عومەر چنگیانی
ئەم سەروبەندی ڕكابەری و كێشبڕكێی هەڵبژاردن و بگرە دەمارگیرییەی بۆ هەوڵی بەدەستنهێانی زۆرترین دەنگ بۆ چوونە نێو پەرلەمانی عێراق، لە سێی ئەم مانگی ئۆكتۆبەرەوە كەوتووینەتە ناوی، بۆم بووە پاڵپێوەنەرێكی بەهیز بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەم بابەتەی كە كاتی خۆی خەلەكی 105ی ئەم گوڵخەرمانەم بوو(1) و تێیدا گوتوومە: (ئەمڕۆ لەم ١٠٥ـەمین گوڵخەرمانەمدا، كە یەكەم دانەی ساڵی 2018ـی زایینیە و چوارەمین زنجیرەی “هەرجارەو ئایەتێك”ـە، دەرس و وانەیەكی سەخت دەخەمە بەردەمی بیر و هزری خۆمی بە ناو بانگەوازخواز و تۆی وەك من هاووڵاتی و ئەوی دەسەڵاتداری وا پێ خۆش بوو كە دیموكراسی و مرۆڤویست و یەكسانیپارێز و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و ئایینخوازی ڕاستەقینە خۆیەتی و وا خۆی نیشان دەدا، كە ئەوەیش شێوازی دەسەڵاتبەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژهەڵاتەی ئێمەن بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و مەزهەبە فرە و لێك جوداكانیانەوە.
وانەیەكە بۆ پاراستنی مافی بەرانبەری نەیار و ڕكابەر، هیوادارم لە خواوە فێری ببین .
بەڕێزان! هەر لە سوورەتی “بەقەرە”وە پێدا وەرە كە دووەم سوورەتی ١١٤ سوورەتەكەی قورئانی پڕ لە بەخششە، تا بە هەر جێگایەكی تری نێو قورئان دەگەیت، كاتێ بە ڕاستەو خۆ یان نا ڕاستەوخۆ باس لە ئافراندنی مرۆڤ دەكات و وێنای پڕ لە وانەی ساتەوەختی فەرماندەركردنی خواییمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە چۆن دەبوو سەرجەم فریشتەكان کڕنۆش ببەن بۆ ئادەم و لەوكاتەدا “ئیلیس”ی لە چینی فریشتە _ وەك هەندێك لە زانایان وای بۆ دەچن – یان ئەوی لە چینی جنۆكە _ وەك هەندێكی تر لە زانایان دەیڵێن، بە پاساوی ئەوەی كە ئەوی لە ئاور دروست بوو باشترە لە ئادەمی لە خاك دروستكراو، كە ئەم تێگەیشتنەی لەسەر بنەمای خۆ بە چاكتر زانین، سەرپێچیی پێ كرد و بڕیاریشی دا هێندەی لەتوانایدا بێت دژایەتیی ئەم بوونەوەرە نوێە واتە “ئادەم” و نەوەكانیشی بكات، كە ئەمەیش لە دەرەنجامی ئێرەیی و بە بیروهزری خۆ و لەخۆڕازیبوونی بێسنوور هاتە پێشەوە، جا وەك ئایەتەكان بۆمانی ڕوون دەكەنەوە، بە هیچ شێوەیەك ئەو ئیبلیسە ئەوەی نەشاردەوە كە بڵی چونكە پەروەرین ڕێزی زیاتری بۆ ئادەم داناوە و، ئەم بەو ڕێزە شایانترە، هەرچی لەتوانایدا بێت بۆ نەیارێتیی دەیكا و ئەنجامی دەدات “.
