رۆژنامەی ھەولێر

لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی پارکێک لە هەڵەبجە دروست دەکرێت

وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتییانی هەڵەبجەی شەهید و لەسەر ئەرکی جەنابیان پارکێکی شایستە لە هەڵەبجە دروست دەکرێت.

بە پێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە لە ڕێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەم دەرچووە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە، لە پێناو بەرژوەندیی گشتی و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە، پارکێک دروست دەکرێت.

لە نووسراوەکەدا داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بۆ دروستکردنی پارکێکی شایستە لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی، لە سنووری هەڵەبجە، ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەرد و بۆ ئەم مەبەستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاو و ئامادەکردنی دیزاین و دەرخستەی پێویستی پڕۆژەکە.