕوو لە تاراوگە دەكات. پەڕینەوە بە قاچاغ گێڕەرەوەی دەیان دیمەنی ناخهەژێنی گەنجانی كوردە و ڕووداوە جیاوازەكانیان دەگێڕیتەوە. چیرۆکەكانی پڕ لە نەهامەتی و ناسۆریی كۆچبەرانی كوردە بۆ ڕووكردنە ئەورووپا، لە ڕیگەی سنوورەكانی عێراق و ئێران. توركیا و یۆنان و بولگاریا. تێیدا گرتن و كوشتن و لاقە (دەستدرێژی) و مردن و خنكان لە دەریادا دەخاتە ڕوو.
دوایین کتێبیش قەسیدەی شیعرییە بە ناوی شەوە بیابانیەکانی لم. دڵشاد کاوانی بۆ ئەم مەبەستە گوتی: ئەم قەسیدەیەی شێوە و ڕێچکەی شیعرییەتی تایبەتە بە خۆی و بە هەست و قووڵایی ئەنفالدا ڕۆچووە، کە بۆ پیرێژنێکی کوردی سەرووی هەشتا ساڵانەوەی نووسیوە، کە ساڵی 1988 کەوتۆتە بەر شەپۆڵی ئەنفال، واتە (زەینەب حەمەدەمین)ـی داپیری. شایانی باسە قەسیدەی شەوە بیابانییەکانی لم براوەی خەڵاتی سێیەمی 27 فیستیڤاڵی گەلاوێژ بووە بۆ ساڵی 2024. دڵشاد کاونی لە کۆتاییدا ئەمەی خستە ڕوو: ئەم سێ بەرهەمەی زۆر لەلا تایبەتن، چونکە گەڕانەوەیە بۆ مێژوو و پڕۆسەی تۆمارکردن و خۆنووسینەوەی زیاتر لە سی ساڵی ڕابردووی ژیانیەتی. لە ڕێگەی بەرهەمەکانیەوە، دەرد و مەینەتی و چەوساندنەوەی گەلی کوردی خستۆتە ڕوو.
هەرسێ کتێبەکە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لە دووتوێی بەرگێکی جواندا دەکەونە بەر دەستی خوێنەران و دەخزێتە نیو کتێبخانەی کوردییەوە.

