رۆژنامەی ھەولێر

هەشت پڕۆژەی نوێ، ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد و سی و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابین دەکەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سلێمانی هاوشێوی هەولێری پایتەخت دەبێتە خاوەن پڕۆژەیەکی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەم شارە کە بەدەستی کەمیی ئاو دەیانناڵاند، بەیەکجاری لە کێشەی کەمیی ئاو ڕزگاریان دەبێت و لانی کەم تا چارەگە سەدەیەکی تر کۆتایی بە هەر جۆرە کێشەیەکی ئاوی خواردنەوە لەو شارە دێت. لە شەش ساڵی ڕابردوودا لانی کەم هەشت پڕۆژەی پێوەندیدار بە ئاوی خواردنەوە جێبەجێ کراون یان لە جێبەجێکردندان کە بەیەکەوە دەتوانن ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد و سی و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابین بکەن.

رۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی یەکەم لە ڕێوڕەسمێکدا گرێبەستی جێبەجێکردنی هێڵی سێیەمی پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای هابیکا واژۆ کرا. پڕۆژەکە بە گوژمەی چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشتسەد و نەوەد هەزار دۆلار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێ . بە جێبەجێکردنی ڕۆژانە چوارسەد و هەشتا هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی سلێمانی دابین دەکرێت.
ئاوی پڕۆژەکە لە زێی بچووک دابین دەکرێ و جگە لە وێستگەی وەرگرتنی ئاو، وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاو، دوو وێستگە بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتیی ئاو بنیات دەنرێن و دواتر دوو هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو لە دووکانەوە بۆ سلێمانی بە درێژیی سەد و دوازدە کیلۆمەتر ڕادەکێشرێن.
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکێکی تر لە پڕۆژە زۆر ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێکتەری ئاو، حکوومەت هەر ئێستا لە هەولێر خەریکی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی کۆتایی و تەواوکاریی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێرە کە کۆتایی بە کێشەکانی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر هێناوە و ئەو پڕۆژەیەش هەولێری لانی کەم تا چارەگە سەدەیەکی تر لە هەر جۆرە کێشەیەکی ئاو بێخەم کردووە.
پڕۆژە نوێیەکانی پێوەندیدار بە ئاو لە کوردستان کە زۆربەیان تەواو بوون وهەندێکیان لە جێبەجێکردندان و بەو پڕۆژەیەش بەردی بناغەی دانرا بەیەکەوە دەتوانن ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد و سی و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەم بهێنن.
گەورەترینی ئەو پڕۆژانە بریتییە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر کە توانای بەرهەمهێنانی چوارسەد و هەشتا هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە و پڕۆژەکە بە گوژمەی حەوتسەد و بیست ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە هەر لە سەرەتای هاوین تەواو کرا و قۆناغی دووەمیشی خەریکە تەواو دەکرێت.
ئەو پڕۆژەیە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێری لە کەمئاوی ڕزگار کرد خەڵک لە سایەی پڕۆژەکە حەساونەتەوە و بە یەکجاری کۆتایی بە قەیرانی ئاوی خواردنەوە هێنراوە. پڕۆژەکە تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرجەم پێداویستییەکانی هەولێر بە ئاوی خواردنەوە دابین دەکات و بە هۆیەوە سەتان بیر دادەخرێن و پشووەک بە سامانی ئاوی ژێر زەوی دەدرێت.
شەش پڕۆژەی تر جێبەجێ کراون یان لە جێبەجێکردندان کە چواریان هەر کامێکیان توانای بەرهەمهێنانی حەفتا و دوو هەزار مەتر سێجا ئاویان لە ڕۆژێکدا هەیە، لەوانەش پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کە بە گوژمەی دووسەد و بیست و دوو ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە.
پڕۆژەی ئاوی فایدە لە دهۆک بە گوژمەی پەنجا ملیار دینار تەواو کراوە، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی چل و یەک ملیار و سەد ملیۆن دینار زیاتر لە نیوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە، پڕۆژەی ئاوی ڕانیە-چوارقوڕنە-حاجیاوە بە گوژمەی سی وشەش ملیار و حەوتسەد ملیۆن دینار پڕۆژەیەکی ترە کە هێندەی نەماوە تەواو بکرێت.
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ بە توانای بەرهەمهێنانی شەست هەزار مەتر سێجا و بە گوژمەی سەد و یەک ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە و هاوکات پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە توانای بەرهەمهێنانی بیست و چوار هەزار مەتر سێجا و بە گوژمەی بیست و پێنج ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە.
ئاو لە گرنگترین و سەرەکیترین پێداویستی ژیان و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانی کوردستانە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو پڕۆژە ستراتیجییانە جگە لەوەی کە خەمێکی گەورەی لەکۆڵ خۆی و خەڵک کردووەتەوە لە هەمان کاتدا هەناسەیەکیشی بە سامانی ئاوی ژێر زەوی بەخشیوە چونکە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدا ژمارەیەکی زۆری بیری ئاو بە یەکجاری دادەخرێن.