حەمەسەعید حەسەن
ده‌توانین گاڵته‌ئامێزانه، خه‌م و ناسۆره‌کانمان ده‌رببڕین، ئاخر دیوارێک نییه، کۆمیدیا له تراژیدیا جیا بکاته‌وه. ده‌شێت له هه‌موو ده‌قێکی گاڵته‌جاڕیدا، شتێک له تراژیدیایش هه‌بێت. له‌و به‌رهه‌مانه‌یشدا که له خانه‌ی تراژیدیادا پۆلێن ده‌کرێن، که‌م و زۆر کۆمیدیا هه‌یه. ده‌شێت به کاریکاتێر که ده‌که‌وێته بواری کۆمیدیاوه، خه‌مه‌کانمان نمایش بکه‌ین و به بایاندا بده‌ین. کۆمیدیایش وه‌ک تراژیدیا هه‌ر له شانۆدا قه‌تیس نابێت، ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ناو سینه‌ما، ڕۆمان و شیعریش.
کۆمیدیا به سوود وه‌رگرتن له قۆشمه، توێکاری بۆ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات، به‌ڵام قۆشمه ته‌نیا له پێناوی قۆشمه‌دا، نا، به‌ڵکوو قۆشمه‌یه‌ک که ئامانجدار و هه‌ڵگری مانای قووڵ بێت، ئاخر ئه‌گه‌ر کۆمیدیا داکۆکی له به‌هایه‌کی جوان نه‌کات، یان به گژ ڕه‌وشێکی دزێودا نه‌چێته‌وه، ده‌بێته جۆرێک له سووکایه‌تی به خه‌ڵک و به خۆ کردن. کۆمیدیا که هانا بۆ جۆکیش ده‌بات، به مه‌به‌ستی ورووژاندنی پێکه‌نین نییه و به‌س، به‌ڵکوو بۆ ڕه‌خنه‌گرتنه له ڕه‌وتاری چینێک یان توێژێکی کۆمه‌ڵ و ده‌شێت ڕه‌خنه‌گرتنه‌که توند یان هێمن بێت، وه‌لێ له هه‌ر دوو باره‌که‌دا، پێویسته هونه‌ری بێت.
کۆمیدیا ئه‌گه‌ر له سه‌نگه‌ری هه‌ژاران و پشتگوێخراواندا نه‌بێت، ئامانج ناپێکێت. ئه‌گه‌ر به گژ ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ئه‌وانه‌دا نه‌چێته‌وه که ئینسانبوونی خۆیان له ده‌ست داوه، ده‌بێته گه‌مه‌کردن به ئاوه‌زی خه‌ڵک. (تیری کۆمیدیا ڕووی له سینگی، نه‌فسنزمان، دووڕووان، بیرته‌سکان و بیر به به‌ردبووانه، ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئینسان شێواون و کار له‌سه‌ر شێواندنی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن.)(1) نووسه‌ری کۆمیدیا هه‌میشه داکۆکی له تاک و توێژ و چینه سته‌ملێکراوه‌کان ده‌کات و هه‌رگیز ژن، که‌مینه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی ناداته به‌ر پلار.
نووسه‌ری کۆمیدیا، پشتیگیری له واقیعی باو ناکات، خه‌ون به واقعێکی گه‌شتره‌وه ده‌بینێت، ئاخر سه‌ر به ئاینده‌یه، نه‌ک ڕابردوو، بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌ک جێپێی چینایه‌تی و خانه‌واده، سه‌ر به خانه‌دانه‌کانیش بێت، هه‌ر له خزمه‌تی خه‌ڵکه ده‌ستکورته ساده‌که‌دا ده‌بێت و له‌بری ئه‌وه‌ی به دوای به‌رژه‌وندیی خۆیدا وێڵ بێت، بۆ ئه‌وانه له بۆسه‌دا ده‌بێت، ته‌نیا بیر له قازانجی خۆیان ده‌که‌نه‌وه و به‌رانبه‌ر به سه‌رده‌مه‌که‌ی و ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی کۆمه‌ڵ به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنیت، خۆی به به‌رپرس ده‌زانێت.
ئه‌وه کۆمیدیا نییه، به زمانێکی زبری جنێوئامێز په‌لاماری که‌سایه‌تییه‌ک بدرێت، یان که‌موکووڕییه جه‌سته‌یییه‌کان و لایه‌نه ته‌واو تایبه‌تییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێک، بکرێنه که‌ره‌سه‌ی پێکه‌نین. ئه‌وی له بواری کۆمیدیادا ده‌نووسێت، ناچێت خۆی بکاته لێبۆکێک که ئامانجی ته‌نیا وه‌پێکه‌نینهێنانی وه‌رگر بێت، پێکه‌نینێک به‌رهه‌م ده‌هێنێت، سوودی بۆ خه‌ڵک و زیانی بۆ ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار پێیه و که به (ته‌وس)یشه‌وه ده‌نووسێت، ڕێساکانی گه‌مه‌که ڕه‌چاو ده‌کات و له سه‌نگه‌ری دژایه‌تیکردنێکی ئەم یان ئەو کەسایەتییە‌وه ناپه‌یڤێت.

