ئارام كۆشكی – سلێمانی
هونەر هەمیشە شتێک زیاترە لەوەی چاوی هەموان دەیبینن و دڵی هەموان هەستی پێ دەکەن. هونەر ئەو زیادەیەیە، کە ڕوانین و هزرمان پێویستیەتی و ئەو زیادی دەکات. ئەوەی کارێکی هونەری و ئەدەبی لە کاریی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەو زیادەیەیە، کە بۆ وشیاریی ئێمە دەبێتە خاڵێکی جیاواز و ئەمەش جیاوازی لە بوون و ژیانماندا دروست دەکات.
لێرەدا نامەوێت بچمە نێو ڕوانینی فەلسەفییەوە بۆ هونەر و ئەوە بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرم، بەڵام تەنها دەمەوێت باس لە چیەتیی هونەر بکەم؟ ئایا ئەوەی کارێک دەکاتە کارێکی هونەری چییە؟ بۆ هەموو کارکردنێک لەنێو دنیای هونەردا نابێتە کاری هونەریی؟
یەکەمین بنەمای هەر کارێک بۆ ئەوەی بچێتە چوارچێوەیەکی هونەرییەوە، دەبێت کارێکی جیاواز و داهێنەرانە بێت. هەر کارێک جیاواز و داهێنەرانە نەبێت نابێتە جێگە سەرنج و وەکو کارێکی هونەریی ئەژمار ناکرێت، چونکە جەوهەری کاری هونەریی شوکهێنەر بوونە. هونەر ئەکتێکی شۆکهێنەرە و بەبێ ئەمە ناتوانرێت باس لە کاری هونەری بکرێت.
ئەگەر بەسەرنجێکی خێرا سەیری شاکارە هونەرییەکانی جیهان بکەین لە هەموو کایە هونەرییەکاندا، دەبینین ئەو کارە هونەرییانەی کە شۆکهێنەرن، ئەوانە دەبنە ناسنامەی ئەو هونەرمەند و نووسەرە. بۆ نموونە تابلۆی “مونالیزا و دواشێوی مەسیح” ناسنامەی جیهانی لیۆناردۆ داڤینشییە، یان تابلۆی “جێڕنیکا”ی پیکاسۆ، کە تایبەتە بەجەنگی ئیسپانیا لە ناودارترین کارەکانییەتی. سەمفۆنیای ژمارە 12ی بتهۆڤن، کە ناسراوترین شاکاری ئەو موزیککارەیە، یان پەیکەری “بیرکردنەوە”ی ڕۆدان. ئەمانە ناسنامەی سەرەکی و جیهانی ئەم هونەرمەندانەن.
لەنێو کایەی نووسینشدا هەمان ڕێسا بەردەستە و بەوشێوەیە کار دەکات. بۆ نموونە ئەدەبی گێڕانەوە لای مارکیز لە “سەد ساڵ تەنیایی”دا درەوشایەوە و ئەو ڕۆمانە بووە ناسنامەی ئەو ڕۆماننووسە و بە خەڵاتی نۆبڵی گەیاند. لای ماریۆ بارگاس یۆسا “شەڕی ئاخر زەمان” ئەو درەوشانەوەیەی بەدەرکەوت و ئەویش گەیشتە خەڵاتی نۆبڵ. ئێرنست هەمەنگوای بەهۆی ڕۆمانی “پیرەمێرد و زەریا”وە گەیشتە خەڵاتی نۆبڵ و هەر ئەو کارەش بووە ناودارترین کاری ئەو نووسەرە. لای بۆرخیس کتێبی “ئەلف”ی بووە درەوشاوەترین کار و لای دۆستۆیڤسکی “تاوان و سزا و برایانی کارامازۆف” و لای تۆڵستۆی “شەڕ و ئاشتی و ئانا کارنینا لە ڕیزی پێشەوەی کارە گرنگەکانی ئەو نووسەرانە ئەژمار دەکرێن. هەرچۆن لای فلۆبێر “مادام بۆڤاری” و لای نەجیب مەحفوز “کوڕانی گەڕەک” و زافۆن “سێبەری با” بووە ناسنامەی جیهانی ئەم نووسەرانە. ئەم نموونانە و سەدان نموونەی دیکە لە کایە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەردا دەبینینەوە، کە تەنها ئەو کارە هونەری و ئەدەبیانە دەبنە ناسنامەی جیهانی ئەو نووسەرانە، کە شۆکهێنەرن.
دەشێ ئێستا بپرسین ئەم درەوشانەوە و بەناوبانگبوونانە لەپای چییە؟ هەموو کارێکی هونەری ئەگەر تێپەڕاندن و داهێنان و تایبەتمەندییەکی جیاوازنووسین و جیاوازبیرکردنەوە و ڕیسکی تێدا نەبێت، نابێتە تێکستێکی نەمر و هەمیشە زیندوو. ڕەنگە تێکستێک کە هەڵگری ئەو تایبەتمەندیانە نەبێت ماوەیەک ناودار بێت، بەڵام ئەمە کاتییە و هەمیشەیی نییە. ڕیسک و شەڕی داهێنەرە ڕاستەقینەکان بۆ ئەوەیە، کە کارە ئەدەبی و هونەرییەکانیان بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە.
لێرەوە دەتوانین بڵێین هونەر و ئەدەبی ڕاستەقینە ئەو هونەر و ئەدەبەیە، کە شۆکهێنەرە و خوێنەر و بینەر و بیسەر سەرسام دەکات، بەڵام سەرسامییەک بە کۆمەڵێک ئایدیای نوێوە، نەک سەرسامییەک لە بیابانی هیچ نەگوتندا، چونکە هەموو جیاوازبوونێک مەرج نییە داهێنان بێت و هەموو شۆکهێنەربوونێکیش مەرج نییە فیکر لە پشتییەوە ئامادەیی هەبێت. بۆیە تەنها ئەو کارە هونەریی و ئەدەبیانە دەبنە داهێنان، کە لەپێشت هەر وشە و دێڕێکەوە وشیاری و داهێنان و جیاوازی و سەرسامی وەستاوە.
لێرەوەیە کە زۆرجار ترس لە کایەی ئەدەبی و هونەری هەیە و وەکو چەکێکی کاریگەر سەیر دەکرێت. ئەمەش لە سیستمە داخراو و کۆنخوازەکاندا دەیبینین کە ترسێکی قووڵیان هەیە لە هونەر و ئەدەب و، دەترسن لەوێوە درز بکەوێتە نێو سیستمە کۆنخوازییەکەیانەوە. بەڵام هونەرێک درز دروستکەر نەبێت، ئەدەبێک نەتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی فاشیزم و جۆرەکانی پیشان بدات هیچ بەهایەکی ئەوتۆی هونەری و ئەدەبیی نییە. ئەگەر لە ڕووی تەکنیکی و زمانیشەوە زۆر باڵا بێت، بەڵام ناتوانێت نەمر و سەرکەوتوو بێت.

