ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی پیشەسازی دوای دوو هەفتە لە بڕیاری كشانەوە لە خولی نایابی كوردستان پەشیمان دەبنەوە و ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رەزامەندی بدەن ئامادەن بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بكەن.
كارگێری یانەی پیشەسازی لە رۆژی 23ـی مانگی رابردوو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی دا رایانگەیاند بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن بەشداریی لە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بكەن، جەختیان لەوەش كردەوە هیچ لایەك ئامادەنەبوونە پاڵپشتی دارایی یانەكە بكەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رۆژی دووشەممەی رابردووی وەكو دوایین وادە بۆ سەرجەم یانەكانی خولی نایابی كوردستان دیاری كرد بوو بۆ ئەوەی ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن یەكلایی بكەنەوە، پیشەسازی یەكێك بوو لەو یانانەی سوور بوو لەسەر ئەوەی ناتوانێت بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست بەشداریی لە خولەكە بكات.
لە بەرامبەردا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان هەفتەی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی یانەكانی هەڵۆ، برایەتی و پیشەسازی پەسەند كرد و رایگەیاند وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بە بەشداریی 11 یانە بەڕێوە دەچێت.
یانەی پیشەسازی بودجەی بۆ بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان بۆ دابینكراوە و ئامادەن بەشداریی لە خولەكە بكەن و چاوەڕێی رەزامەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دەكەن بۆ بەشداریی لە خولەكە بكەن.
یانەی پیشەسازی لە 2006 دامەزراوە و 19 ساڵە لە چالاكییە وەرزشییەكانی بەردەوامە، لە نێوان ساڵانی 2022 تا 2024 بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت قۆناغەكانی خولی پلەدوو و پلەیەكی بڕی و بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوت، پیشەسازی وەرزی رابردوو بە زەحمەت مانەوەیان لە خولەكە مسۆگەر كرد و لە ریزبەندی یازدەیەمین كۆتایی بە وەرزەكە هێنا.
خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 بە بەشداریی 11 یانە بەشێوازی خول و بە دوو قۆناغ (چوون و هاتن) بەڕێوە دەچێت، یەك یانە بۆ خولی پلەیەكی كوردستان دادەبەزێت، ریزبەندی دەیەمی خولی نایابی كوردستان لە یاریی پلەی ئۆف لەگەڵ پێنجەمی خولی پلەیەكی كوردستان یاریی دەكات و براوەیان لە خولی نایاب یاریی دەكات، لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیار درا چوار یانە لە خولی پلەیەكی كوردستان بۆ خولی نایابی كوردستان سەربكەون، جگە لەوەش سەرجەم ئەو یاریزانانەی كە یانەكانیان لە خولی نایابی کوردستان کشاونەتەوە ئازاد دەكرێن و بەبێ مافی دەستبەرداربوون دەتوانن پەیوەندی بە هەر یانەیەک بکەن کە بیانەوێت.
بڕیارە لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە یاریی كۆتایی جامی سووپەری كوردستان لەنێوان هەندرێن و شێروانە لە یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی نەورۆز بەڕێوە بچێت، لە بەرامبەر خولی نایابی كوردستان لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە دەست پێ دەكات، یانە بەشداربووەكان پێكهاتوون لە: (سیروانی نوێ، قەڵادزێ، رانیە، چوارقوڕنە، هەندرێن، ئاكرێ، دەربەندیخان، رزگاری، زاخۆ، شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر).

