ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2025، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، زانکۆکەیان توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەدەستبهێنێتەوە و بەمەش ئەو بەڵێنەیان بردووەتەسەر کە ساڵی ڕابردوو دابوویان.
لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کرا: “ساڵی ڕابردوو ڕامانگەیاند کە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەسەر ئاستی عێراق بووەتە یەکەم. بەڵێنماندا لەو ئاستەدا بمێنینەوە و ئەو بەڵێنەشمان جێبەجێ کردووە.”
سەرۆکایەتی زانکۆ ڕوونیکردەوە کە ڕانکینگ پرۆژەیەکی گرنگە و زانکۆکانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام هەندێک ڕیزبەندیی نێودەوڵەتی وەک “تایمز هایەر ئێجوکەیشن”، “کیو ئێس” و “شانگهای” هەن کە بەهۆی پێوەرە قورس و ئاڵۆزەکانیانەوە، بەشداریکردن تێیاندا ئاسان نییە.
هۆکاری سەرکەوتنی زانکۆی سلێمانی لە چوونە نێو ئەم ڕیزبەندییە گرنگانە، بۆ دامەزراندنی “بەڕێوەبەرایەتیی ڕانکینگ” دەگەڕێتەوە، کە وەک یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کاری گرنگی ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی زانکۆی سلێمانی لە ڕیزبەندییە باوەڕپێکراوەکاندا، لەوانەش “تایمز هایەر ئێجوکەیشن”، پێگەی خۆی بەهێز بکات.

