رۆژنامەی ھەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان پایەیەکی جێگیر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمدا

لیا سەیفەدین
لە تێروانینێکی قووڵی سیاسییەوە، ناتوانرێت گرنگی و ڕۆڵی پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق بە کاریگەر و گرنگ سەیر نەکرێت. پ.د.ک، وەک هێزێکی ڕیشەدار و خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژ لە خەبات، توانیویەتی ببێتە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی پڕۆسەی سیاسی، بە تایبەت لە پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.

لە بەغدا: هاوسەنگکەر و پارێزەری مافەکان
بوونی پ.د.ک لە بەغدا تەنها بەشدارییەکی ڕەمزی نییە، بەڵکو بوونێکی کارا و ستراتیژییە. نوێنەرانی پ.د.ک لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵدا، بەردەوام کار بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەکانی فیدراڵیزم و هاوبەشیی ڕاستەقینە دەکەن. ئەوان نەک تەنها داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافە دەستوورییەکانی هەرێمن – لە بودجە و نەوتەوە تا پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان – بەڵکو وەک هێزێکی میانڕەویش دەردەکەون کە هەوڵ بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و ڕێککەوتن دەدەن لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا.
ڕۆڵی پ.د.ک لە بەغدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی سیاسیی عێراق هەیە. ئەوان بە درێژایی ساڵان توانیویانە لە کاتی قەیرانەکاندا وەک فاکتەرێکی ئارامکەرەوە و چارەسەر دەرکەون، بەتایبەت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند. ئەمەش نیشانەی شارەزایی سیاسی و تێگەیشتنی قووڵی سەرکردایەتییەکەیەتی بۆ ئاڵۆزییەکانی گۆڕەپانەکە. بێگومان، هەر غیابێکی پ.د.ک لە بەغدا، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی کورد و تەنانەت سەقامگیریی گشتیی عێراقیش هەبێت، چونکە بەشێکی گرنگ بووە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی.

لە کوردستان: بونیادنەر و پارێزەری دەسکەوتەکان
لە هەرێمی کوردستاندا، پ.د.ک تەنها حزبێک نییە، بەڵکو مێژوویەکی هاوبەشی لەگەڵ دروستبوون و بونیادنانی دامودەزگاکانی هەرێمدا هەیە. لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، پ.د.ک ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە بنیاتنانی ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێم، پەرەپێدانی ئابووری، و پاراستنی سەقامگیری.
پ.د.ک وەک گەورەترین حزب لە هەرێمدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کوردی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان. سەرکردایەتیی پ.د.ک بە دیدێکی دووربینییەوە، کار بۆ بەهێزکردنی دامودەزگا حکومییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری دەکات، ئەمەش لە پێناوی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان. هەروەها، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، پ.د.ک توانیویەتی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهاندا دروست بکات، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە، وەک هێزێکی میانڕەو و ستراتیژی، قورساییەکی گەورەی هەیە چ لە بەغدا بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان و دروستکردنی هاوسەنگی، چ لە کوردستان بۆ بونیادنان و پاراستنی دەسکەوتەکان. بێ ئەم هێزە، هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم ڕووبەڕووی بۆشاییەکی گەورە و نادیارییەکی زیاتر دەبنەوە. سەرکردایەتیی پ.د.ک بە پشتبەستن بە مێژوو و ئەزموونی خەبات، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیکردنی پڕۆژەی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.