فەرموون با پێكەوە بچینە خزمەت ئایەتەكانی یانزە تا هەژدەی سوورەتی “ئەعراف” كە خوای گەورە ڕووی گوتاری دەكاتە ئێمەی مرۆڤ و دەفەرمێت:
“بەڕاستی ئێوەمان ئافراندان و وێنامان كێشان و پاشان بە فریشتەكانمان گوت هەمووتان کڕنۆش ببەن بۆ ئادەم؛ هەر هەموویان کڕنۆشیان برد ئیبلیس نەبێت كە یەكێك نەبوو لە کڕنۆش بەرەكان * خوا لێپرسی ڕێگر چی بوو لەبەردەمتدا كە من فەرمانم پێدایت بە کڕنۆش بردن و تۆ کڕنۆشت نەبرد؟ لەوەڵامدا گوتی: من لەو باشترم! منت لە ئاور دروستكردووە و ئەویشت لە قوڕ دروست كردووە * خوا فەرمووی لە وشوێن و پێگەی هەت بووە تا ئێستا و تیایدا بوویت دەركەوە و بێرە خوارەوە و هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نییە كە فیز زلی بكەیت تیایدا _ لە شوێن و پێگەكە _ دەركەوە تیایدا ئیتر تۆ یەكێكی لە شكستخواردوو و بێڕێزكراو و لووت سۆڵێنراوەكان * ئەویش وتی دەی دەرفەتم پێ بدە ئێستا هەموو تۆڵەیەكم لێ مەستێنە تا ئەو ڕۆژەی خەڵكەكە دوای مردنیان زیندوو دەكرێنەوە جارێكی تر * خوا پێی گوت: تۆ یەكێكی لە دوا خراوەكان * ئیبلیس وتی: چونكە منت ئاوا ڕسواكرد سوێندبێ لەسەر ڕێگا ڕاستەكەی تۆ بۆیان دابنیشم * پاشان لەبەردەم و پشت و لای ڕاست و لای چەپیان وایان لێ بكەم زۆرینەیان پێنەزان و ناشوكر بن بە تۆ و بە ناز و بەخششەكانت نەزانن، یاخود زۆرینەیان بە ناز و بەخششەكانی تۆ نازانن * وتی بڕۆ وەدەر كەوە بە ڕسوایی و تێکشكاوی و دۆزەخ پڕ دەكەم لە شوێنكەوتووەكانت، هەرهەمووتان “.
ئەم دانوستانە لە نێوان پەروەرین و ئیبلیسدا لە چەندین شوێنی تری نێو قورئان وەك لە ئایەتی ٦١ تا ٦٥ـی سوورەتی “ئیسرا”دا هاتووە و، لەوێدا باس لە تەواوی خۆنەناسییەكەی ئیبلیس دەكا و چۆن لە هەموو سنوورێكی ناحەزی و نەیاری تێدەپەڕێنێ و دەگاتە دڕینی پەردەی حەیا و شەرم.
كەچی لە بەرامبەردا وێڕای تووڕەییەكەی، خوا لەناوی نابات و، بگرە بڕیاری لەناوبردنیشی دەرناكا و نایتوێنێتەوە و بنبڕی ناكا و زیندانیشی ناكاو مافی دەداتێ زۆر بە ئازادانە لە ململانێكەیدا چەندی بیەوێت بەردەوام بێت و، دەرەنجام لای خوا بە تۆڵەی خۆی دەگات.
ئەوەی لەم وانەدا مەبەستم بوو بیر هێنانەوەی ئەم هەڵوێستە بوو، كە بۆ من و بۆ ئێوەی بەڕێزیش پرسیار ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن بڕوادار و لە لوتكەی دەسەڵاتدان، كە لەسەر ئایدیای جیاواز نەیارەكانیان نانبڕاو دەكەن و لە گرتووخانە توندیان دەكەن و مافی مرۆڤبوونیشیان پێ ڕەوا نابینن، چ وەڵامێكیان هەیە بۆ ئەم بابەتە و ئەم ئایەتانە؟
پەراوێز: (1)ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2757 لاپەڕە 9 سێ شەممە 2 ی 1 ی 2018 دا بڵاوم كردۆتەوە”.

