هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بۆ ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان دەکات بەبۆنەوەی دانانەوەی وەک ڕابەڕی بزووتنەوەکە.

سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان کرد بەبۆنەی دانانەوەی وەک ڕابەری گشتیی بزووتنەوەکە و هیوای خواست فرەلایەنی و تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قووڵتر ببێت.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێز شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان

بەبۆنەی دانانەوەی بەڕێزتان وەك ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان و سەركەوتنی دوانزەهەمین كۆنگرەی حزبەكەتان، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

بەو هیوایەی فرەلایەنی و تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قووڵتر ببێت و هەموو لایەك لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا بین و بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانیش لە ئەرك و چالاكییەكانیدا سەركەوتوو بێت.

مەسعود بارزانی

6ـی شوباتی 2022