کوردستان یاسین
ئافرەتان لە سیاسەتدا تەنها وەک بەشداربوو دەرناکەون، بەڵکو وەک هێزێکی کارا لە زۆر لایەندا دەتوانن گۆڕانکاریی ئەرێنی دروست بکەن. یەکێک لەوانە بڵاوکردنەوەی ئاشتیخوازی و میانڕەوی سیاسی و دروستکردنی هاوسەنگییە؛ واتە لە هەبوونی لەمپەرە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ دەگێڕن و پرد دروست دەکەن.
بونیاد و تێڕوانینی ئافرەتان قووڵ و فراوانە، وە هێزێکی بێمەزندەیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی میانڕەوی لە نێو سیاسەت و ژینگەی دەوروبەریاندا. ئەوەش گەیەنەری ئەو ڕاستییەیە کە وشەی “هێز” هەموو کاتێک تەعبیر لە هێز و بازووی ماسولکە ناکات. ئەو هێزەی ئەمڕۆ شایستەی باسکردنە، هێزی ئافرەتە لە بڵاوکردنەوەی ئاشتیخوازیی سیاسی و تواناکانی لە بنبڕکردن و تەشەنەنەکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان.
لە بنەڕەتدا، هێز و مەیلی چارەسەری، وە شێواز و ڕێگەچارەی کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکان لای ئافرەتان سیاسییانە و ئاشتیخوازانەیە. ئەمە تایبەتمەندییەکی تایبەتی ئافرەتانە کە هەمیشە لە سیاسەتدا یارمەتیدەرن لە بڵاوکردنەوەی میانڕەوی، ئەمیش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دیالۆگ و گفتوگۆ لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکاندا.
زۆرێک لە ئافرەتە سیاسییەکان لە چارەسەرکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەکی سیاسیدا کەمتر بیر و هزریان بۆ ئەو شتانە دەچێت کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ تەشەنەکردنی شەڕ و کێشە، بەڵکو زیاتر هاندەرن بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، وە زمانی نەرمتر و کەمتر هێرشکارانە بەکاردەهێنن لە ناوبژیکردنیاندا. دەبینین لە دیبەیت و موناقەشە سیاسییەکاندا ئافرەتان شێوازێکی لێکچووی گفتوگۆیان هەیە؛ دیپلۆماسییانە پاڵپشتی چارەسەری ئاشتیخوازانە دەکەن و کەمترین جار هۆکارن بۆ دروستبوون و تەشەنەکردنی کێشەکان.
ئافرەتان زیاتر سەرنج دەدەن بە قووڵی و فراوانی بارودۆخەکان، شیکارییان دەکەن و بە کردەیی هەوڵدەدەن ڕۆڵی چارەسەری بگێڕن. لەم ڕۆڵانەیاندا ناوبژیوانانە پردسازی لە نێوان حزبە سیاسییە دژبەیەکەکان دەکەن و توانایەکی زۆریان هەیە لە دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی نێوان لایەنە جیاوازەکان.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، نموونەی واقیعی هەن کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن ئافرەتان هێزێکی نادیار و تایبەتمەندییان هەیە کە هەموو جیهان پێویستییەتی بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی جیهانی.
لە نێوان هاوبەشی و لێکترازاندا، ئافرەتانی سیاسی پاڵپشتی یەکگرتنەوە و هاوبەشیکردن دەکەن، وە لە دۆزەکانی نیشتمانی و نەتەوەییدا، ئافرەتان دەنگێکی یەکگرتوویان هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. لە کاتی قەیرانەکاندا و لە کاتی هاتنی داعشدا، ئافرەتانی کورد ڕۆڵی گرنگیان لە یەکگرتنەوەی ناوماڵی کوردی بینی، وە لە دۆزی پاراستنی کچە کوردە ئێزدییەکاندا، سەرەڕای هەر بیروڕایەکی سیاسی، یەکدەنگییان نواند. بۆ پشتیوانی کۆچبەران و قوربانییانی شەڕ، زۆرێک لە ئافرەتانی سیاسی سەرووی سنووری حزبی کاریان کردووە.
لە کۆتاییدا، میانڕەویی سیاسی و ئاشتیخوازی تەنها بە قسە و بیرۆکە نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە دەرفەت و بەشداریی ڕاستەقینەیە. ئەگەر بەڕاستی بەهای ئەم تایبەتمەندییانە بزانین کە ئافرەتان بۆ سیاسەت دەیهێنن، دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێبدرێت، لە لیستی حزبەکاندا شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت، دەرگا بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی ئافرەتان بەشێک بێت لە بڕیارە چارەنووسسازەکان. چونکە میانڕەوی سیاسی تەنها لە دەستی پیاوان نایەتە ئاکام، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری و دونیابینی هەردوو ڕەگەزەکە هەیە.

