ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
خۆراك ڕۆڵیكی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی بەرگریی جەستەدا؛ بە تایبەت خانمان لە ڕێگەی خۆراكەوە دەتوانن ڕێگە لە شێرپەنجەی مەمك بگرن.
د. ژیان خەلیل مەحموود پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک باشترین خۆراکەکان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک دەخاتە ڕوو.
د. ژیان خەلیل دەڵێت، لە شێرپەنجەی مەمکدا، خانەکانی مەمک بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست و لە دەرەوەی کۆنترۆڵ جەستەی مرۆڤدا زیاد دەکەن، لە هەردوو ڕەگەزی ژنان و پیاوانیشدا پەیدا دەبێت، بەڵام زۆرینەی تووشیارانی ئەم نەخۆشییە خانمانن، ئەگەربێتو شێرپەنجەی مەمک چارەسەر نەکرێت ئەو خانانەی بە خانەی شێرپەنجەیی ناسراون دەگوازرێنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش، تەندروستیی نەخۆشەکە لە بارێکی جیگیرەوە بەرەو بارێکی ناجێگیر دەبەن؛ باشترین خۆراک بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، ئەمانەن:
یەکەم: سەوزە و میوە
لە تویژینەوەیەکدا دەرکەوتوە خواردنی میوە و سەوزە، سەدا ١٥ ئەگەری شیرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە، باشرینیان بریتین لە برۆکلی، بێری و، قۆخ.
دووەم: ڕیشاڵ و دژەئۆکسان
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ و دژە ئۆکسانن، باشترینن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، بەرگیری دەکەن لە گەشەکردنی خانە شیرپەنجەییەکان، کە لە سپێناغ، گێزەر، مۆز، پرتەقاڵ، گوێز، چوکلێتە ڕەشە و، شلک (فراولە)دا هەیە.
سێیەم: چەوریی بەسوود
خواردنی چەور دەبێتە هۆی قەڵەوی و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، بەڵام هەندێک خۆراک هەیە کە چەورییەکی بێوەی و چاکیان تێدایە و دژی شێرپەنجەن؛ وەکو: زەیتی زەیتون، ئەڤۆکادۆ، گوڵەبەرۆژە، شەوچەرە (چەرەزات)، ماسیی سەلەمون.
چوارەم: ڤیتامینەکان، بەتایبەتی ڤیتامین دی
هۆکارن بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەکان، بە ڕێژەیەکی زۆر مەترسیی تووشبوون کەم دەکاتەوە؛ لە زەردێنەی هێلکە، جگەری گا، ماسیی تۆنە و، پەنیردا هەیە.

