رۆژنامەی ھەولێر

رزگاركردنی هەولێر لە بێئاوی دەستكەوتێكە مێژوو دەینووسێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی داگیركردنی هەولێر لەلایەن سوپای هۆلاكۆوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد هەولێر خۆی بەدەستەوە بدات دوای ٩ مانگ گەمارۆدانی هەولێر، بێئاوی هەولێر بووە لە وەرزی هاویندا، واتە سوپای هۆلاكۆ چاوەڕێی كردووە تا هاوین بێت و پاشان هەولێر بێئاو دەبێت و ناتوانن بەرگری بكەن، هەرواش بوو و بێئاوی هەولێری ناچار كرد خۆی بەدەستەوە بدات، بۆیە هەولێر مێژوویەكی زۆر تاڵی لە بێئاوی هەیە، بەڵام كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەولێری لە بێئاوی رزگار كرد.

هەموو ساڵێك لە وەزری هاویندا هەولێر بێئاو دەبوو و خەڵك لەبەر بێئاوی دەهاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، حكوومەت بیری لەوە نەكردووە لە رێگەی تانكەری ئاوەوە ئاوی پاك بۆ خەڵك دابین بكات، چونكە چارەسەرێكی كاتی و ناژیرانەیە، بەڵكوو بیری لەوە كردووە بەشێوەیەكی یەكجارەكی هەولێر لە بێئاوی رزگار بكات، ئەویش پڕۆژە زەبەڵاحەكەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر بوو.پڕۆژەكە ئەوەندە بە پەلە و كوالێتییەكی بەرز ئەنجامدرا، میدیاكانی توركیا باسیان دەكرد و بەپڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی ناویان هێنا، هەروەها لە میدیاكانی عێراقەوە بە گرنگییەوە باسیان كرد و چەند میدیاكارێكیان داوایان لە حكوومەتی عێراق كرد، سوود لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەغدا و بەسرە لە بێئاوی رزگار بكەن.
سەركردەی خزمەتكاری گەل، هەمیشە بیر لە پڕۆژەی ستراتیژ و گەورە دەكاتەوە، پڕۆژەی ئاوی خێرای هەولێریش یەكێكە لەو پڕۆژانە، كە مێژوو دەینووسێتەوە و لەبیری ناكات.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردبوو، ئاكەپە لە هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە سەركەوتوو بێت و بەتەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، پرۆژە ستراتیژییەكانی ئەو پارتە بوو بۆ تەواوی توركیا؛ نموونە: دروستكردنی ژێرخانی رێگاوبان و تونێل و راكێشانی میترۆ و دانانی كارگەی گەورە و دەیان پڕۆژەی تر؛ دەنگدەر دەنگ بە پڕۆژە دەدات، دەنگ بەو پارتە دەدات كە خزمەت دەكات.
چەند گەنجێكی هەولێری كە حەزیان نەكرد ناویان بڵاو بكرێتەوە و سەر بە پارتێكی سیاسین، بە ڕوونی گوتیان لەم هەڵبژاردنە دەنگ بە پارتی دەدەین، چونكە راستگۆ بوون لەگەڵ خەڵك و بەرنامەكەیان، ئەوان توانییان هەولێر لە بێئاوی رزگار بكەن، بۆیە گرنگ نییە سەر بە چی پارتێكی سیاسی بیت، گرنگ ئەوەیە بە ویژدانەوە بچیتە سەر سندوقی دەنگدان، كێ خزمەت دەكات دەنگ بەو پارتە بدەیت.
هیتیتەكان زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ حوكمی ناوچەی ئەنادۆڵیان كردووە، لەبەر بێئاوی و وشكەساڵی، ئیمپراتۆرییەتەكەیان رووخا، چونكە برسیەتی رووی تێ كردن و نەیانتوانی بەبێ ئاو بژین و بمێننەوە؛ بێئاوی ئیمپراتۆریەتێك لەناو دەبات.
توركەكان لەبەر بێئاوی، لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتنە ناوچەی ئەنادۆڵ و گرێبەستیان لەگەڵ كورددا كرد بەوەی رێگەیان بدەن لە خاكی ئەواندا بمێننەوە و كاری كشتوكاڵی بكەن، پاشان ئیمپراتۆریەتێكیان دروست كرد و خاكی كوردیان داگیر كرد و كردیان بە هی خۆیان.
كابینەی ئەمجارەی حكوومەت، بەدڵنیاییەوە ئەزموونی لە مێژوو وەرگرتووە و دەزانێت ئەگەر هەولێر هەروا بێئاو بایە، دوور نەبوو كۆچ دەست پێ بكات و خەڵكەكەی وەكوو هیتیتەكان لەبەر بێئاوی شارەكەیان جێ بهێڵن، بەڵام بەو پرۆژە گەورەیە، هەولێری لە جیهاندا ناساند و بۆ ٥٠ ساڵ شارەكەی لە بێئاوی رزگار كرد، ئەمەش دەستكەوتێكە نەوەكانی داهاتوو سوودی لێ دەبینن و شانازی دەكەن حكوومەتی ئێستا، بیری لەوانیش كردووەتەوە.
دەبێت بزانین، دژمن هەمیشە ئەو سەركردەیە دەكاتە ئامانج كە خەمی وڵات و گەلەكەیەتی و خۆشەویستە لایان و دەیەوێت لەبەر چاوی گەلەكەی بچووكی بكاتەوە، بەڵام كام سەركردە ئاستی بەرز نییە و هیچی پێ نییە بۆ میللەتەكەی، دێت لەبەر چاوی گەلەكەی گەورەی دەكات و دەیكات بە فریادەڕس. بۆیە دەبێت گەلی كورد وریا بێت و بزانێت كێ لە خەمی وڵات و گەلەكەیەتی، پشتكیری لەو بكات و لە پشتیەوە بێت، نەكەوێتە ناو تەڵەی نەیارانەوە.