رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی نەبووەتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی چاوپێکەوتنێکی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک قەیران لەئارادا نییە و تەنیا باسی کەمبوونەوەی پشکی هەرێم لە سووتەمەنی بۆ ناوخۆ کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمدا دەکەن و جەختی کردەوە کە هەرێم بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە نەبووەتەوە و نابێتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە هەندێک کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا، بە شێوەیەکی ناپیشەیی و بە مەبەستی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

وەزارەت ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو کەناڵ و پەیجانە، دیدارێکی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن گواستوویانەتەوە و لە مانشێتی بابەتەکەیاندا باسیان لە “قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان” کردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزیری سامانە سروشتییەکان تەنیا باسی کەمبوونەوەی پشکی هەرێمی کردووە بۆ ناوخۆ. وەزارەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە بەنزین و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی. بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی قەیرانی سووتەمەنی نەکراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی نەبووەتەوە و نابێتەوە.